ڤینیسیۆس مامەڵەی لەگەڵ هاندەرانی یانەكەی دەگۆڕێت

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

یاریزانی بەڕازیلیی یانەی ریاڵ مەدرید، ڤینیسیۆس جۆنیۆ، لە مامەڵەی هاندەرانی یانەكەی لەگەڵیدا تووڕەیە، بۆیە ئەویش هەڵوێست و مامەڵەی خۆی لەگەڵیاندا دەگۆڕێ.

ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە هاندەرانی یانەكەی تووڕەیە، بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی ماركای ئیسپانی: ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ گۆڵی ڤاڵڤێردیی هاوڕێی ئاهەنگی نەگێڕاوە، كە لە دواساتەكانی یارییەكەدا گۆڵی سەركەوتن و سێ خاڵی هەرە گرنگی بۆ یانەكەی بەدەست هێنا، كاتێك لە گەڕی 32ی لا لیگادا، 1-0 گۆڵ لە یانەی ئەتلەتیك بلباوی بردەوە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە ڤینیسیۆس باشترین یاریی كرد، زۆرترین یاریزانانی ریاڵ مەدریدیش هەوڵە هێرشبەرانەكانیان لە لای جود بێلینگهامەوە بوو.
باسی لەوەش كردووە: كە ڤینیسیۆس جۆنیۆر هەموو شتێكی كردووە، گۆڵیشی دەكرد گەر یاریزانانی تیپەكەی هاوكاری بوونایە، هەرچەندە گۆڵیشی كرد و تەكنیكی ڤار ڕەتی كردەوە.
دەشڵێ: بەڵام یاریزانە باڵە بەڕازیلییەكە، ڕەتی كردەوە ئاهەنگ بۆ گۆڵەكەی ڤاڵڤێردی بگێڕێ، بەهۆی تووڕەبوونی لە فیكەی ناڕەزایی هاندەرانی یانەكەی لە دوایاریدا لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
دەشڵێ: ڤینیسیۆس جۆنیۆر خۆی لە پێش هەر شتێكەوە داناوە، لە 90 خولەكی یارییەكەدا هیچ لایەكی لە هاندەران نەكردەوە و سۆزی پێ نەدان، بە درێژایی یارییەكەش تووڕە بوو.