ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
درەوشانەوەی ئەستێرە کوردەکان، سنوری کوردستانی تێپەراندووە و ئێستا پاڵەوانە کوردەکان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی رکابەری دەکەن و بوونەتە ناوی گەورە و هەڵگری ریكۆردی گەورە.
مەبەست فایەق یەکیکی دیکەیە لەو پاڵەوانە کوردانەی بە مێدالیاوە لە پاڵەوانێتییەكی گەورەی ئەوروپی گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە كاتێكدا بوو وەكو نوێنەرێكی كوردەكان لە رکابەرییەکانی یاری تایکواندۆ لە وڵاتی روووسیا بەشداریی كرد.
مەبەست لە نێو 24 وڵات درەوشایەوە لە کێشی 84 کیلۆگرام قۆناخ بە قۆناخی رکابەرییەکی بڕی تاوەکو گەیشتە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەكە.
پاڵەوانە کوردەکە تەنیا لە یاریی کۆتایی تامی دۆرانی کرد، بەڵام توانی مێدالیای زیوی دووەمی پاڵەوانییەتیەکە بەدەست بێنێت.
مەبەست زیاتر لە پێنج ساڵە وەک یاریزانی جێگیر لە هەڵبژاردەی عێڕاق یاری دەکات، یەکێکە لەو پاڵەوانێـتییانەی لە سەر ئاستی کیشوەری ئاسیا هەیە ریزبەندی پێنجەمی گرتووە.
لەرابردوو لە پاڵەوانێـتی ئەرمینیا مێدالیای زێری بەدەستهێناوە، پاڵەوانەکەی شارئ سلێمانی، چەند جارێک لەسەر ئەستۆی خۆی بەشداریی لە پاڵەوانییەتیە جیهانییەکان کردووە و بە مێدالیای جۆراوجۆر گەڕاوەتەوە.
ئێستا لەسەر ئاستی جیهان لە ئاستی یارییە تاکییەکان تادێت پاڵەوانە کوردەکان لە یارییە جۆراوەجۆرەكان دەدرەوشێنەوە، بوونەتە ژمارەیەكی قورس لە یارییەکانی بۆکسێن و ئێم ئێم ئەی و کاراتێ.
مێدالیای زیو لە پاڵەوانییەتی رووسیا دوایین دەستکەوتی مەبەستە، خەونی ئەستێرە کوردەکە بەدەستهێنانی مێدالیایە لەسەر ئاستی جیهان و بەرزکردنەوەی ناوی کوردستانە.