بایرن میونشن كۆتایی بە كاروانی مۆلەر لە ئەلیانز ئەرینا دێنێ

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

یانەی بایرن میونشن ڕایگەیاند، كە بۆندی تۆماس مۆلەری ئەستێرەی یانەكە نوێ ناكەنەوە، كە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كۆتایی دێت.

دوێنێ شەممە 5/4/2025، یانەی بایرن میونشن لە ڕاگەیاندراوێكی فەرمیدا، ئاماژەی بەوە كرد: یانەكەمان و یاریزان تۆماس مۆلەری تەمەن 35 ساڵان بڕیاریان دا، بە شێوەیەكی هاوبەش لە هاوینی ئەمساڵدا كۆتایی بە كاروانی ناوازەی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەكەمان بهێنن، كە ماوەی 25 ساڵی ڕێكی خایاند و 33 ناسناوی لەگەڵ یانەكە بەدەست هێنا.
یانە ئەڵمانییەكە باسی لەوە كردووە: مۆلەر لە ویلایەتی باڤاریا لە دایك بووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا (لە هاوینی ساڵی 2000ـدا) پەیوەندیی بە یانەی بایرن میونشنەوە كردووە، كاروانێكی دوور و درێژ و كەموێنەی لەگەڵ یانەكەماندا هەبوو، مێژووی لەگەڵ یانەكەدا دروست كرد. هەمووی ئەوەی بەدەست هێنا كە دەكرا بیباتەوە و بەدەستی بهێنێ، بووە یاریزانێك كە زۆرترین بەشداریی لەگەڵ یانەكەدا هەبوو بە 743 یاریی فەرمی.
یانە ئەڵمانییەكە دەڵێ: یانەكەمان ڕێز لە كاروانی پڕشكۆی ئەو یاریزانە دەگرێ بە چەند شێوەیەك، لەوانە ڕێكخستنی یارییەكی ڕێزلێنانی تایبەت، هەروەها بڕیارمان دا بەشداریی یارییەكانی مۆندیالی یانەكان لە 15ی 6 تا 13ی تەموز بكات، بەو پێیەی جارێك لەگەڵ یانەكە بووەتە پاڵەوان و دوو جار پلەی سێیەمی بەدەست هێناوە.
لای خۆیەوە تۆماس مۆلەر ڕایگەیاند: روونە كە ئەمڕۆ بۆ من وەكوو هیچ ڕۆژێكی دیكە نییە، كاروانی 25 ساڵەم لەگەڵ یانەی بایرن میونشن ئەم هاوینە كۆتایی دێت، كاروانێكی سەرنجڕاكێش بوو، پڕ بوو لە ئەزموونی تایبەتی و چركەساتی ناوازە و سەركەوتنگەلێك كە بیر ناچنەوە.
دووپاتیشی كردەوە: هەست بە دڵنیایی و ئاسوودەیی زۆر دەكەم، چونكە بەختی ئەو كاروانەكە جوانەم لەگەڵ یانەكەم هەبوو، پەیوەندیی نێوان یانەكەمان و هاندەرانمان زۆر ناوازەیە و بەردەوام لەنێو دڵمدا دەمێننەوە.
دەشڵێ: ئەوەی لە كاتی ماڵئاواییدا هیوای پێ دەخوازم، ئەوەیە: ساڵانە ئاهەنگی بردنەوەی ناسناوەكان بگیڕین، چركەسات و كاتەكانمان بۆ ماوەیەكی زۆر لە هزردا بمێننەوە، هەموو هەوڵێك دەدەین لە چەند هەفتەی داهاتوودا، كە ناسناوی خولی یانەكانی ئەڵمانیا ببەینەوە و بگەینە یاریی كۆتایی لە یاریگەی خۆمان، كە خەونمانە و ئەویش چامپیۆنس لیگی وەرزی ئەمساڵە.