پێنج یاریزانی هەولێر نوێنەرایەتیی هەڵبژاردەی تێنسی عێڕاق دەکەن لە پاڵەوانیەتییەکانی دەرەوە

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری بەغدا پاڵەوانیەتی ئاستە تەمەنە جیاوازەکانی لە یاری تێنس بەڕێوەچوو، یاریزانانی هەولێر پشکی شێریان بەبەرکەوت و باشترین ئەنجامیان لەو پاڵەوانیەتیە بەدەستهێنا، ئەو یاریزانانە جگە لەوەی کە یەکەم و دووەمی عێراق بوون، بوون بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێڕاق و بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە دەکەن، لە ئێستادا ٪٦٥ هەڵبژاردەی تێنسی عێراق یاریزانانی هەولێرن.

پشکی شێر بەر هەولێر کەوتووە
پاڵەوانیەتیەکە تایبەت بوو بە پاڵاوتن و سەرکەوتنی یاریزانان بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ ئەوەی لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بکەن، یاریزانانی هەولێر توانیان باشترین ئەنجام بەدەسبهێنن، لەسەر ئاستی یاریزانانی تەمەن ١٢ ساڵان پلەی یەکەم و دووەم پشکی یاریزانانی هەولێر بوو، ئەحمەد شێروان پلەی یەکەم و ئۆراس ئالان پلەی دووەمیان بەدەستهێناو بوون بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و لە ئێستادا لە وڵاتی ئوردن بەشداری پاڵاوتنی ئاسیا دەکەن، ئەو پاڵەوانیەتیە ساڵانە لە یەکێک لەو وڵاتانە دەکرێت کە لە ڕووی یاریگە و تەواو ئاماد بێت و هەموو مەرجەکانی ستانداردی نێو دەوڵەتی تێدا بێت، ئەم دوو یاریزانەی هەولێر لەسەر ئاستی تەمەنی ١٢ ساڵی ڕکەبەری وڵاتانی تر دەکەن، عێڕاق لە کۆمەڵەی دووەم شان بە شانی هەڵبژاردەکانی لوبنان و ئوردن و بەحرێن یاری دەکات.
جگە لەوە دەسکەوتێکی تر ئەوەیە کە ڕاهێنەری هەڵبژاردەکەیش هەر لە هەولێر دەبێت کە ئالان زاکی دەبێت، بەهۆکاری ئەو ئەنجامە باشانە کە ئەو ڕاهێنەری ئەو یاریزانانە بوو کە ئەنجامی باشیان بەدەستهێنا.
هەر لە پاڵەوانیەتیەکە و لەسەر ئاستی یاریزانانی ١٦ ساڵان پلەی دووەم و سێیەم یاریزانانی هەولێر بوون، داهێن زەردەشت پلەی دووەم و مەزن هێمن پلەی سێیەمی بەدەستهێناو ئەوانیش بوون بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق.
دوای بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە باشانە، هەریەک لە یاریزانان داهێن زەردەشت و مەزن هێمن، هاوشان لەگەڵ یاریزانێکی شاری بەغدا، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە وڵاتی سریلانکا بەشداری پاڵەوانیەتی دێڤز کەپیان کرد، کە گەورەترین پاڵەوانیەتی یاری تێنسە و وەک مۆندیالی تێنس وایە.
ئاکام دڵزار پێنجەم یاریزانی هەولێر بوو کە توانی لە کۆی ١٦ یاریزان لەسەر ئاستی عێڕاق خۆی بگەیەنێتە ڕیزی هەڵبژاردەی پێشکەوتوانی عێراق و وەک یاریزانی هەڵبژاردەکە بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە دەکات، بەمەیش ژمارەی یاریزانی هەولێر لە ڕیزی هەڵبژاردەکە بوون بە ٥ یاریزان.
ئاکام دڵزار کە ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە لە ئاستە جیاوازەکان یاریدەکات و ماوەی چوار ساڵە لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق یاریدەکات، دواجار توانی خەونەکەی بهێنێتە دی و سەربکەوێت بۆ ڕیزی ئاستی پێشکەوتوانی هەڵبژاردەی عێراق، ئاکام باسی بەشداریکردنی خۆی دەکات لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە و دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٢١ تاکو ئێستا لەسەر ئاستی تەمەنی خۆم لە هەڵبژاردەی عێراق یاری دەکەم، لە وڵاتی ئێران و تورکیا چەندین جار بەشداری پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکانی کردووە و ئەنجامی باشم بەدەستهێناوە، سێ جار پاڵەوانی عێراق بووم، بۆ دواین پاڵەوانیەتی عێراق و وەرگیرانم لە ئاستی پێشکەوتوان وەکو چوارەم یاریزانی هەڵبژاردەکە لە ئێستاد لە وڵاتی ئێران بەشداری پاڵەوانیەتی ئای تی ئێف ٦٠ خاڵ یە، لە قۆناغی یەکەم قۆناغدا سەرکەوت بەسەر یاریزانێکی ئێران و خۆی گەیاندە قۆناغی ١٦ لە لێدوانێکدا ئاکام گووتی: متمانەی زۆرم بە خۆم هەیە کە بە ئەنجامێکی باش بگەڕێمەوە بۆ هەولێر.