ئەمڕۆ یانەی دهۆک لە یاریی کۆتایی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەب، میوانداریی یانەی قادسیەی کوەیتی دەکات

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

ەمڕۆ لە یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەب، یانەی دهۆک میوانداریی یانەی قادسیەی کوەیتی دەکات، لە یاریی چووندا هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، دهۆک چاوی لەوەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا ئەو ناسناوە بەدەست بهێنێت.

هەموو عێڕاق و کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ دهۆک دەبن
لە یارییەکانی گەڕانەوەی یاریی کۆتایی پاڵەوانیەتیی جامی کەنداوی عەرەب، یانەی دهۆک لەسەر یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی قادسیەی کوەیتیی دەکات، یاریی چوون کە لە وڵاتی کوێت بەڕێوە چوو هەردوو یانەکە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، بەرپرسانی پاڵەوانیەتییەکە دوو ڕۆژ لەمەو بەر گەیشتنە شاری دهۆک و لە یارییەکە ئامادە دەبن، چاوی زۆر لەسەر یارییەکەی ئەمڕۆیە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٢٠٠٠٠ هاندەر لە یارییەکە ئامادەبن، یانەی قادسیە زیاتر لە هەفتەیەکە و دوای یاریی چوون گەشتی شاری دهۆکی کردووە و بە تەواوی ئامادەکاری بۆ یارییەکە کردووە.
هەڵۆکانی چیا بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامە باشەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دهۆک چاوی لەوەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا ئەو ناسناوە بەدەست بهێنێت، لەو پێناوەدا بەرپرسانی یانەکە تەواوی ئامادەکارییان بۆ ئەم یارییە کردووە، هەر بۆیە یانەکە دوای یەکسان بوونی لە یاری یەکەمدا بە گڕوتینێکی زۆرەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و یاریزانانی یانەکە لە ڕووی دەرونییەوە بە تەواوی بۆ ئەو یارییە ئامادەن، دهۆک لە یاریی پێش کۆتاییدا لە یانەی ئیتیفاقی سعوودیی بردەوە، ئەمەیش یاریزانانی لە ڕووی دەرونییەوە زیاتر بەهێز کردووە، لە یاریی دووەمی پێش کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە یانەی نەسری ئیماراتی بەرانبەر بە یانەی قادسیەی کوەیتی تووشی شکست بوو
دۆخی هەردوو یانە جیاوازە یانەی دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە ٢١ یاریدا خاوەنی ٤٠ خاڵە و لە خانەی حەوتەمی ریزبەندیی یانەکانە، دهۆک لە دوایین ٥ یاریدا سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و یانەکە لە دۆخێکی باشدایە، یانەی قادسیەیش لە خولی کوەیتی بە کۆکردنەوەی ٣٥ خاڵ خانەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەکانی گرتووە.
یانەی دهۆک بۆ یەکەمین جار لەمێژووی خۆیدا بەشداری ئەو پاڵەوانیەتییە دەکات، دهۆک لە پاڵەوانیەتییەکەدا لە کۆمەڵەی یەکەم هاوشانی یانەکانی نەسڕی دوبەی ئیماراتی، زەفاری عومانی و ئەهلی سەنعای یەمەنی یاریی کرد، لە یاری یەکەمدا هەڵۆیەکانی چیا لەسەر یاریگەی خۆیان میوانداری یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنیان کرد، یارییەکە بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە بەرژەوەندیی یانەی دهۆک کۆتایی هات و یەکەم سێ خاڵی لە پاڵەوانیەتییەکەدا بەدەست هێنا، لە یاریی دووەمیشدا دهۆک لە شانشینی عومان لەگەڵ یانەی زەفار بە گۆڵێک یەکسان بوو، لە سێیەم یاریشدا لەگەڵ یانەی نەسر بە دوو گۆڵ یەکسان بووە، لە چوارەم یاریدا دهۆک بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە ئیمارات لەگەڵ نەسر دۆڕا، لە پێنجەم یاریدا دهۆک بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی بردەوە، لە شەشەم یارییدا، دهۆک بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان لەگەڵ یانەی زەفاری عومانی یەکسان بوو، دهۆک بە کۆکردنەوەی ١٢ خاڵ دوای یانەی نەسری ئیماراتی بە پلەی دووەم سەرکەوت بۆ یاری پێش کۆتایی خولەکە.