خولی ئەستێرەکانی عێراق گڕی گرتووە و رکابەری بردنەوەی نازناوەکە گەیشتووەتە لوتکە

 

بارزان ئەکرەم – هەولێر

لە گەڕی 26ـی یارییەکانی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی زاخۆ لەبەردەم زیاتر لە 35 هەزار هاندەر میوانداریی یانەی شورتەی پاڵەوانی 3 وەرزی ڕابردووی خولی ئەستێرەكانی عێراقی كرد، لەم یارییەدا عەلی كازم، گۆڵپارێزی زاخۆ ئاستێكی سەرسوڕهێنەری تۆمار كرد و بە پیاوی یارییەكە دیاری كرا.

لە خولەكی 20 ئیچیتا دیپۆتی گۆڵی پێشكەوتنی زاخۆی تۆمار كرد، لە كۆتاییەكانی یارییەكەش ئەمجەد عەتوان گۆڵی دووەمی بۆ زاخۆ كرد و بە تەواوەتی شورتەی چەك كرد و یارییەكەش بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی كوڕانی خابوور كۆتایی هات، ئەمەش دووەمین شكستی ئەم وەرزەی یانەی شورتە بوو هەردوو شكستەكەشی بەرامبەر زاخۆ بووە.
زاخۆ بووە یەكەمین یانە لە ماوەی 9 وەرزی ڕابردوو بتوانێت لە هەمان وەرز لە یاریی چوون و گەڕانەوە شكست بە شورتە بێنێت، دواینجار یانەی مینا لە 2015 ئەم ڕیكۆردەی تۆمار كرد و بە هەمان شێوەی زاخۆ لە یاریی چوون و گەڕانەوە لە شورتەی بردەوە.
زاخۆ بەم سەركەوتنە بە كۆكردنەوەی 52 خاڵ گەڕایەوە لووتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە بەرامبەردا یانەی شورتە بە 50 خاڵ بۆ خانەی سێیەم دابەزی و دوو یاریی دواخراویشی هەیە، کە یەکێک لە یارییەکانی بەرامبەر یانەی دهۆکە.

دهۆک دیارییەكی پێشكەشی زاخۆی دراوسێی كرد
لە گەڕی 26ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 ـ 1 لە زەوڕای بردەوە، وێڕای ئەوەی لە خولەکی 42 یارییەکە لۆکاس تۆرسی بەرگریکاری دهۆک بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، بەڵام دهۆک یەکێک لە گرنگترین سەرکەوتنەکانی ئەم وەرزەی بەدەستهێنا.
راهێنەری دهۆک لەسەر بردنەوەکەیان گوتی: تیپەکەم ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و یارییەکی گەورەمان کرد بەرامبەر تیپێکی گەورەی وەک زەوڕا، هەموولایەک دەزانن بۆ ئەم یارییە کێشەمان هەبوو بەڵام یاریزانەکان لە ئاست بەرپرسیارەتی دابوون، پیرۆزبایی لە دەستەی کارگێڕی و هاندەران دەکەم هیوادارم بەمشێوەیە تاکۆتایی پاڵپشتمان بن.
محەمەد ساڵح گۆڵپارێزی دهۆک کە لەم یارییەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد ئەستێرەی تیپی دهۆک بوو دەربارەی یارییەکە وتی: شانازی بە تیپەکەمەوە دەکەم بە 10 یاریزان، یارییەکی پاڵەوانانەیان کرد بەرامبەر یانەیەکی وەکو زەوڕا، سەرکەوتنەکە گرنگ بوو بەڵام گرنگتر ئەوەیە لەسەر هەمان ئاست بەردەوام بین و پارێزگاری لەم سەرکەوتنانە بکەین.
دهۆک بەم سەرکەوتنە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 40 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و پێنج یاریی دواخراویشی هەیە، یاریی داهاتووشی بەرامبەر مینا دوا دەخرێت بەهۆی یاریی چوونی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو کە هەڵۆکانی چیا لە کوەیت بەرامبەر قادسیە یاریی دەکەن.

هەولێر تووشی چوارەمین شكستی لەسەریەك بوو
یانەی هەولێر لە ئەنجامە خراپەكانی بەردەوامە و لە یاریگەی خۆی بە یانەی قاسم دۆڕا، یارییەکە بە گۆڵێکی بێوەڵام لە بەرژەوەندی قاسم کۆتایی هات، دوای یارییەکەش سەمیر بابۆی راهێنەر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە یانەکە راگەیاند و بڕیاریشە لە سێ رۆژی داهاتوو هەولێر رووبەڕووی حدوود بێتەوە.

نەورۆز بە بردنەوە شادبوویەوە
یانەی نەورۆز دوای چوار دۆڕانی لەسەر یەک بە راهێنەرایەتی قەحتان جەسیر، دواجار لە نێو یاریگەی خۆی توانی لە یانەی مینا بباتەوە، کاتێک لە خولەکی 86 راستگۆ فەریق بە لێدانێکی سەر گۆڵی یەکەم و سەرکەوتنی یانەکەی تۆمارکرد و نەورۆز و راهێنەری لە تەڵەی یەکسانبوونی یانەی مینا رزگارکرد.