یەكەم ئەركی ئەلۆنزۆ لەگەڵ ریاڵ مەدرید دیاری دەكرێ

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئەشرەف حەكیمی، خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی لە فەرەنسا بردەوە
ئەستێرەی مەغریبیی بەرگریكاری ڕاستی یانەی پاریس سان جێرمان، ئەشرەف حەكیمی، خەڵاتێكی تایبەتی لە فەرەنسا بردەوە.
دوێنێ دووشەممە 12/5/2025، ئەشرەف حەكیمی، خەڵاتی مارك ڤیڤیان فۆی، بۆ باشترین یاریزانی خولی فەرەنسای بردەوە و بەسەر ئیڤان جیساندی ئیڤواریی هێرشبەری یانەی نیس و حەبیب دیارای یاریزانی سەنیگالیی ناوەڕاستی یانەی ستراسبۆرگدا سەركەوت.
حەكیمی بووە چوارەمین یاریزانی مەغریبی كە ئەو خەڵاتە دەباتەوە (لە دوای مەروان شەماخ، یوونس بلهندە و سوفیان بۆفال)، ئەو خەڵاتە ئێزگەی فەرەنسیی نێودەوڵەتی و كەناڵی فرانس 24 پێشكەشی دەكا،
هەروەها ئەو یاریزانە بووە یەكەم یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمان، كە لە ساڵی 2009ـەوە هیچ یاریزانێكی ئەو یانەیە بەدەستی نەهێناوە و بووە دووەم بەرگریكاریش كە خەڵاتەكە دەباتەوە لە دوای چانسێل مبێمبای كۆنگۆیی كە لە سێ ساڵی ڕابردوودا خەڵاتەكەیان بردووەتەوە.
حەكیمی دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە، ڕایگەیاند: زۆر دڵخۆش و ئاسوودەم و شانازی دەكەم بە بردنەوەی ئەو خەڵاتە، هیوادارم دەستكەوتی زیاترم هەبێت و بچمە ریزی یاریزانە گەورەكانەوە.

دەشڵێ: خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزم بە بەخشندەیی و باشیی یانەی پاریس سان جێرمان وەرگرت، هیوادارم لە پێشكەشكردنی ئاستی باش بەردەوام بین، كاروانەكەم گەشە پێ بدرێ، كە پێشتر لە ئینتەر میلان، دۆرتمۆند و ریاڵ مەدرید و دواتر خیتافی بوو.
دەشڵێ: هەست بە ئاسوودەییەكی زۆر دەكەم، خۆشم بۆ یاریی كۆتایی جامی فەرەنسا و یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا ئامادە دەكەم و هیوادارم هەردوو جامەكە ببەینەوە.

یەكەم ئەركی ئەلۆنزۆ لەگەڵ ریاڵ مەدرید دیاری دەكرێ
ڕاپۆرتی مێدیایی ئیسپانی باسی لەوە كردووە كە دوای ئەوەی چابی ئەلۆنزۆ ڕایگەیاند یانەی بایەر لیڤەركوزن جێ دەهێڵێ، ئێستە دەركەوتووە ئەركەكەی وەكوو راهێنەری ریاڵ مەدرید دەست پێ دەكات.
یانەی ریاڵ مەدرید، بە فەرمی باسی لەوە نەكردووە كە ئەلۆنزۆ بووبێتە راهێنەریان، بەڵام راپۆرتە مێدیاییەكان دووپاتیان كردووەتەوە ڕێككەوتنی كۆتایی لە نێوان هەردوولادا كراوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: چابی ئەلۆنزۆ لە یەكی مانگی حوەزیرانەوە دەست بە راهێنەرایەتیی یانەی ریاڵ مەدرید دەكات.
ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەو كاتە، واتەی ئەوەیە ئەركی فەرمیی راهێنەرایەتیی ئەو لەگەڵ ریاڵ مەدرید دەست پێ دەكات و مۆندیالی یانەكانیش ئەو راهێنەر دەبێت، كە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێوە دەچێ.
دەشڵێ: بەم شێوەیە، ئەگەری بوونە راهێنەری سانتیاگۆ سۆلاری بە تەواوی دوور دەبێ، كە كاتێكی پێشتر پێشنیاز كرابوو ئەو لە مۆندیال راهێنەری ریاڵ مەدرید بێ
دەشڵێ: چابی ئەلۆنزۆ، بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەست لەگەڵ ریاڵ مەدرید دەكا و یەكسەر پڕۆژەكەی دەست پێ دەكا، ئەمە واتەی رۆیشتنی كارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری ئیتاڵی دێت.
دەشڵێ: لەگەڵ گەیشتنی چابی و بوونە راهێنەری ریاڵ مەدرید، گرێبەست لەگەڵ سێ یاریزان دەكات، یەكەمیان ترێنت ئەلێكسەندەر ئەرنۆڵدە.
رۆژنامەی ئاس باسی لەوەش كردووە: دوو یاریزانەكەی دیكە لە هەردوو هێڵی بەرگریی چەپ و دڵی بەرگری دەبێ، كە ریاڵ مەدرید زۆری پێویستە.
پەیوەست بە بۆندی ئەرنۆڵدەوە، پێشتر ترێنت ئەلێكسەندەر ئەرنۆڵد بە شێوەیەكی فەرمی ڕایگەیاند، كە لە كۆتایی وەرزدا یانەی لیڤەرپوول جێ دەهێڵێ، چەندان ڕاپۆرتیش باسیان لەوە كردووە بە بۆندێكی خۆڕایی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید گرێبەستی كردووە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی ریاڵ مەدرید بڕەپارەیەك لە نێوان 1.5 تا 2 ملیۆن یۆرۆ دەدات، تا بتوانێ لە مۆندیالی یانەكانیش بەشداریی پێ بكات و یاریی بۆ لیڤەرپوول نەكات.
بەرگریكاری ئینگلیزیی یانەی لیڤەرپوول ترێنت ئەلێكسەندەر ئەرنۆڵدی 26 ساڵان، گرێبەستەكەی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كۆتایی دەهات، بۆیە بەبێ هیچ بڕەپارەیەك دەچێتە یانەی دڵخوازی خۆی، كە پێدەچێ یانەی ریاڵ مەدرید بێت.
یانەی ریاڵ مەدرید، ئەم وەرزە بە دۆخێكی نالەباردا تێدەپەڕێ و لە هەموو ناسناوەكان بێبەش بووە، لە جامی شا بەرانبەر بەرشلۆنە دۆڕا و جامی سوپەری ئیسپانیاشی بەرانبەر هەمان یانە دۆڕاند. لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپاش لەسەر دەستی ئارسناڵ دوور خرایەوە. دوو یارییەكەی هاتن و چوونی كلاسیكۆشی لە خولی ئیسپانیا بە بەرشلۆنەی ڕكەبەری دێڕینی دۆڕاند، هەموو ئەوانە وای كرد یانەكە بیر لە گۆڕینی راهێنەر بكەنەوە و بە ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا، ئەنچیلۆتی لە یانەكە بڕوات و راهێنەرێكی دیكە شوێنی بگرێتەوە. تا ئێستە ئەوەی دەگوترێ لەگەڵ ئەلۆنزۆ گەیشتووەتە ڕێككەوتن، بەڵام بە فەرمی ڕانەگەیاندراوە.
یانەی ریاڵ مەدرید دەیەوێ جامی مۆندیالی یانەكان بباتەوە و بیكاتە یەكەم وێستگەی تێپەڕاندنی قۆناغی سەخت و باری دەروونی ئاڵۆزی ئەم وەرزەی ئێستە دەیگوزەرێنێ.