یانەی هەولێر میوانی گەرمەیە و یانەی دهۆک رووبەڕووی کارەبا دەبێتەوە

بارزان ئەکرەم – هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە گەڕی 29 خولی ئەستیرەکانی عێراق، نوێنەرەکانی کوردستان، ئەرکیان زەحمەتە، هەولێر لە دۆڕان گەڕاوەتەوە و دهۆکیش دوو خاڵی گرنگی لەنێو یاریگەی خۆی لەدەستداوە، بۆیە ئەمڕۆ دەیانەوێت لەسەر حسابی ئەم دوو یانەیەی کە میواندارییان دەکەن، باری لاسەنگی خۆیان راست بکەنەوە، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتەڕوو.

یانەی هەولێر میوانی گەرمەیە
یانەی هەولێر چەند رۆژێکە بە راهێنەرایەتیی سەمیر بابۆ ئامادەکاریی بۆ ئەم یارییە دەکەن، ئەوان لە شکست هاتوونەتەوە، بۆیە کاریگەری بەسەر لایەنی دەروونی یاریزانەکانەوە دەبێت، کە وایان لێدەکات تەرکیزیان کەم بێت، ئەمەش تووشی هەڵەیان دەکات و ناتوانن ئەوەی لەتوانایاندایە پێشکەشی بکەن.
کێشەی سەمیر بابۆ لە هێڵی بەرگرییە کە، بە ڕوونی دیار بوو لە یاریی ڕابردوو، بەرگریکارانی یانەی هەولێر بە تایبەتیش رێبین سۆڵاقا، چ کێشەیەکی بۆ تیپەکە دروست کرد، کاتێک بە هەڵەکانی هەلێری بردە دۆخێکی خراپتر، یانەی هەولێر بە یانەی نەفت دۆڕا، کە ئەو یانەیە حەوت یاریی بوو تامی بردنەوەی نەکردبوو.
بەشێكی چاودێرانی وەرزشی، وای دەبینن پێویست بێ دەرفەت بە یاریزان عومەر جەنگی بدرێت، کە یاریزانێکی لاوە و چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێ ئاستێکی باش پێشکەش بکات، عومەر لەسەردەمی راهێنەر عەباس عوبێد باشترین ئاستی پێشکەش کرد و درەوشایەوە، بەڵام دواتر لە لایەن راهێنەرەکانی دیكەوە پشتی پێنەبەسترا.
یانەی هەولێر بە درێژایی ئەم وەرزە بە پلانی (4-3-3) یاری دەکات، ئەمڕۆش بەهۆی پێکان، لە توانای یاریزانی پیشەگەر هیگۆر ڤیدال بێبەش دەبێت، کە یاریی رابردوو لە ماسوولکەکانی قاچی راستی تووشی پێکان هات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاسیستێک یا گۆڵێکی بۆ هەولێر نەکردووە.
فرانک سدریک و یوسف بن سۆدە و شێرکۆ کەریم هێرشبەری تیپەکەن، بەڵام تا ئێستا لەگەڵ ناوەڕاستکارانی تیپەکە نەیانتوانیوە تیپەکە ببەنە قۆناغێکی باشتر.
یانەی هەولێر لە کۆی 28 یاریی خاوەنی 35 خاڵە و لە خانەی چواردەیەم دێت، بەڵام 45 گۆڵی لێتۆمارکراوە، کە ئەمە دەریدەخات هەولێر لە چ ئاستێکی خراپ دایە لە رووی بەرگرییەوە.
یانەی گەرمە کە، میوانداریی یانەی هەولێر دەکات، لە کۆی 28 یاریی خاوەنی 37 خاڵە و لە خانەی یازدەیەمی ریزبەندی دێت.

یانەی دهۆک رووبەڕووی کارەبای بەغدا دەبێتەوە
یانەی دهۆک بە راهێنەرایەتیی مەسعوود میراڵ، چەند رۆژێکە ئامادەکاریی بۆ ئەم یارییە دەکات، مەسعود سزاکەی هەڵگیرا و ئەم یارییە دەتوانێت لەسەر هێڵی یاریی بووەستێت و راهێنەرایەتی تیپەکە بکات، کە بەهۆی هەندێ هەڵسوکەوتەوە لە یاریی زاخۆ ئەم سزایەی بەسەردا سەپێنرا.
یانەی دهۆک دوای ئەوەی یاریی رابردوو لەنێو یاریگەی خۆی دوو خاڵی لەگەڵ حدوود لەدەست دا، ئێستا دەیانەوێت بە بردنەوە لە کارەبا بگەڕێنەوە نێو کەش و هەوای رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەستیرەکانی عێراق، شەش یاریی دواخراوی هەیە و لە خانەی هەشتەمی ریزبەندی دێت، تەنیا 41 خاڵیان هەیە.
خاڵی بەهێزی دهۆک لە ناوەڕاستیەتی، کە هارون و زانا و پیتەر سەرپەرشتی دەکەن، کە بە ئاسانی دەتوانن هێڵەکانی بەرگری و ناوەڕاستی تیپی بەرامبەر تێک بشکێنن، هارون و زانا یارییەکە رێک دەخەن و پیتەر دەیکات بەدەرفەت بۆ یاریزانان کەریم دەروێش و مارڵۆن و یانیک زاکیری.
بەشێک لە چاودێرانی وەرزشیی كوردستان وعێراق، دهۆک بە رکابەری سەرسەختی زەورا و شوڕتە دەبینن بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە، بە تایبەت دوای بردنەوەی جامی کەنداو، کە هەموویان وەک پاڵەوان سەیری دەکەن و بە هەند وەریدەگرن و ڕووبەڕووی دەبنەوە.
یانەی کارەبا، 34 خاڵی هەیە و لە خانەی پازدەیەمی ریزبەندییەکە دێت، ئەموری فەیسەڵ یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، کە لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات.