دی یۆنگ هەموو ئەو بۆندانە پاشگوێ دەخات كە پێشكەشی دەكرێن

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

یاریزانی هۆڵەندیی یانەی بەرشلۆنە، فرێنكی دی یۆنگ، یاریزانی ناوەڕاست، هەموو ئەو بۆندانە پاشگوێ دەخات كە لە هاوینی داهاتوو بۆی دێن.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: فرینكی دی یۆنگ دەیەوێ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە نوێ بكاتەوە، كە لە هاوینی ساڵی 2026ـدا كۆتایی پێ دێت. بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكراش ئەو زانیارییەی بە بریكارەكەی (عەلی دۆرسۆن) گوتووە.
ڕاشیگەیاندووە: كارگێریی یانەی بەرشلۆنە پشتیوانی بیرۆكەی نوێكردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگە، بەڵام دیكۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكە، وای دەبینێ كە بڕیاری كۆتایی دەبێ هانز فلیكی راهێنەر بیدا، كە دەبێ بڕوای بە ئاستی ئەو یاریزانە هەبێت و پشتی پێ ببەستێ.
ئاماژەی بەوەش كردووە: بەرشلۆنە پێی وایە، كە زووە جارێ بۆ ئەوەی بچنە نێو دانوستانی نوێكردنەوەی بۆندەكەی دی یۆنگ، پێیان وایە چاوەڕێی ئەو كاتە بكرێ كە بەشێكی گرنگی وەرزەكە تەواو بێ، بۆ ئەوەی ئاستی دی یۆنگ ببینن لە یارییە یەكلاكەرەوەكاندا لە ئاستی لا لیگا و جام و خولی چامپیۆنس لیگ.
دەشڵێ: نزیكانی دی یۆنگ دەیانەوێ هەرچی زووە بزانن هیچ گومانێك لەسەر ئەوە نابێ كە بە خۆڕایی لە كۆتایی گرێبەستەكەیدا بڕوا، دووپاتیش كراوەتەوە مانەوەی دی یۆنگ لە دەروازە و سۆنگەی وەفاداراییەوەیەتی بۆ یانەی بەرشلۆنە، دوای ئەوەی بەرشلۆنە گرێبەستەكەی بە دڵی ئەو كرد.
سەرچاوەی نزیك لەو یاریزانە دووپاتی دەكەنەوە، كە ئەو باش دەرك بەوە دەكا ناكرێ بە خۆڕایی یانەكە جێ بهێڵێ، وەك چۆن بەرشلۆنە مووچەیەكی باڵای پێ دەدا، بە تایبەت كە یانە گەورەكانی وەكوو پاریس سان جێرمان و مانچستەر سیتی و بایرن میونشن ڕكەبەری لەسەر دەستخستنی دەدەن.
دی یۆنگ بۆ بریكارانی روونی كردووەتەوە، كە تا ئەم ساتە، نایەوێ گوێ لە هیچ گرێبەستێك بگرێ كە لە یانەی دیكەوە بۆی بچێت. سەرەڕای ئەوەی یانەكەی دیكەی وەكوو لیڤەرپوول، مانچستەر یونایتد و چەند یانەیەكی دیكەش ناویان هێناوە بۆ ئەوەی گرێبەستی پێشكەش بكەن، بەڵام ئەو پێشینەكاری بۆ ئەوەی داناوە كە لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە تا ساڵی 2026 بمێنێتەوە، بۆیە بە جدی كار بۆ ئەوە دەكا بۆندەكەی نوێ بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: بریكاری دیۆ یۆنگ دیداری لەگەڵ دیكۆ هەبووە دوای یارییەكەیان بەرانبەر بەنفیكا لە چامپیۆنس لیگ. ئێستە سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە بەرشلۆنە بە ئامادەبوون لە یارییەكەیان بەرانبەر بۆڕوسیا دۆرتمۆند لە چامپیۆنس لیگ، بەڵام تا ئێستە هیچ دانیشتنێكی دیكە نەكراوە.