هەولێر، کۆتا ئامارەکانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو

 

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

یارییەکانی قۆناغی دوومی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان کۆتایی هات هەریەک لە یانەکانی قەڵادزێ وەک پاڵەوانی خولەکە و یانەی هەڵۆ وەک پلەی دووەم سەرکەوتن بۆ ڕیزی یانەی نایابەکانی کوردستان، هەریەک لە یانەکانی سلێمانی و ڕواندزیش دابەزین بۆ ڕیزی یانەی پلە دووەکان، لەماوەی ١٥ گەڕی ڕابردوودا کۆمەڵێک ئامار لە خولەکە هەن ڕۆژنامەی هەولێر ئەو ئامارانە دەخاتە ڕوو.

کۆمەڵێک ئامار لەسەر خولەکە
دوای تەواو بوونی خولەکە هەڵۆ و قەڵادزێ زۆرترین یاریان بردۆتەوە کە ١٠ یاریە، رواندز زۆرترین یاری دۆڕاندووە کە ١١ یاریە، سۆران لە کۆی٤ یاری کە ئەنجامی داوە ٨ یاری یەکسان بووە کە زۆرترینە، قەڵادزێ زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە کە ٢٧ گۆڵە، رواندز زۆرترین گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە کە ٣٥ گۆڵە، یانەکانی سۆران و قەڵادزێ کەمترین گۆڵی لێ تۆمار کراوە کە ٨ گۆڵە، سۆران و قەڵادزێ کەمترین یاریان دۆڕاندووە کە ١ یارییە، رواندز تاکە یانەیە تاکو کۆتایی هاتنی خولەکەیش هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێنا.
تا ئێستا ٢٨ لێدانی سزا بۆ یانەکان هەژمارکراون، لەو ژمارەیە ٢٢ لێدانیان کراون بە گۆڵ، شەش لێدانیان نەکراون بە گۆڵ
دوای تەواوبوونی خولەکەدا، تامۆ تینۆ یاریزانی یانەی کۆیە بە ٩ گۆڵ بووە گۆڵکاری خولەکە سابر عەبدولکەریم لە یانەی دهۆک بە ٨ گۆڵ دووەم گۆڵکار بوو، مزگین عیسا لە یانەی تەناهی، حوسێن ئیبراهیم لە یانەی قەڵادزێ، ئەحمەد عومەر لە یانەی شۆرجە بە تۆمارکردنی ٧ گۆڵ لە پلەی سێیەم هاتن، بارزان قاسم لە یانەی رواندز ٦ گۆڵی تۆمار کرد و لە پلەی چوارەم هات، سەرمەد حەسەن یاریزانی کفری و هێمن عەلی یاریزانی قەڵادزێ، سرود نایف یاریزانی خاک بە ٥ گۆڵ لە پلەی پێنجەم هاتن، محەمەد عەلی لە چەمچەماڵ و محەمەد بەشیر لە هەڵۆ، ٤ گۆڵیان هەبوو لە پلەی شەشەم هاتن.

ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان
دوای تەواو بوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی پلە یەکەکانی کوردستان دوای یارییەکانی گەڕی پازدەیەم لە ١٠٥ یاری کە ئەنجامدراوە،٢٤٧ گۆڵ تۆمار کراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک ٢،١٣ گۆڵە، گەڕی چواردەیەمی خولەکە زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە کە ٢٣ گۆڵە، ڕێژەی کارتە ڕەنگاو ڕەنگەکان لە ١٠٥ یاریدا ٤٨٣ کارتی زەرد و ٣٢ کارتی سوورن بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، گەڕی شەشەمی خولەکە زۆرترین ژمارەی کارتی تێدا بەرزکراوەتەوە کە ٤١ کارتی زەرد و ٣ کارتی سوورە.
دوای تەواو بوونی خولەکە ژمارەیەک گۆڵپارێز ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەکانیان پێشکەش کرد و توانیان زۆرترین جار پارێزگاری لە گۆڵی تیپەکانیان بکەن، ڕیزیبەندی زۆرترین کلین شیتیش بەمشێوەیە بوو:
١- بێوار حەسەن – یانەی سۆران ٩ کلین شیت
٢- حوسام رەبیع – یانەی هەڵۆ ٨ کلین شیت
٣- ئاکام ئیسماعیل – یانەی قەڵادزێ –٨ کلین شیت
٤- روحەڵا شەریف – یانەی خاک ٨ کلین شیت
٥- سەجاد سیاوەش – یانەی زانکۆی جیهان ٥ کلین شیت
٦- ئەلەند خالید – یانەی سێمێل ٥ کلین شیت
٧- ماهر قەحتان – یانەی بازیان ٤ کلین شیت
٨- شاهۆ مەجیدی – یانەی بابان ٣ کلین شیت