ئامارە گرنگەکانی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

دوای یارییەکانی گەڕی بیست و حەوتەمی خولی نایابی کوردستان، ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان کە بە ڕووی یاریزانان بەرزدەکرێنەوە لە زیاد بووندایە، ڕۆژنامەی هەولێر هەموو وەرزێک هەفتانە ئامار و زانیارییەکانی خولەکە بڵاو دەکاتەوە.

کۆمەڵێک ئامار لەسەر خولەکە
دوای تێپەڕبوونی 28 گەڕ شێروانە زۆرترین یاری بردۆتەوە کە 17 یارییە، ڕزگاری لە کۆی 25 یاری کە ئەنجامی داوە 13 یاری یەکسان بووە کە زۆرترینە، شێروانە زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە کە 59 گۆڵە، سەیدسادق زۆرترین گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە کە 57 گۆڵە، سەیدسادق تاکە یانەیە کە هیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەهێناو لە خولەکە کشایەوە.
رکەبەری گۆڵکاری خولەکە بەهێزە، تا ئێستا فەرحان شکور بە تۆمارکردنی 15 گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە، فرانسیس دادزی لە پێشمەرگەی هەولێر بە 15 گۆڵ لە پلەی دووەم دێت و محەمەد والح لە شەقڵاوە و بیلال ساڵح لە شێروانە هەریەكەیان بە 13 گۆڵ لە پلەی سێیەم دێن، بەڵێن فایەق یاریزانی چوارقوڕنە 12 گۆڵی هەیە و لە پلەی چوارەم دێت، عومەر بیبۆ لە زاخۆ 11 گۆڵی هەیە و لە پلەی پێنجەم دێت، گەیلان بورهان لە چوارقوڕنە و محمەد خەلیل لە برایەتی و جۆرجی لویس لە یانەی زاخۆ 9 گۆڵیان هەیەو لە پلەی شەشەم دێن، گێلێرمی سانتۆس لە زاخۆ 8 گۆڵی هەیە و لە پلەی حەوتەم دێت، نیعمەت عارف لە یانەی پیشەسازی و فەرزندە محەمەد لە دەربەندیخان و سلێمان دەروێش لە هەندرێن بە 7 گۆڵ پلەی هەشتەمی ڕیزبەندی گۆڵکارانیان گرتووە.

ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان
تا ئێستا لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە 195 یاری کە ئەنجامدراوە، 485 گۆڵ تۆمار کراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک 4.2 گۆڵە، لەو ژمارەیە 153 گۆڵیان لە نیوەی یەکەم و 269 گۆڵیان لە نیوەی دوومدا تۆمار کراون، گەڕی یەکەمی خولەکە زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمار کراوە کە 24 گۆڵە، ڕێژەی کارتە ڕەنگاو ڕەنگەکان لەبەرزبونەوەدایە و 820 کارتی زەرد بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە و لە کۆی ئەو 195 یاریەدا 52 کارتی سوور بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، گەڕی شازدەمی خولەکە زۆرترین ژمارەی کارتی تێدا بەرزکراوەتەوە کە 43 کارتی زەرد و 3 کارتی سوورە.

ڕیزبەندی کلین شیت
دوای تێپەڕبوونی 28 گەڕ بەسەر یارییەکاندا ژمارەیەک گۆڵپارێز ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەکانیان پێشکەش دەکەن و توانویانە زۆرترین جار پارێزگاری لە گۆڵی تیپەکانیان بکەن، ڕیزیبەندی زۆرترین کلین شیتیش تا ئێستا بەمشێوەیە:
1- گەیلان سادق– یانەی هەندرێن 12 کلین شیت
2- نیما عەزیز – یانەی دەربەندیخان، چوارقوڕنە 8 کلین شیت
3- عەباس یابر – یانەی ئاکرێ 8 کلین شیت
4- هۆگر عەلی – یانەی زاخۆ 8 کلین شیت
5- ڕەوەند عجیل – یانەی هەولێر 7 کلین شیت
6- هەڤاڵ بەهادین – یانەی سیروانی نوێ 6 کلین شیت