گەڕێکی چارەنووسساز چاوەڕێی یانە کوردستانییەکان دەکات

بارزان ئەکرەم – هەولێر

لە گەڕی 32 یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، کاتژمێر(6:00)ـی ئێوارە، یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە شاری بەغدا، لە یاریگەی ئەحمەد رازی دبێتە میوانی یانەی نەفت.

یانەی دهۆک بە راهێنەرایەتی مەسعوود میڕاڵ چەند رۆژێکە راهێنان بۆ ئەم یارییە دەکەن، دۆخی یانەی دهۆک زۆر باشە، چونکە گەڕی رابردوو یانەی دهۆک لەنێو یاریگای بەسڕە توانی بە گۆڵێکی بێوەڵام لە یانەی نەفتی بەسڕە بباتەوە، ئەم بردنەویە تیپەکەی بردە دۆخێکی باشتر، لە رووی دەروونییەوە ئامادەن بۆ یارییەکە.
یانەی دهۆ دوای بردنەوەی نازناوی جامی یانەکانی کەنداو دووچاری یەکسانبوونێک و دۆڕانێک هات، دواتر توانیان لە یانەکانی کەربەلا و نەفتی بەسڕە ببەنەوە، خۆیان لەژێر فشاری هاندەران و رەخنەگرانی یانەکە رزگار بکەن.
مەسعوود میڕاڵی راهێنەر دوای یارییەکەی رابردوو بەرامبەر نەفتی بەسڕە، رەخنەی تووندی ئاراستەی ناوبژیوانانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کرد و بەکەمتەرخەم لە کارەکانیان ناوی هێنان.
بۆ ئەم یارییە مەسعوود دەیەوێت کەمترین گۆڕانکاری لە پێکهاتەی تیپەکە بکات، بەڵام کەریم دەروێش ناتوانێت یاریی بکات بەهۆی کارتی رەنگاورەنگەوە، سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی بۆ ئەم یارییە ئامادەن.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی دهۆک بۆ ئەم یارییە بەمجۆرەیە (محەمەد ساڵح، مۆسێس، لۆکاس، بەیار ئەبوبەکر، سیابەند عەگید، هارون، زانا، پیتەر، مارلۆن، پاشەنگ، شوانە نەجم).
مەسعوود میڕاڵ، لە زۆربەی یارییەکان بە پلان و تاکتیكێکی گونجاو یاریی لەگەڵ رکابەرەکانی دەکات، ئەوان لەناوڕاست بە پاسی کورت ئاڵگوڕی تۆپ دەکەن، دواتر دەیدەن بە پیتەر گۆرگیس ئەو بۆ هێرشبەرانی دەنێڕێت، ئەوان بەشێوەی سێگۆشە لەنێو یاریگا دەوەستن و ئاڵوگۆڕی تۆپ دەکەن، کاتێکیش تۆپ لەدەستدەدەن، بە خێرایی وەریدەگرنەوە.
یانەی دهۆک بە ئەنجامدانی 25 یاریی خاوەنی 47 خاڵە و لە خانەی حەوتەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، بەڵام شەش یاریی دواخراوی ماوە، رۆژی شەممەی دهاتوو، یاریی دواخراوی گەڕی 18 خولەکە لە شاری بەغدا ئەنجام دەدات.
یانەی نەفت خاەنی 45 خاڵە و لە خانەی هەشتەم دێت، دەیەوێت لەم یارییە لە دهۆک بباتەوە و بچێتە خانەی حەوتەم، ئەحمەد سەبڕی یاریزانی کورد ماوەی دوو وەرزە لەم یانەیە یاریدەکات.

هەولێر میوانداریی یانەی نەفتی میسان دەکات
لە یارییەکی دیکەی بەهێزی ئەم گەڕە یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆی میوانداری یانەی نەفتی میسان دەکات، یارییەکە رۆژی چوارشەممە کاتژمێر(6:00)، ئەنجام دەدرێت هەولێر لە دۆخێکی باش گەڕاوەتەوە، یاریی رابردوو لەدەرەوەی یاریگەی خۆی توانی لە یانەی کەربەلا بباتەوە.
کاتێک گەیلان لوقمان و مستەفا قابیل دوو گۆڵی سەرکەوتنی یارییەکەی هەلێریان تۆمارکرد، هەولێر دەیەوێت ئەم دۆخە دەروونییە باشەی تیپەکە بقۆزێتەوە و ئەم یارییە لە نەفتی میسان بباتەوە.
هەولێربە کۆکردنەوەی 38 خاڵ لە خانەی چواردەیەکی ریزبەندی دێت، ئامانجی یەکەمی یانەی هەولێر لەم وەرزە مانەوەیە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
یانەی نەفتی میسان، کە لەم یارییە رکابەری سەرسەختی یانەی هەولێرە، بە 43 خاڵ لە خانەی دەیەمی ریزبەندی دێت.

زاخۆ میوانی کارەبایە
یانەی زاخۆ رۆژی چوارشەممە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی کارەبا، رۆژی چوارشەممە، کاتژمێر(6:00) لە بەغدا یارییەکە ئەنجام دەدرێت.
یانەی زاخۆ ئەمە دووەم یارییەتی لەسەر دەستی راهێنەرە تازەکەی، کە عەبدولغەنی شەهدە، یاریی رابردوو بە بێگۆڵ لە گەڵ زەورا یەکسانووبن، دەیانەوێت دوای 5 یاریی یەکەم بردنەوە و یەکەم گۆڵ لە یارییە تۆماربکەن. زاخۆ بە کۆکردنەوەی 53 خاڵ لە خانەی سێیەمی ریزبەندیی دێت.

نەورۆز رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە
رۆژی پێنجشەممە، کاتژمێر(6:00) دەبێتە میوانی یانەی نەجەف، نەورۆز لە دۆخێکی خراپدا یاریی لەگەڵ نەجەف دەکات، چونکە لە دۆڕانەوە روویکردووەتە ئەم یارییە، جگە لەوەش رووبەڕووی راهێنەری پێشووی تیپەکە دەبێتەوە، کە راهێنەر وەلی کەریمە، یانەی نەورۆز بە کۆکردنەوەی 39 خاڵ، لە خانەی سێزدەیەم دێت.