هەڵبژاردەی كوردستان دەتوانێت بەشداریی لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال بكات

دكتۆر ئازا كامەران

دەتوانین، وەرزش وەك ئامرازێكی بەهێزی سیاسی و دیپلۆماسی، بۆ ناساندنی كوردستان لە جیهاندا بەكاربهێنین. ئەمەش لە كاتێكدایە ئێستادا یارییە وەرزشییەكان لە جیهان دا تەنیا لە چوارچێوەی یاری و كێبڕكێ و خولی وەرزشی نەماوەتەوە، بەڵكو گۆڕانكاری زۆر لەم سێكتەرە ڕوویداوە، زۆرجار لە ڕێگای یارییە وەرزشییەكان دەتواندرێت، پەیوەندییەكی بەهێزی سیاسی بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت و میللەت دروست بكات و باشترین و پەیامی جیاوازیش پێشكەش بكات.
بە درێژایی مێژوو، وەرزش و سیاسەت دوو چەمكی لەیەكتر جیانەكراو بوون و كاریگەرییان لەسەر یەكتر هەبووە، هەر لە یارییەكانی ئۆلەمپیادی ئەسینای یۆنانی كۆن تا بایكۆتكردنی یارییە جیهانییەكان لە سەدەی بیستدا، وەرزش بەردەوام وەك ئامرازێكی (دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن، نیشاندانی ناسنامەی نەتەوەیی، هەندێ جار وەك دەربڕینی ناڕەزایی، و تەنانەت وەك نیشاندانی هێز و پێشكەوتنی وڵاتان و ئاستی بەرزی وشیاری و تەندروستی) بەكارهاتووە.
جێگەی داخە دامەزراوە باڵاكانی وەرزش لە هەرێمەكەمان نەیانتوانیوە وەك پێویست سوود لە بواری وەرزشی وەربگرن و وەك چەمكێكی بەهێزی سیاسی بۆ بەرژەوەندی میللەتەكەمان بەكاری بهێنن، بە تایبەت لە ئاستی عێڕاق و وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی لە پێناو بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكانمان، هەروەها ئەم دامەزراوە وەرزشییانە لاوازبوون لە چۆنیەتی بەكارهێنانی وەرزش وەك پلاتفۆرمێك بۆ دەربڕینی پەیامە سیاسییەكان و دروستكردنی ناسنامەی نەتەوەیی و گۆڕینی بیروڕا نەرێنییەكان لەسەر كوردستان بە ئاراستەی ئەرێنی و نیشاندانی تابلۆیەكی جوانی كورد و كوردستان بە ڕووی سەرجەم وڵاتانی جیهان.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان لە وەرزش نەمانتوانیوە ناسنامەی نەتەوەیی دروستبكەین، چونكە وەرزش ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دروستكردنی ناسنامەی نەتەوەیی و یەكخستنی نەتەوە و گەلاندا، بینیومانە كاتێك یاریزانێك یاخود تیمێكی نیشتمانی لە پاڵەوانیەتی و یارییەكی گەورە سەركەوتوو دەبێت هەستی شانازی و خۆشەویستنی نیشتمان لە لایەن لاوان و هاونشتیمانیان بە گشتی زیاتردەبێت، بۆ نموونە سەركەوتنی هەڵبژاردەی یاری كریكێتی هیندستان لە جامی جیهانی ساڵی ١٩٨٣، ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دروستكردنی ناسنامەی نوێی هیندی دوای سەردەمی داگیركاری.
دەتوانین بواری وەرزشی وەك هێمایەكی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان بەكار بهێنین كە هاونشتیمانیان و خەڵك لە هەموو پێكهاتە و نەتەوەی جیا لە كۆمەڵگا لەدەوری كۆببنەوە، چونكە كاتێك یاریزانێك یان هەڵبژاردەیەكی نیشتمانی سەردەكەوێت، ئەو سەركەوتنە وەك سەركەوتنێكی هاوبەشی هەموو گەل دەبینرێت.
لە لایەكی دیكەوە بەداخەوە بە هەر هۆكارێك بێت تا ئێستا نەمانتوانیوە لە هەرێمی كوردستان لە هیچ یارییەك هەڵبژاردەیەكی نشتیمانیمان هەبێت بە ناوی هەڵبژاردەی كوردستان بەشداریی لە پاڵەوانیەتییە فەرمییە جیهانییەكان بكات، ئەمەش بە هۆی بوونی ئاستەنگی ئیداری و سیاسییەكان و نەزانینی یاسا و ڕێساكان و نەسپاردنی ئەم فایلە گرنگە بە كەسانی لێهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كات ماوە دەتوانین كارێك بكەین (كوردستان لە ڕووی وەرزشییەوە دەوڵەت بێت و هەڵبژاردەی نشتیمانی هەبێت)، بەمەش خەونی لەمێژینەی چەندین ساڵەمان دێتە دی بە هێنانە پێشی كەسانی شارەزا و ئەكادیمی، دواجار هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان لە دایك دەبێت، بەمهۆیەوە دەبینە ئەندام لە (FIFA) و وەك هەر هەڵبژاردەیەك بە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان بەشداریی لە یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیال دەكەین، هەڵبەت ئەوەی باسی دەكەم خەون نیە دەتوانین ئەنجامی بدەین و ببێت بەڕاستی، بەوپێیەی لە ئێستادا زۆر هەرێم هەن هەڵبژاردەی نشتیمانی خۆیان هەیە و بەشداری یارییەكانی مۆندیال دەكەن لە نمونەی هەرێمەكانی (سكۆتلاند، فەڵەستین، هۆنگ كۆنگ، وێڵز، ئێرلەندای باكوور، ماكاو، جەبەل تارق، دوورگەكانی ڤارۆ، پۆرتۆ ریكۆ و غوام).
هەرچەند ناكرێت ئەوەش لەبیر بكەین هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان ئەندامێكی چالاكی فیدراسیۆنی هەڵبژاردەی هەرێمەكانە (CONIFA)، لە چەندین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی بەشداری كردووە، بە دڵنیاییەوە دروستبوونی هەر یاریزان و هەڵبژاردەیەك لە هەر یارییەك و بەشداری كردنیان لە پاڵەوانیەتی و خولە جیهانییەكان، بۆ ئێمەی هاونشتیمانی هەرێمی كوردستان سیمبۆلێكی گرنگە و بە نرخە لە پێناو ناسنامەی كوردی و هەوڵدان بۆ زیاتر ناساندنی هەرێمەكەمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەڵام نەتەوەیەكی زیاتر لە 40 ملیۆنی زۆر گەورەترە لەو جۆرە پاڵەوانێتییانەی كە پێشتر كوردستان بە ناوی (ڤیڤا و كۆنیفا) بەشداریی تێدا كردووە، ئێستا كوردستان دەبێت قۆناغی بەشداریكردن لە كۆنیفا تێپەڕێنێت و خەونی گەورەتری هەبێت و نابێت لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی هەرێمەكان بمێنێتەوە.
لە ماوەكانی ڕابردوو بینیمان هەڵبژاردەی تۆپی پێی فەلەستین كاتێك لە هەڵبژاردەی عێڕاقی بردەوە كاردانەوەكان چۆن بوون بە تایبەت لە ئاستی جیهانی، چونكە فەلەستین وەرزش وەك پلاتفۆرمێك بۆ ناسین و خەباتی سیاسی بەكاردەهێنێت، لە ڕێگای هەڵبژاردەكەیەوە پەیوەندییەكانی باشتر و فراوانتر دەكات و پەیامەكانی بە جیهان دەگەیەنێت.
لە كۆتاییدا پەیوەندی نێوان وەرزش و سیاسەت پەیوەندییەكی فرەڕەهەند و ئاڵۆز و هەمەلایەنە، بیریشمان نەچێت لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك كەس داوای جیاكردنەوەی وەرزش و سیاسەت دەكەن، پێیان وایە لە هەندێ دۆخدا سیاسەت كاریگەری نەرێنی لەسەر وەرزش دروست دەكات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دوو بوارە كاریگەری ئەرێنیان زیاترە لەسەر یەكتر، چونكە لەم سەردەمە وەرزش چڕنەبۆتەوە لە چوارچێوەی چەند یارییەك، بەڵكو وەرزش ئامرازێكی بەهێزە بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی، دروستكردنی ناسنامەی نشتیمانی و نەتەوەیی، و باشتربوون و بەرەوپێشبردنی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان و ئاشتەوایی نێوان میللەتان و وڵاتان.