مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ریاڵ مەدرید هەنگاوی یەكەمی بۆ تیۆ هێرناندێز نا
بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید، یەكەم هەنگاویان بۆ واژۆكردنی بۆند لەگەڵ یاریزانی فەرەنسی تیۆ هێرناندێزی یاریزانی یانەی ئەی سی میلان نا.
تیۆ هێرناندێز، بەرگریكاری چەپی یانەی ئەی سی میلان، بووەتە ئامانجی یانەی ریاڵ مەدرید و لە هاوینی داهاتوودا دەیانەوێ ئەو بۆندە سەر بخەن.
ڕاپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان باس لەوە دەكەن، كە هێرناندێز، یەكێكە لە بژاردە پێشنیازكراوەكانی سەر مێزی گفتوگۆی یانەی ریاڵ مەدرید بۆ پتەوكردنی بەرگریی چەپیان.
نیكۆ شیرا، رۆژنامەنووسی ناسراوی ئیتاڵی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە: ریاڵ مەدرید یەكەمین هەنگاوی بۆ دەستخستنی ئەو بەرگریكارە چەپە نا، داوای زانیارییشی لەبارەی تیۆوە كردووە و ڕا و ڕاوێژ لەبارەی بۆندی ئەو یاریزانە و وردەكاریی بۆندەكەی لەگەڵ میلان دەگۆڕێتەوە، كە لە ساڵی 2026ـدا كۆتایی پێ دێیت.
ئەو رۆژنامەنووس دەشڵێ: لە بارێكدا ئەگەر بۆندی تیۆ نوێ نەكرێتەوە، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا ئەو یاریزانە، یانەی ئەی سی میلان جێ دەهێڵێ.
بۆ بیرهێنانەوە، تیۆ هێرناندێزو پێشتر و لە وەرزی 2017/2018 لە ریزی یانەی ریاڵ مەدرید بوو، بەشداریی 23 یارییشی كرد، بەڵام هیچ گۆڵێكی نەكرد و سێ گۆڵی دروست كرد.
كێشەیەك هەڕەشە لە بەدیهاتنی خەونەكەی ئەنچیلۆتی دەكات
كارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، ڕووبەڕووی كێشەیەك دەبێتەوە لە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیل بۆ ئەوەی راهێنەرایەتیی بەڕازیل بكا لە مۆندیالی 2026.
كارلۆ ئەنچیلۆتی، لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید گەیشتووەتە ڕێككەوتن كە كۆتایی ئەم وەرزە دەستبەرداری ئەركەكەی بێت، وەكوو ئامادەكاری بۆ گرتنە دەستی ئەركی سەركردایەتیی هەڵبژاردەی سامپا.
رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی باسی لەوە كردووە: یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیل، بە سەرۆكایەتیی ئیدناڵدۆ ڕۆدڕێگز، هەوڵ دەدا لەگەڵ كۆتاییهاتنی یاریی كلاسیكۆی ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، گرێبەست لەگەڵ ئەنچیلۆتدا واژۆ بكا، بۆ ئەوەی هیچ كێشە و قەیرانێك نەبێتە ڕێگر لە واژۆكردنی گرێبەستەكە.
ڕوونیشی كردەوە: ڕۆدڕێگز، هەفتەی داهاتوو ڕووبەڕووی كێشەیەكی یاسایی دەبێتەوە، كە سەر دەكێشێ بۆ لێسەندنەوەی پۆستەكەی، لەگەڵ ئەگەری گەڕانەوەی لە 28ی ئایار، بۆیە ئیدناڵدۆ خواستی وایە ئەو گرێبەستەی ئەنچیلۆتی یەكلا بكاتەوە، پێش هەر گۆڕانكارییەكی كارگێڕی.
لە بەرانبەردا، ڕای گشتیی بەڕازیل داوا دەكا، كە گرێبەست لەگەڵ پورتوگالی خۆرخی جیسۆس، بەڕێوەبەری پێشووی هونەریی یانەی هیلالی سعوودی، كە خەون بەوەوە دەبینێ راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی خاوەن 5 جامی جیهانی بكات.
هاندەرانی سامپا پێیان وایە، جیسۆس بژاردەیەكی نموونەییە، بە ڕوانین لەوەی ئەزموونێكی سەركەوتووی لەگەڵ یانەی فلامینگۆی بەڕازیلی هەیە.