هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای یارییەکانی گەڕی 30 و تەواوبوونی خولی تۆپی پێی نایابی کوردستان، ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان کە بە ڕووی یاریزانان بەرز دەکرێنەوە لە زیاد بووندا بوو، ڕۆژنامەی هەولێر ئامارەکانی کۆتایی خولەکە بڵاو دەکاتەوە.
کۆمەڵێک ئامار لەسەر خولەکە
دوای تەواوبوونی خولەکە شێروانە زۆرترین یاری بردەوە کە ١٧ یاریە، ڕزگاری لە کۆی ٢٨ یاری کە ئەنجامی داوە ١٤ یاری یەکسان بووە کە زۆرترینە، شێروانە زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە کە ٥٩ گۆڵە، سەیدسادق زۆرترین گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە کە ٦٦ گۆڵە، سەیدسادق تاکە یانەیە کە هیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەهێناو لە خولەکە کشایەوە.
دوای رکەبەریەکی زۆری گۆڵکاری خولەکە، فرانسیس دادزی یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر بە تۆمارکردنی حەڤدە گۆڵ بووە گۆڵکاری خولەکەیە، فەرحان شکور لە دەربەندیخان بە ١٥ گۆڵ لە پلەی دووەم هات و محەمەد والح لە شەقڵاوە و بیلال ساڵح لە شێروانە بە ١٣ گۆڵ لە پلەی سێیەم هاتن، بەڵێن فایەق یاریزانی چوارقوڕنە و عومەر بیبۆ یاریزانی زاخۆ ١٢ گۆڵیان تۆمارکرد و لە پلەی چوارەم هاتن، گەیلان بورهان لە چوارقوڕنە ١٠ گۆڵی هەبو لە پلەی پێنجەم هات، محمەد خەلیل لە برایەتی و جۆرجی لویس لە یانەی زاخۆ و سلێمان دەروێش لە هەندرێن ٩ گۆڵیان تۆمار کرد و لە پلەی شەشەم هاتن، گێلێرمی سانتۆس لە زاخۆ و فەرزندە محەمەد لە دەربەندیخان و ئەیاد دیاری لە سیروانی نوێ و ئەیمەن رەعد لە رانیە و هێمن نازم لە هەندرێن و محەمەد عەبدوڵڵا لە زاخۆ ٨ گۆڵیان تۆمار کرد و لە پلەی حەوتەم هاتن، نیعمەت عارف لە یانەی پیشەسازی بە ٧ گۆڵ پلەی هەشتەمی ڕیزبەندی کۆتایی گۆڵکارانی خولەکە هات.
ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان
دوای تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە ٢١٠ یاری کە ئەنجامدراوە، ٥٣٤ گۆڵ تۆمار کراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک ٢،٥ گۆڵە، لەو ژمارەیە ٢٣٥ گۆڵیان لە نیوەی یەکەم و ٢٩٩ گۆڵیان لە نیوەی دوومدا تۆمار کراون، گەڕی کۆتایی خولەکە زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە کە ٢٥ گۆڵە، ڕێژەی کارتە ڕەنگاو ڕەنگەکان لەبەرزبونەوەدایە و ٨٥١ کارتی زەرد بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە و لە کۆی ئەو ٢١٠ یاریەدا ٥٥ کارتی سوور بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، گەڕی شازدەمی خولەکە زۆرترین ژمارەی کارتی تێدا بەرزکراوەتەوە کە ٤٣ کارتی زەرد و ٣ کارتی سوورە.
ڕیزبەندی کلین شیت
دوای تەواوبوونی یارییەکانی خولەکە ژمارەیەک گۆڵپارێز ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەکانیان پێشکەش دەکەن و توانویانە زۆرترین جار پارێزگاری لە گۆڵی تیپەکانیان بکەن، ڕیزیبەندی زۆرترین کلین شیتیش تا ئێستا بەمشێوەیە:
١- گەیلان سادق– یانەی هەندرێن ١٢ کلین شیت
٢- نیما عەزیز – یانەی دەربەندیخان، چوارقوڕنە ٨ کلین شیت
٣- عەباس یابر – یانەی ئاکرێ ٨ کلین شیت
٤- هۆگر عەلی – یانەی زاخۆ ٨ کلین شیت
٥- ڕەوەند عجیل – یانەی هەولێر ٧ کلین شیت
٦- هەڤاڵ بەهادین – یانەی سیروانی نوێ ٧ کلین شیت