یانەی شێروانە بۆ یەکەمجار نازناوی خولی تۆپی پێی نایابی کوردستانی بەدەست هێنا

بارزان ئەکرەم – هەولێر

یانەی شێروانە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، دوای ئەوەی یانەی پێشمەرگەی هەولێری رکەبەری دۆڕا.

یارییەکانی گەڕی 27ـی خولی یانە نایابەکانی کوردستان دەستیان پێکرد، یانەی پێشمەرگەی هەولێر، کە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکات، لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا و بەمەش یانەی شێروانە نازناوی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستانی مسۆگەرکرد.
یەکلاکردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستان لەلایەن یانەی شێروانەوە لە کاتێکدایە یانەکە یارییەکەی بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ ئەنجام دا و بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕا، بەڵام کاریگەری بەسەر پاڵەوانبوونی یانەی شێروانە نەبوو.
عادل عەلی، راهێنەری یانەی شێروانە بە هەولێری گوت “من ئێستا دڵخۆشترین کەسی کوردستانم، سوپاس بۆ یاریزانەکانم و هەموو کارگێڕیی یانەکە کە لە ماوەی رابردوودا هاوکارییەکی زۆریان کردین بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە نایابەکانی کوردستان.”
راهێنەری یانەی شێروانە گوتیشی “بە یاریزانی نەمتوانی خەونی بردنەوەی نازناوی خولی نایابی کوردستان ببەمەوە، وەکوو راهێنەر گەیشتم بەو خەونە و قەرزاری، یاریزانان، هاندەران و کارگێڕیی یانەکەمم و سوپاسی پاڵپشتیی هەمووان دەکەم.”
عادل عەلی، لەسەر هۆکاری نهێنی بردنەوەی نازناوی خولی نایابی کوردستان بە هەولێری گوت “نهێنی بردنەوەی خولەکە، ئەو یەک ریزییە بوو کە لەنێوان یاریزانان و هەموو یانەکەدا هەبوو.”
شێروانە لەم وەرزەدا تا ئێستا لە 26 یارییدا 16 یاریی بردووەتەوە، 5 یەکسانبوون و 5 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە بە 53 خاڵ و دوو یاری بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە نازناوەکەی بەدەستهێنا.