ئەمڕۆ شەمەندەفەری خولی نایابی کوردستان بۆ 2024-2025 دەوەستێت

بارزان ئەکرەم – هەولێر

ئەمڕۆ گەڕی 30ـیەم و کۆتایی لە خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کاروانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان تەواودەبێت، یانەکان هەگبەی خۆیان لە خاڵ کۆکردنەوە و بەدەستهێنانی ئامانجەکەیان پێچایەوە، بەشێکیان بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە و هەندێکیشیان ماڵئاواییان لە خولەکە کرد، لەگەڵ دەیان رووداو و دیمەنی جوانی و هاندەران خولەکە کۆتایی دێت، رۆژنامەی هەولێر بە درێژایی ئەم وەرزە هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکانی دەکرد و دوایین زانیاریی بە ئێوە دەبەخشی.

چوارقوڕنە و سیروانی نوێ
یانەی چوارقوڕنە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی سیروانی نوێ دەکات، چوارقوڕنە تووشی کێشەی زۆربوو، لەوانە قەیرانی دارایی و گەیشتن بە ریزبەندی دواوەی خولەکە، بەڵام دواتر توانی بە راهێنەرایەتی رەفیق سەعید خۆی لەناوچەی مەترسدار رزگار بکات و لە خولی نایابی کوردستان بمێنێتەوە، 33 خاڵی هەیە و لە خانەی دوازدەیەم دێت، هەر ئەنجامێک لە یارییەکەی ئەمڕۆ کاریگەری لەسەر یانەکە نابێت.
سیروانی نوێ، بە کۆمەڵێ یاریزانی لاو ئەم وەرزە رووبەڕووی یانەکانی خولی نایابی کوردستان بوویەوە، ئامانجیان ئەوەبوو، بە ئەنجام و دەستکەوت باش کۆتایی بەم وەرزە بێنن، لەوەشدا سەرکەوتووبوون، 44 خاڵیان هەیە و لە خانەی بە بردنەوە لەم یارییە و دۆڕانی زاخۆ دەگەنە خانەی سێیەم.

برایەتی باوەش بۆ رزگاری دەكاتەوە
یانەی برایەتی ئەم وەرزە بە کۆمەڵێ کێشەوە کۆتایی بە یارییەکانی هێنا، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو لە کۆتایی تونایان مانەوەی خۆیان لە خولەکە مسۆگەر بکەن، یونس سلێمان ئەو بەڵێنەی بە هاندەران و دەستەی کارگێڕی یانەکەی دابوو بردیەسەر و تیپەکەی لە خولی نایابی کوردستان هێشتەوە، هەرچەندە لە دوو یارییدا یارییان نەکرد، بەهۆی نەبوونی پارەوە نەیانتوانی گەشتی یاریگاکانی دەرەوە بکەن، 36 خاڵی هەیە و لە خانەی نۆیەم دێت.
یانەی رزگاری کە یەکەم وەرزی بوو لە خولی نایابی کوردستان، تاکە ئامانجیان مانەوەبوو لە خولەکە، بە لێهاتووی خۆیان توانیان لە خولەکە بمێنەوە، بە تایبەت لە یاریگەی خۆیان ژمارەیەکی قورس بوون، تەنیا یەک یاریی دووچاری دۆڕان هاتن، بە 37 خاڵ لە خانەی حەوتەم دێن، بە بردنەوە لەم یارییە ئەگەر هەیە بگەنە خانەی شەشەم.

پیشەسازی میوانداریی پاڵەوان دەکات
یانەی پیشەسازی لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی شێروانەی پاڵەوان دەکات، پیشەسازی وەک ئەوەی یەکەم وەرزی بوو، توانی مانەوە بە راهێنەرایەتی مەولود رەمەزان، لە خولەکە مسۆگەر بکات، بەڵام ئەم یارییە بۆ ئەو جیاوازە، چونکە رووبەڕووی پاڵەوانی ئەم وەرزە دەبێتەوە دەیەوێت هێزی خۆی وەک یانەیەکی گەورە بەسەر شێروانەدا بسەلمێنێت، 34 خاڵیان هەیە و لە خانەی یازدەیەم دێن.
یانەی شێروانە، پاڵەوانی ئەم وەرزەیە، دەیەوێت هێز و پاڵەوانبوونی خۆی بە گەورەیی بهێلێتەوە، بەتەواوی پێکهاتەکەی بۆ ئەم یارییە ئامادەیە، ئەوان هەفتەی رابردوو لە قەڵای شێروانە بۆ یەکەمجار ئاهەنگی پاڵەوانبوونیان گێڕا، خاوەنی 56 خاڵن و لە پلەی یەکەم دێن و بە دۆڕانیان لەم یارییەش کاریگەری لەسەر پێگەی شێروانە ناکات.

زاخۆ لەپێناو بەدەستهێنانی پلەی دووەم یاری دەكات
یانەی هەندرێن لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات، هەندرێن ئەم وەرزە باجی خراپی دەستپێکی لە خولەکەدا و نەیتوانی لە قۆناغی دووەم سوود لە ئەنجامە باشەکانی یانەکەی وەربگرێت، بەڵام رۆژی شەشی ئەم مانگە لە یاریگەی ئاکرێ دەبێتە میوانی یانەی ئاکرێ و یاریی پێشکۆتایی ئەنجام دەدات، ئەگەر بیباتەوە لە یاریی کۆتایی رووبەڕووی زاخۆ دەبێتەوە، کەواتە ئەمە وەک یاریی پێشخراوی کۆتایی دادەنرێت، هەندرێن بە 41 خاڵ لە خانەی پێنجەم دێت.
یانەی زاخۆ تا قۆناغەکانی کۆتایی لە رکابەرییەکانی بردنەوەی نازناوەکە بەردەوامبوو، بەڵام نەیانتوانی پارێزگاریی لە بەردەوامبوون لە رکابەرییەکە بکەن، ئێستا بە 44 خاڵ لە خانەی سێیەمی ریزبەندی دێن.