یانەی شێروانە یەک هەنگاو لە بردنەوەی نازناوەکە دوورە

ئەمڕۆ گەڕی 27 یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بەڕێوە دەچێت، چەند یارییەکی گرنگ ئەنجام دەدرێن، سەرجەم یارییەکان کاتژمێر (3:30) دەکرێن، لە گرنگترین یاریی یانەی شێروانە دەبێتە میوانی یانەی سیروانی نوێ، کە شێروانە نزیکە دوای 14 ساڵ یاریکردن لە خولی نایابی کوردستان ببێتە پاڵەوان، ئاکرێ و دەربەندیخان رووبەڕوودەبنەوە، چوارقوڕنە دەیەوێت لەسەر حسابی زاخۆ بمێنێتەوە، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتە ڕوو.

پاڵەوان دەردەکەوێت
یانەی شێروانە کە ئەمڕۆ دەبێتە میوانی یانەی سیروانی نوێ، دەیەوێت ئەم گەڕە بباتەوە و بردنەوەی نازناوەکە بۆ خۆی یەکلا بکاتەوە، بۆ ئەوەی گەڕی داهاتوو لەنێو یاریگەی خۆی ئاهەنگ و کەرنەڤاڵی سەرکەوتن بگێڕێت، ئەمڕۆ پشت بە تواناکانی بیلال ساڵح و عوسمان کەریم دەبەستێت، شێروانە هیچ فشارێکی ئەوتۆی لەسەر نییە، بۆیە بە ئاسوودەیی یاریدەکەن، ئەمەش وا دەکات تیپەکە بە ئاسانی بەو ئامانجە بگەن کە لە سەرەتای وەرزەوە هەوڵی بۆ دەدەن، شێروانە 54 گۆڵی تۆمار کردووە، کە زۆرترین ژمارەی گۆڵە لە خولەکە، ئەمەش بەهێزی هێلی پێشەوەی تیپەکە دەردەخات، 53 خاڵی هەیە و لە خانەی یەکەم دێت.
یانەی سیروانی نوێ مانەوەی خۆی لە خولەکە مسۆگەر کردووە، ئەم وەرزە کاری بووەتە بردنەوە لە یانەکانی پێشەنگ، لە سێ یاریی رابردوو توانی لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر و یانەی زاخۆ بباتەوە، بەجۆرێک ئەم دوو یانەیەی لە بردنەوەی نازناوەکە بێبەش کردووە، بۆیە ئەگەر هەیە ئەمڕۆ بتوانێت شکست بە یانەی شێروانە بهێنێت و پاڵەوانبوونی ئەم یانەیە دوابخات، سیروانی نوێ خاوەنی 37 خاڵە و لە خانەی پێنجەم دێت.

یانەی ئاکرێ دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن
یانەی ئاکرێ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی دەربەندیخان دەکات، یانەی ئاکرێ گەڕی رابردوو بە یانەی رانیە دۆڕاند، بۆیە هەژار سابیری راهێنەر دەیەوێت بە بردنەوە لە دەربەندیخان، بە خێرایی بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان، چونکە هەوڵدەدەن لە خانەکانی پێشەوە نزیک بکەونەوە، خاوەنی 32 خاڵە و لە خانەی حەوتەم دێت.
یانەی دەربەندیخان، هەوڵ دەدەن بە بردنەوە لە یانەی ئاکرێ درێژە بە سەرکەوتنەکانی یانەکەی بدەن، دەربەندیخان خاوەنی 34 خاڵە و لە خانەی شەشەم دێت، دەیانەوێت بە بردنەوە لە ئاکرێ لە یانەی ئاکرێ دوور بکەونەوە، دەربەندیخان 31 گۆڵیان لێکراوە و لاوازی هێلی بەرگری دەردەخەن، ئامانجی ئەم یانەیە لەسەرەتا بردنەوەی نازناوەکەبوو، بەڵام ئێستا بۆ مانەوە دەجەنگن.
یانەی چوارقوڕنە میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات، چوارقوڕنە شەر لەسەر مانەوە دکات و 30 خاڵی هەیە، زاخۆش بۆ پلەی دووەم هەوڵدەدات و 43 خاڵی هەیە.

 

بارزان ئەکرەم – هەولێر