هەندرێن و شێروانە پێش دەستپێکی وەرزی نوێ یاریی جامی سوپەری کوردستان ئەنجام دەدەن

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

ئەم وەرزە بە بەشداری ٣٠ یانەی پلە نایابەکان و پلە یەکەکان قۆناغی یەکەمی جامی هەڕێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە یاری کۆتایی جامەکەدا کە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەچوو، هەندرێن بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە زاخۆی بردەوە و بۆ جاری دووەم لەسەر یەک بووە پاڵەوانی جامەکە.

هەندرێن بووە پاڵەوانی جامی کوردستان
لە یاریی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان هەندرێن لە زاخۆی بردەوە و بۆ جاری دووەم لەسەریەک توانی ببێتە پاڵەوان.
یارییەکە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەڕێوە چوو، لە ئەسیستێکی سەرهەد حوسێن لە دوایین خولەکی نیوەی یەکەمدا، شادومان سەباح بە شێوازێکی هونەریی جوان گۆڵی یەکەمی بۆ هەندرێن تۆمار کرد.
لە نیوەی دووەمدا زاخۆ هەوڵی راستکردنەوەی ئەنجامەکەیدا، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەکان لە خولەکی ٦٧ سەنگەر عەبدولکەریم کاپتنی هەندرێن کە لە نیوەی دووەمدا بەشداریکرد، لە ڕێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی دووەمی تۆمار کرد، هەرچەندە لە کۆتا خولەکدا زاخۆ لێدانی سزای بۆ هەژمارکرا، بەڵام شڤان جەمیل لێدانی سزاکەی لەدەستدا و نەیتوانی ئەنجامەکە کەم بکاتەوە و هەندرێن بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە و بۆ دووەم وەرز لەسەریەک بووە پاڵەوانی جامی کوردستان، یاریزانی زاخۆ گیلێرمی سانتۆس بە تۆمار کردنی چوار گۆڵ بووە گۆڵکاری خولەکە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا ئەم وەرزە بەشداریکردن لە جامی کوردستان بۆ یانەکانی پلە نایاب و پلە یەکەکان ئیجباری بێت و هەموو یانەکان بەشداری بکەن، ئەم وەرزە جامەکە جیاواز بوو، ٣٠ یانە بەشداریان کرد بوو، لە قۆناغی یەکەم یانەکان بەشێوازی ناوچەی جوگرافی دابەش کرا بوون و بە شێوازی دەرچوون بە یەک دۆڕان یاریان کرد، ١٥ یانە گەیشتنە قۆناغی دووەم و جارێکی تر تیروپشکیان بۆ ئەنجامدرا.
لە قۆناغی پێش کۆتایدا یانەی زاخۆ بە چوار گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی کفری بردەوە و هەندرێنیش بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر سەرکەوت بەسەر یانەی ئاکرێدا.
بڕیار وایە بەر لە دەسپێکی یارییەکانی وەرزی داهاتوو یاری جامی سوپەری کوردستان لە نێوان هەندرێنی پاڵەوانی جام و شێروانەی پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان ئەنجام بدرێت.

مێژووی جامی کوردستان
ئەگەرچی خولی نایابی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەڵام هەموو وەرزەکان جامی هەرێمی کوردستان و جامی سوپەری کوردستان بەڕێوەنەچووە، تا ئێستا تەنیا شەش جار جامی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و چوار جاریش جامی سوپەر ئەنجامدراوە، پاڵەوانەکانی جامی کوردستان بەمشێوەیە بوون، وەرزی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ یانەی ئارارات بووە پاڵەوان، دواتر جارێکی تر لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ جامەکە بەڕێوەچوو یانەی زاخۆ لەسەر دەستی سلێمان ڕەمەزان بووە پاڵەوان، وەرزی ٢٠١٢-٢٠١٣ سێیەم وەشانی جامەکە ئەنجامدرا و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بووە پاڵەوان، دوای ئەو وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤ بۆ چوارەم جار جامەکە بەڕێوەچوو تیایدا یانەی زێرەڤانی توانی ببێتە پاڵەوان، دواتر تا وەرزی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ جامەکە بەڕێوەنەچوو تیایدا یانەی برایەتی توانی ببێتە پاڵەوان، وەرزی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە شەشەمین وەشانی جامەکە قەڵغانی جامەکەی بەرزکردەوە، وەرزی ڕابردوویش یانەی هەندرێن دوای بردنەوەی لە یانەی ئاکرێ بووە پاڵەوانی جامەکە، لە وەشانی هەشتەمیشدا ئەم وەرزە هەندڕن جارێکی تر لەسەر حسابی زاخۆ توانی بۆ جاری دووەم جامەکە بەرز بکاتەوە، پاڵەوانانی جامی سوپەریش تا ئێستا هەریەک لە یانەکانی، ساڵی ٢٠٢١ یانەی برایەتی بووە پاڵەوان، وەرزی ٢٠٢٢ یانەی شێروانە بووە پاڵەوان ساڵێک دوای ئەو یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوان، وەرزەی ڕابردویش یانەی ئاکرێ توانی ببێتە پاڵەوان، یانەی سیروانی نوێ تاکە یانەیە دوو جار لە یاری سوپەری کوردستان لە ساڵەکانی ٢٠٢١، ٢٠٢٢ تووشی شکت بووە، بەرانبەر بە یانەکانی برایەتی و شێروانە.