زاخۆ لە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بەردەوامە

بارزان ئەکرەم – هەولێر

لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 26ـی خولی نایابی کوردستان چەند یارییەکی گرنگ بەڕێوەدەچێت، سەرجەم یارییەکان کاتژمێر(3:30)ـی ئێوارە ئەنجام دەدرێن، یانەی رانیە لە یارییەكی بەهێزدا میوانداریی یانەی ئاکرێ دەکات، لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی سیروانی نوێ دەێتەوە، برایەتی و چواقوڕنەش بەیەکەوە یاریی دەکەن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی خولەکە هەستیاریی یارییەکانیش زۆردەبن و رکابەرییەکانی کۆکردنەوەی خاڵ زەحمەتر دەبن، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شڕۆڤەی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتەڕوو.

رانیە ئەرکی زەحمەتە
یانەی رانیە لە یاریگای خۆی میوانداریی یانەی ئاکرێ دەکات، رانیە ترسی دابەزینی لەسەرە، ئەو ئامانجەی یانەکە پلانی بۆدانابوو پێچەوانە بوویەوە، ئێستا لەبری جەنگ کردن لەسەر نازناوەکە، جەنگی مانەوە دەکات، ئەمڕۆش لەگەڵ ئاکرێ ئەرکی زەحمەتە، ئاکرێ تیپێکی زەحمەتە و بردنەوە لێی ئاسان نییە، لەکاتێکدا رانیە پێویستی بە بردنەوەیە، رانیە خاوەنی 27 خاڵە و لە خانەی دوازدەیەم دێت، 34 گۆڵی لێکراوە، ئەمە لاوازی هێڵی بەرگری تیپەکە دەردەخات، ئەگەر ئەمڕۆ نەیباتەوە باری دەکەوێتە لێژی و لە دابەزین نزیک دەبێتەوە.
ئاکرێ ئامانجی دووبارەکردنەوەی دەسکەوتەکانی وەرزی رابردووی بوو، بەڵام بەهۆی گۆڕینی راهێنەر و رۆیشتنی چەند یاریزانێک، پلانەکەی لێتێکچوو، ئێستا دەیانەوێت لەو چەند یارییەی ماویانە بگەنە تۆپ سێی خولی نایابی کوردستان و دەستکەوتێکی دیکە تۆمار بکەن، هەژار سابیری راهێنەر تا رادەیەکی زۆر توانی ئەنجامەکانی یانەکە باشتر بکات، ئێستا خەونی ئاکرێیەکان بردنەوەی نازناوی جامی کوردستانە کە لە یاریی پێشکۆتایی رووبەڕووی یانەی هەندرێن دەبنەوە، ئاکرێ خاوەنی 32 خاڵە و لە خانەی حەوتەمی ریزبەندی دێت.

زاخۆ لە رکابەریکردن بەردەوامە
یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی سیروانی نوێ دەکات، یانەی زاخۆ دوای شکستەکەی بەرامبەر بە شێروانە لە یاریگەی خۆی بە رێژەیەکی زۆر هیوای بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لەدەستدا، کە بە بردنەوە لە شێروانە ئەگەری بردنەوەی نازناوەکەی بۆ زۆر دەبوو، بەڵام نەیتوانی و دۆڕا، ئێستا باجی ئەم دۆڕانەی دەدات، زاخۆ دەیەوێت ئەو هیوایە کەمەی ماوە ئەمڕۆ بە بردنەوە لە سیروانی نوێ بهێلێتەوە و چاوەڕێی شکستەکانی یانەی شێروانەش بکات، 43 خاڵیان هەیە و لە خانەی دووەمی ریزبەندی دێن.
سیروانی نوێ ئەم وەرزە تاکە ئامانجی مانەوەبوو لە خولی نایابی کوردستان، ئێستا بە ڕێژەیەکی زۆر مانەوەی خۆی لە خولەکە مسۆگەر کردووە، هیچ فشارێکیان لەسەر نییە، بە ئاسوودەیی یاریدەکەن، گەڕی رابردوو پێشمەرگەیان بێهیواکرد و لە نێو پریمام بە گۆڵێکی بێوەڵام یارییەکاین بردەوە، دەیانەوێت هەمان سیناریۆ بەسەر زاخۆدا دووبارە بکەنەوە و دیارییەکی دیکەی بە نرخ پێشکەشی شێروانە بکەن، سیروانی نوێ بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ لە خانەی شەشەمی ریزبەندی دێن.

برایەتی دۆخی باش نییە
یانەی برایەتی لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی چوارقوڕنە دەکات، برایەتی ئەم وەرزە بە خراپترین دۆخدا تێپەڕبوو، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی یانەکەی گرت، بووە هۆی ئەوەی ماوەی دوو هەفتە مەشق نەکەن و لە دوو یاریی بەشداریی نەکەن و ئەمەش یانەکەی بردە ناوچەیەکی خراپ و ئێستا مەترسی مانەوەی لە خولی نایابی کوردستان لەسەرە، ئەگەر ئەمڕۆ بیدۆڕێنێت، ئەو تووشی کێشە دەبێت و ئەگەری دابەزینی زۆر دەبێت، بەڵام یونس سلێمانی راهێنەر دەیەوێت بۆ هەمووان بسەلمێنێت، کە توانای بەدەستهێنانی ئەنجامی باشی بۆ یانەکە هەبوو، بەڵام کێشە داراییەکان ئەم یانەیان بەم دۆخە گەیاند، برایەتی 27 خاڵی هەیە و لە خانەی یازدەیەم دێت.
چوارقوڕنە دەیەوێت ئەمڕۆ لە برایەتی بباتەوە و مانەوەی خۆی لە خولی نایابی کوردستان مسۆگەربکات، بە تایبەت دوای بردنەوەی لە پێشمەرگەی هەولێر توانی هەنگاوێکی گرنگ بۆ مانەوە لە خولەکە بهاوێژێت، بەڵام تا ئێستا بەشێویەکی مسۆگەر مانەوەی خۆی یەکلانەکردووەتەوە، بۆیە دەیەوێت لە برایەتی بباتەوە و مانەوەی خۆی رابگەیێنێت، رەفیق سەعیدی راهێنەر لە خراپترین دۆخدا توانی یانەکە وەربگرێت و بیگەیێنێتە کە نارێکی ئارام، 30 خاڵیان هە و لە خانەی هەشتەمی خولەکە دێن.