هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا و لە پاڵەوانێتی کامیۆڤای نێودەوڵەتی کە یەکێکە لە پاڵەوانیەتیەکانی ئەی تی ئاف، تێنسزانی کورد ناسر عەبدولرەزاق لەسەر ئاستی یاریزانانی تەمەن ٥٥ ساڵان توانی پلەی یەکەم بەدەسبهێنێت.
پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
پاڵەوانیەتیەکە ٢٠٠ خاڵی لە پۆڵێنی جیهانی یاری تێنس لەسەرە، ماوەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە لە ٢٤ـی مانگ دەستی پێکرد و ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ناسر عەبدولرەزاق یاریزانی کوردی شاری هەولێر کە چەندین جاری تر بۆتە پاڵەوان ئەمساڵیش توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی یاریزانانی تەمەن ٥٠ ساڵ بەدەسبهێنێت و لە یاری کۆتاییدا بە دوو کۆمەڵەی بێ بەرانبەر لە یاریزانی ئەڵمانی فوکل ڕۆلفی بردەوە.
یارییەکە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند، لە قۆناغی یەکەمدا ناسر عەبدولرەزاق لە یاریزانی پۆڵەندی کریزکوسی بردەوە بە دوو کۆمەڵەی بێ بەرانبەر، لە دووەم یاریدا بە هەمان ئەنجام لە یاریزانی ئەڵمانی بڕۆنەری بردەوە، لە قۆناغی هەشتەم بە هەمان ئەنجام دیسان لە یاریزانێکی تری ئەڵمانی بردەوە کە ناوی جانوس بوو.
یاریزانە کوردەکە لە پاڵەوانیەتیەکە ئاستێکی بەرزی نیشاندا و لە یاری پێش کۆتایی بە دوو کۆمەڵەی بێ بەرانبەر لە یاریزانێکی تری ئەڵمانی بە ناوی ئۆدۆڤانی بردەوە و لەیاری کۆتایشدا سەرکەوت بەسەر فۆکل ڕۆلف.
لەسەر ئاستی جووتیش گەیشتنە یاری کۆتایی
ناسر عەبدولرەزاق جگە لەوەی لەسەر ئاستی یاریزانانی تاک پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، هاوشان لەگەڵ وریا عەبدولقادر کە ئەویش یاریزانێکی تری کوردە لەسەر ئاستی یاری جووت بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتن و گەیشتنە یاری کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە و لەگەڵ دوو یاریزانی سویسری و ئەڵمانی یاری دەکەن.
لە پاڵەوانیەتیەکەدا زیاتر لە ١٥٠ یاریزان لە ئاستە تەمەن جیاوازەکان لە هەموو وڵاتانی جیهان بەشداریان کرد بوو.
ئەنجام و دەسکەوتەکانی لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان
پاڵەوانیەتی ئای تی ئێفی جیهانی ساڵانە لەچەندان وڵات لەسەر ئاستی تەمەنەکان بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن فیدراسیۆنی تێنسی جیهانی سەرپەرشتی دەکرێت، یاریزانانی دێرین یەکێکە لەو ئاستانەی کە ساڵانە لە زۆر وڵاتی جیهانی پاڵەوانیەتیان بۆ دەکرێتەوە، ئەمەیش بەپێی تەمەنی یاریزانەکان پۆڵینیان بۆ دەکرێت و بەپێی ئەنجام دەسکەوتەکانیشیان لە پۆڵینەکە دەچنە پێشەوەی ڕیزبەندی.
ناسر عەبدول ڕەزاق تێنسزانی کورد لەماوەی یاریکردنی لەچەند ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی یاریزانە دێرینەکان بەشداری چەندان پاڵەوانیەتی نێوخۆی و نێودەوڵەتی کردووە و ئەنجامی زۆر باشی بەدەستهێناوە، سێ جار بەشداری پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی کردووە، دوو جار پلەی دووەم و جارێکیش پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، لە پاڵەوانیەتیەکانی ئای تی ئێفیش چەندین جار بەشداریکردووە، کە ساڵانە لەچەندین وڵات بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەو یاریزانە کوردە لە وڵاتی تورکیا لەشاری ئەنتاڵیا چوار جار بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکان کردووە کە بە پاڵەوانیەتی عەلی بای ناسراوە ٣جار توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەسبهێنێت و جارێکیش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.