كیلیان ئمباپێ گەڕایەوە مەشق و راهێنانەكان

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئامارەكانی نیو وەرزی مەرمووش سەرسامكەرن و ناشكێندرێن
عومەر مەرمووش، یاریزانی میسڕیی یانەی ئینتراخت فرانكفۆرتی ئەڵمانی، سەرەڕای ئەوەی تەنیا نیو وەرزی لەو یانەیە بەسەر برد، بەڵام ئاماری سەرنجڕاكێش و سەرسامكەری هەیە.
سەرەڕای ئەوەی عومەر مەرمووش نیو وەرزی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەكەی بەسەر برد، بەڵام ئاماری گرنگ و ژمارەی گەورەی تۆمار كرد، بە جۆرێك سەرەڕای نزیكبوونەوە لە كۆتایی وەرز، تا ئێستە ژمارەكانی تێنەپەڕێندراون و ئەستەمیشە بشكێندرێن.
لە نیوەی وەرز و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، ئەو یاریزانە لە یانەی ئینتراخت فرانكفۆرتەوە چووە یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی، بەڵام بەو ماوە كەمە چەند ژمارەیەكی تۆمار كرد، سەرنجڕاكێش و گەورە، بە جۆرێك زەحمەتە بە وەرزێكی تەواو بە یاریزانانی دیكە بشكێندرێ.
عومەر مەرمووش لە ڕیزبەندی دووەمی ئەو یاریزانانەی بۆندس لیگایە، كە ڕۆڵیان لە تۆماركردن و دروستكردنی گۆڵی یانەكەیدا هەبووە.
بە جۆرێك ئەو ژمارەیە، هەموو ئەو گۆڵانە دەگرێتەوە كە خۆی تۆماری كردوون، یان دروستی كردوون.
مەرمووش خاوەنی 24 گۆڵ و دروستكردنی گۆڵە، ئەوەش تەنیا لە نیو وەرزدا، ئێستە لە خانەی دووەمی ڕیزبەندیی دووەمدایە، لە دوای هاری كین، كە ڕۆڵی لە 31 گۆڵدا هەبووە.
لە نیو وەرزدا، مەرمووش 15 گۆڵی تۆمار كرد و 9 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كرد.

كیلیان ئمباپێ گەڕایەوە مەشق و راهێنانەكان
یاریزانی فەرەنسیی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی كیلیان ئمباپێ، گەڕایەوە مەشق و راهێنانە بەكۆمەڵەكانی یانەكەی.
دوێنێ سێشەممە فابریزیۆ ڕۆمانۆ، رۆژنامەنووس و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێكس، ڕایگەیاند: كیلیان ئمباپێ، ئەمڕۆ گەڕایەوە مەشق و راهێنانە بەكۆمەڵەكانی یانەكەی، بۆ یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیاش بەرانبەر یانەی بەرشلۆنە، ئامادە دەبێت.
هەینیی ڕابردوو، مێدیاكان بڵاویان كردەوە، كە ئمباپێ كۆمەڵێك پشكنینی بۆ دەكرێ، چونكە كەمێك سووڕانی لە گۆزینگی هەیە و پێویستی بە ماوەیەك پشووە لەگەڵ چارەسەری سروشتی.
ئێستە یانەی ریاڵ مەدرید، لە خانەی دووەمی ڕیزبەندیی خولی تۆپی پێی پلەیەكی ئیسپانیایە بە 69 خاڵ و یانەی بەرشلۆنەش بە جیاوازیی 4 خاڵ و بە 73 خاڵ لە خانەی یەكەمی خولەكەیە.
كیلیان ئمباپێ، تا ئێستە 32 گۆڵی لەگەڵ ریاڵ مەدرید لە 49 یاریدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانیەتییەكانی ئەم وەرزەدا تۆمار كردووە و 4 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.