بارزان ئەکرەم – هەولێر
عه‌بدولخالق مه‌سعوود ئه‌حمه‌د، له 1960 له‌هه‌ولێر له‌دایك بووه، به‌ڵام لای هاوڕێ وه‌رزشوانان به (مه‌لا) بانگی ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تای ئاشنایه‌تیی به تۆپی پێ بۆ ساڵی 1977 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه وه‌ك یاریزان له ڕیزی تیپی میللیی ئازادییەوە ده‌ستی به یاریكردن كردووه، به هۆی ئه‌و چالاكی و كاریگه‌رییه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و تیپه دروستی ده‌كات و له ماوه‌یه‌كی كورت و به دیاریكراوی له 1981 ده‌بێته سه‌رۆكی تیپی میللیی ئازادی، كه ئه‌و كات رۆژانه له یاریگه‌ی دووه‌می ئێستا‌ی یانه‌ی هه‌ولێر مه‌شق و راهێنانه‌كانیان ده‌كرد.
بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانان راوچییه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ر بووه
مه‌لا عه‌بدولخالق له یه‌ك كاتدا راهێنه‌ر و سه‌رۆكی تیپی میللیی ئازادی بووه، تایبه‌تمه‌ندیی مه‌لا له گواستنه‌وه‌ی یاریزانان كەمهاوتا بووه، كاتێك ئاره‌زووی گواستنه‌وه‌ی یاریزانێكی كردبێ، ئه‌وا ئه‌نجامی داوه و هێناویه‌تیه تیپه‌كه‌ی، خۆ ئه‌گه‌ر له گواستنه‌وه‌شی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووایه، رازیی ده‌كرد له دژی ئه‌و یاریی نه‌كات، وه‌ك خۆی ده‌یگێڕێته‌وه.
له 1984 مه‌لا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له هاوڕێیه‌كانی دیكه‌ی له‌وانه (ئازاد شه‌ریف، ئاراس حوسێن، سه‌رتیپ فاریق و نه‌جات ئیسماعیل) و چه‌ند كه‌سێكی دیكه، یانه‌ی برایه‌تی داده‌مه‌زرێن، مه‌لا وه‌ك ئه‌ندام له یانه تازه‌كه كار ده‌كات، تا 1992 له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی ده‌بێت، له‌و ماوه‌یه‌ش وه‌ك ناوبژیوان له به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كان له‌عێراق به‌شداری ده‌كات، تا له 1993 واز له ناوبژیوانی ده‌هێنێت، كه پله‌ی ده‌بێته ناوبژیوانی پله سێی عێراقی. مه‌لا له 2001 ده‌بێته ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌ی هه‌ولێر، دواتر له 2004 به جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستنیشان ده‌كرێت، پاشان له 2007 ده‌بێته سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی هه‌ولێر.
مه‌لا خه‌ونه‌كه‌ی دێنێته دی
كه‌من ئه‌و مرۆڤانه زوو بیر له‌ئامانجێكی دوور و درێژ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام عه‌بدولخالق بیرۆكه‌ی گه‌یشتنی به ترۆپكی تۆپی پێی عێراقی له ته‌مه‌نی 35 ساڵی له پلانه‌كانی خۆی جێگیر ده‌كات، یه‌كه‌م هه‌وڵیشی له 1999 ده‌بێت، كاتێك خۆی بۆ ئه‌ندامیە‌تیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی به‌ربژێر ده‌كات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئه‌مه وا له‌مه‌لا ناكات ده‌ستبه‌رداری خه‌ونه‌كه‌ی بێت، به‌دوای ده‌رفه‌تێكی دیكه ده‌گه‌ڕێت تا ئامانج گه‌وره‌كه‌ی بهێنێته‌دی.
له 2001، وه‌ك ئه‌ندام ده‌چیته نێو ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی، ده‌بێته سه‌رپه‌رشتیاری تیپه‌كه و له هه‌مان كاتیش‌دا وه‌ك به‌رپرسی دارایی كار ده‌كات و تا 2011، به‌م شێوه‌یه كار ده‌كات، دواتر هه‌ر له‌و ساڵه ده‌بێته جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی، به‌ڵام مه‌لا هێشتان نه‌گه‌یشتووه‌ته خه‌ونه گه‌وه‌ركه‌ی، كه ساڵانێكه به‌دوايدا وێڵه.
عه‌بدولخالق مه‌سعوود، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2014، پلانێكی تۆكمه داده‌ڕێژێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی گه‌یشتنی به ترۆپكی تۆپی پێی عێراق بێنێته دی و ده‌چێته نێو كێبڕكێ و سه‌ركێشی نێو هه‌ڵبژاردنێكی قورس، دواجار به كۆكردنه‌وه‌ی 43 ده‌نگ گره‌وه‌كه‌ی له (ناجی حه‌موود) برده‌وه، كه ئه‌و ته‌نیا 32 ده‌نگی هه‌بوو، ئه‌و رۆژه عه‌بدولخالق مه‌سعوود، ده‌گاته سه‌ر كورسی و لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تۆپی پێی عێراق، كه ساڵانیكی زۆر بوو خه‌ونی پێوه ده‌بینی، تا ساڵی 2020 له پۆسته‌كه‌ی ده‌مێنیته‌وه.
عه‌بدولخالق مه‌سعود بێ‌تاوان ده‌رچوو
له‌دوای ده‌رچوونه‌وه‌ى جاری دووه‌مى بۆ پۆستی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی، نه‌یار و ناحه‌زانی مه‌لا كه‌وتنه تانه‌دان و پیلانگێڕان له‌دژی تا له‌پۆسته‌كه‌ی دوورى بخه‌نه‌وه، به‌فشاری چه‌ند لایه‌ن و كه‌سێك، دوو له‌ئه‌ندامانی فیدراسیۆنه‌كه سزای ساڵێك زیندانیان بۆ دره‌چوو و ده‌ستگیر كران، كه هه‌ر یه‌كه له (سه‌باح ره‌زا و ستار زوهێر) بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ ده‌ستگیر كران، به‌ڵام دواتر به‌هۆی رێككه‌وتنی مەسعوود له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی سكاڵایان تۆمار كردبوو ئازاد كران، به‌مه‌رجی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی مه‌لا، ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه له به‌ندكردن رزگاركران، دواتر دادگای وه‌رزشی باڵای فیفا بێتاوانیی مه‌لای دووپات كرده‌وه له‌و تۆمه‌تانه‌ی بۆی هه‌ڵبه‌سترابوو.
مه‌لا له‌ژیانی تایبه‌تی خۆیدا مامۆستای وه‌رزشی بووه، ماوه‌ی چوار ساڵ جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی عه‌ره‌بی بووه، تا ساڵی 2023 جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی پێشبڕكێیه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیایه.