ڕافینیا: لەنێو ماڵی خۆیاندا لە ئەرژەنتین دەبەینەوە و گۆڵیشیان لێ دەكەم

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

یاریزانی بەڕازیلی ڕافینیا، شەڕی دەروونیی لەگەڵ ئەرژەنتینییەكان دەست پێ كرد، ئەوەیش پێش یارییە چاوەڕوانكراوەكەیانە لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیە، كە بڕیارە كاتژمێر 03:00ی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە گەڕی 14ی پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئەمریكای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیال، بەڕێوە بچێ.

ڕافینیا لە پۆدكاستی ڕۆماریۆ میوان بوو، ڕۆماریۆ پێی گوت و لێی پرسی: ڕووبەڕووی ڕكەبەری لەمێژینە و دێرینمان ئەرژەنتین دەبینەوە، ئێستە سوپاس بۆ خوا ئەوان بەبێ مێسین، ئایا ناتوانین لێیان ببەینەوە؟ لە وەڵامدا ڕافینیا بە متمانەی تەواوەوە پێی گوت: بێگومان لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە لە ئەرژەنتین دەبەینەوە.
ڕۆماریۆ پرسیارێكی دیكەی لێ كرد: ئایا گۆڵیان لێ دەكەی؟ وەڵامی دایەوە، بەڵێ، هەوڵ دەدەم بە هەر شێوازێك بێ گۆڵ بكەم، لێیان دەبەینەوە و نەفرەتیان لێ دەكەین.
هەڵبژاردەی بەڕازیل دەچێتە نێو تاقیكردنەوەیەكی سەخت و بەهێز لەگەڵ ڕكەبەرە دێرین و لەمێژەكەی، كە 6 ساڵە لێی نەبردووەتەوە و دەیەوێ ئەو گرێیە بكاتەوە، دواجار كە لە ئەرژەنتینی بردەوە، بۆ یاریی پێشكۆتایی كۆپا ئەمریكا دەگەڕێتەوە 2-0 لە ئەرژەنتینی بردەوە.
ئەرژەنتین یاریی گەڕی یەكەمی لە پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 لە بەڕازیل بردەوە، بە گۆڵێك كە نیكۆلاس ئۆتامێندیی بەرگریكاری یانەی بەنفیكا تۆماری كرد، لەو یارییەی بە مانگی 11ی ساڵی 2023 بەڕێوە چوو.
ئێستە ئەرژەنتین بە 28 خاڵ، لوتكەی ڕیزبەندیی پاڵاوتنەكانی كیشوەرەكەی گرتووە و بەڕازیلی بە 21 خاڵ لە خانەی سێیەم دێ.