بارزان ئەکرەم – هەولێر
ئەمڕۆ سێشەمە 25/3/2025، لە گەڕی هەشتەمی یارییەکانی قۆناغی دووەمی کۆمەڵەی دووەم کاتژمێر(9:15)ـی شەو هەڵبژاردەی عێراق دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی فەڵەستین، کە تیپی میواندار هیچ هیوایەکی بۆ گەیشتن بە مۆندیال نەماوە، بەڵام عێراق بە بردنەوە لەم یارییە هەنگاوێکی گەورە بۆ گەیشتن بە مۆندیال دەهاوێژێت، رۆژنامەی هەولێر دوایی زانیاریی لەسەر ئەم یارییە و رکابەرکانی نێو ئەو کۆمەڵەیە دەخاتە ڕوو.
عێراق بە راهێنەرایەتیی خیسۆس کاساسی ئیسپانی، خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە، چەند رۆژێکە مەشق لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هەڵبژاردەی فەڵەستین دەکەن، چونکە بردنەوە لەم یارییە عێراق دەباتە دۆخێکی باشتر لەوەی کە ئێستا تێیدایە، کێشەی کاساس یارینەکردنی مێرخاس دۆسکییە، لە بەرگریی چەپ، کە بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانەوە، ناتوانێت بەشداریی بکات.
کاساس لە یاریی رابردوو بەرانبەر کوەیت، لەبەردەم هاندەرانی خۆی لە شاری بەسڕە لە نێو ئاپۆڕای هاندەرانی لە دواساتەکان لە دۆڕان ڕزگاری بوو و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بوو، بۆیە هەر شکستێکی دیکە ئەمڕۆی عێراق بە رێژەیەکی زۆر لە سەرکەوتن دوور دەخاتەوە، چونکە فەڵەستین خراپترین هەڵبژاردەی نێو کۆمەڵەکەیە، بۆیە هەڵبژاردەی عێراق دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت ئەمڕۆ بیباتەوە.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی عێراق بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئەحمەد باسل گۆڵپارێز، ئەحمەد یەحیا لە باڵی چەپ، ئاکام هاشم و مەناف یوونس لە دڵی بەرگری، حوسێن عەلی لە بەرگریی راست، ئەمجەد عەتوان و زێدان ئیقباڵ و ئەمیر عەماری لە ناوەڕاست، یووسف ئەمین و ئیبراهیم بایش و ئەیمەن حوسێن لە هێڵی پێشەوە.
کاساس دەیەوێت سوود لە خاڵی لاوازی فەڵەستین وەربگرێت، بە تایبەتی لە هێڵی بەرگری، کە لە دڵی بەرگریی فەڵەستین کێشەی زۆریان هەیە، چونکە یاریزانەکان بە تەمەنن و تونای جووڵەی خێرا و ڕاكردنی باشیان نییە، تەنانەت لێدانی سەریان خراپە و کێشەی زۆریان هەیە، بەڵام لە هێڵی پێشەوە، یاریزانەکان خێران و خاوەن لێدانی بەهێزن لە دەرەوەی ناوچەی سزا.
هەڵبژاردەی عێراق خاڵی بەهێزی لە هێڵی پێشەوەیەتی، بەڵام بەرگریی عێراق ئاستیان خراپە، بە تایبەتی رێبین سۆلاقا و فرانس پترۆس هۆکاری ئەنجامە خراپەکەی یاریی رابردووی هەڵبژاردەی عێراق بوون، کە بەهۆی هەڵەكانی ئەوانەوە عێراق تووشی ئەم دۆخە خراپە هات.
کاساس بڕیاری داوە ئەمڕۆ نیوەی پێکهاتەی تیپەکەی بەرامبەر فەڵەستین بگۆڕێت، بە تایبەت یاریکردن و بەشداریکردنی ئاکام هاشم لە دڵی بەرگری، کە هەموو هاندەران و راهێنەران و جەماوەری وەرزشی کۆکن لەسەر بەشداریکردنی ئاکام هاشمی کوردان لە پێکهاتەی سەرەکیی هەڵبژاردەی عێراق.
ئەمڕۆ هەڵبژاردەی کۆریای باشوور کاتژمێر(2:00) لە سیئۆلی پایتەختی میوانداریی هەڵبژاردەی ئوردن دەکات، کە ئوردن رکابەری سەرسەختی هەڵبژاردەی عێراقە، عێراقییەکان هیواخوازن ئەمڕۆ کۆریای باشوور گورزێک لە هەڵبژاردەی ئوردن بدات و لە عێراقی دوور بخاتەوە، چونکە گەر عێراق بیباتەوە و ئوردن بدۆڕێت، ئەوا عێراق سێ خاڵ پێش ئوردن دەکەوێت و دۆخی عێراق لەژێر فشاردا دەردەچێت.
کۆریای باشوور لەم کۆمەڵەیە خاوەنی 15 خاڵە و لە پلەی یەکەم دێت، ئوردن و عێراق بە 12 خاڵ لە خانەی دووەم و سێیەم دێن، هەڵبژاردەی عومان بە 7 خاڵ لە خانەی چوارەم دێت، کوەیت بە 5 خاڵ لە خانەی پێنجەم دێت، فەڵەستین بە سێ خاڵ لە کۆتایی ریزبەندیییەكەدا دەبینرێ.