بارزان ئەکرەم – هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، لە گەڕی 33 خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەلێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی دیالە و نەورۆزیش میوانداریی یانەی نەفت دەکات، رۆژی سێشەممەش یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆی میوانداریی حدوود دەکات، لە دوایین یاریی یانە کوردستانییەکان چوارشەممە دهۆک لە یاریگەی خۆی یاریی لەگەڵ تەڵەبە دەکات.
یانەی هەولێر ئەرکی ئاسان نییە
ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر(6:00)ی ئێوارە یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی دیالە، سەمیر بابۆی راهێنەر لە دۆخێکی باشدایە، دوو یاریی رابردوو بردنەوەی تۆمار کردووە، بۆیە تا ڕاددەیەك بەبێ فشار یاری دەکات، سەرجەم یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە ئامادەن.
سەمیر بابۆ، لە دوو یاریی رابردوو بە یاریزانی لاو یاریی کردووە، بەڵام ئاستی مستەفا قابیل لەو دوو یارییە زۆر باش بووە، بەشێکی زۆر لە هاندەران پێیان وایە باشترین یاریزانی ئێستای یانەی هەولێرە.
یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ لە دوای 31 یاری، لە خانەی سێزدەیەم دێت، ئەگەر ئەم یارییە بباتەوە ئەگەری هەیە بگاتە خانەی دەیەم.
یانەی دیالە رکابەری ئەم یارییەی هەولێر جەنگ لەسەر مانەوە دەکات، لەچەند یاریی رابردوو ئاستی زۆر باش بووە، بۆیە ئەرکی هەولێر زەحمەتە 28خاڵیان هەیە و لە خانەی حەڤدەیەم دێن.
یانەی نەورۆز میوانداریی نەفت دەکات
یانەی نەورۆز لە لە سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر (8:30)ی ئێوارە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی نەفت دەکات، نەورۆز گەڕی رابردوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی توانی بە گۆڵێکی مەروان حوسێن لە یانەی نەجەف بباتەوە، ئەمە پاڵنەرێکی باشە بۆ ئەوەی نەورۆزئەمڕۆ بتوانێت ئەنجامێکی باش لە یاریگەی خۆی دەستەبەر بکات.
راستگۆ فەریق، ناوەڕاستکاری یانەی نەورۆز بەهۆی ئەو پێکانەی لە ئەژنۆی تووشی بووە، ماوەی دە مانگ لە یاریگاکان دادەبڕێت، کە کاریگەری خراپی بەسەر ئاستی نەورۆزەوە دەبێت.
نەورۆز دوای 32 یاریی خاوەنی 41 خاڵە و لە خانەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکە دێت، لە بەرامبەردا یانەی نەفت بە 48 خاڵ لە خانەی حەوتەمی ریزبەندی دێت.
یانەی زاخۆ ئەرکی ئاسانە
یانەی زاخۆ لە گەڕی 33 خولەکە رۆژی سێشەممە، کاتژمێر(4:00) میوانداریی یانەی حدوود دەکات، بە ئەگەرێکی زۆر حدوود بۆ خولی نایابی عێراقی دادەبەزێت، بۆیە دەرفەتە بۆ زاخۆ تا بتوانێت هەنگاوێکی دیکە پێگەی خۆی لە خانەی سێیەم بەهێز بکات و هەوڵی گەیشتن بە خانەی دووەم بدات.
زاخۆ لەگەڵ عەبدولغەنی شەهدی راهێنەری نوێ، لە دوو یاریی رابردوو و کلین شیتی هەیە، چوار خاڵیان لە یانەکانی زەورا و کارەبا وەرگرتووە، بە بردنەوە لەم یارییە زاخۆ هیوای زۆری دەبێت وەرزی داهاتوو بەشداریی لە یەکێک لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە بکات، 56 خاڵیان هەیە و لە خانەی سێیەم دێن، یانەی حدوودی رکابەری ئەم یارییەیان بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ لە خانەی بیستەم و کۆتایی دێت.
یانەی دهۆک دووەم یاریی لەم هەفتەیە لەگەڵ تەڵەبە دەکات
رۆژی چوارشەممە، کاتژمێر(8:30) یانەی دهۆک لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات، ئەمە دووەم یارییە لە هەفەتەیە ئەم دوو تیپە بەیەکەوە یاریی بکەن.
یاریی رابردوو لە گەڕی 18 خولەکە بوو، بەڵام دواخرا بوو لە کاتی خۆی ئەنجام نەدرابوو، بەهۆی بەشداریکردنی دهۆک لە پاڵەوانیتی جامی کەنداو، یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
یانەی دهۆک لەگەڵ مەسعود میراڵی راهێنەر دوای 27 یاریی 48 خاڵیان هەیە و لە خانەی شەشەمی ریزبەندی دێن، بەڵام 5 یاریی دواخراویان ماوە.
یانەی تەڵەبە کە رکابەری یانەی دهۆکە بۆ ئەم یارییە، 56 خاڵیان هەیە و لە خانەی چوارەمی خولەکە دێن، ئەم دوو یانەیە رکابەری یەکترن بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکی دەرەوە.