بەردەرەش بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

بەبەشداری ٢٠ یانەی یارییەکانی قۆناغی یەکەمی وەرزی نوێی خولی یانەی پلە دووەکانی کوردستان کۆتایی هات و یانەی بەردەرەش لە یاری کۆتایی خولەکە لە یانەی شێخانی بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە و گەیشتە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، لە یاری دێربی ڕاپەڕینیشدا حاجیاوا لە سەنگەسەری بردەوە و لە پێناو بلیتی دووەم یاری لەگەڵ شێخان دەکات.

بەردەرەش بووە پاڵەوانی خولەکە
بە گوێرەی شێوازی خولەکە بۆ ئەم وەرزەی خولی یانەی پلە دووەکانی کوردستان ئەو ٢٠ یانەیە دابەش کرابون بەسەر دوو کۆمەڵەدا و هەر کۆمەڵەیەی ١٠ یانە لە خۆ گرتبوو، یارییەکان بە یەک قۆناغ بەڕێوەچوون، خاوەنی پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە کە یانەکانی بەردەرەش لە کۆمەڵەی یەکەم و یانەی شێخان لە کۆمەڵەی دووەم بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە خۆیان گەیاندە یاری کۆتایی خولەکە و بەردرەش بووە پاڵەوانی خولی یانەی پلە دووەکان بۆ وەرزی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ و ڕاستەوخۆ گەیشتە ڕیزی یانە پلە یەکەکان بۆ وەرزی داهاتوو، بەردەرەش لە یاری کۆتایدا بە گۆڵێکی ئەیهاب مەحمود یارییەکەی بردەوە، دۆڕاوی ئەو یاریەیش کە یانەی شێخانە ڕووبەڕووی یانەی حاجیاوا دەبێتەوە کە ئەمەی دووەمیان بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک سەرکەوت بەسەر یانەی سەنگەسەردا و براوەی ئەو یاریەیش وەک یانەی دووەم دەگاتە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.
یارییەکانی ئەم وەرزە هەر پێنج ڕۆژ جارێک گەڕێکی یارییەکان بەڕێوەچوون،
یانەکانیش لە قۆناغی یەکەمدا بەمشێوەیە دابەشکرابوون: – کۆمەڵەی یەکەم: خەڵاتی پێنجوێن، مەخموور، سەنگەسەر، هەریر، شارەزوور، خانەقین، شیلادزێ، سنوور، ئاسۆ، بەردەڕەش، کۆمەڵەی دووەم: بروسک، خەبات، حاجیاوا، بەختیاری، خەلیفان، باوەنوور، باتیڤا، هەڵەبجەی شەهید، پەروەردە، شێخان.
ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
١- سوهراب داود – یانەی سەنگەسەر ١٥ گۆڵ
٢- جۆسۆن ئۆپۆنگ ئۆسۆ– یانەی حاجیاوا ١٠ گۆڵ
٣- حەسەن فەلاح – یانەی ئاسۆ ٥ گۆڵ
٤- سالار دیدار – یانەی مەخموور ٥ گۆڵ
٥- دەشتی کازم – یانەی ئاسۆ ٥ گۆڵ
٦- ماتیاس سەباح – یانەی شێخان ٥ گۆڵ
٧- عەبدول مونعیم ئەحمەد – یانەی شێخان ٥ گۆڵ
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەم یانەکانی هەریر و خەڵاتی پێنجوێن لە کۆمەڵەی یەکەم و باونوور و خەبات لە کۆمەڵەی دووەم دابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە سێیەکانی کوردستان، ئەمساڵ لە ناوەراستی مانگی حوزەیران هاوشانی چەند یانەیەکی تر بەشداری خولی یانە پلە سێیەکان دەکەن.