باس و خواسی یاریزانی كورد (ئاکام هاشم) مێدیا عێراقییەكان دەتەنێ

بارزان ئەکرەم – هەولێر

هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە مۆندیال لەنێو یاریگەی بەسرە دوو خاڵی لەدەست دا، ئاكام هاشم لەو یارییە یەكەمین گۆڵی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق تۆمار كرد و پێتەر گۆركیسیش یەكەمین یاریی فەرمی لەگەڵ شێرەكانی رافیدەین ئەنجام دا.

له‌ گه‌ڕی حه‌وته‌می پاڵاوتنه‌كانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، لە نێو یاریگەی بەسرە عێراق میوانداریی هەڵبژاردەی كوه‌یتی و كرد و یارییه‌كه‌ش به‌ دوو گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌ك كۆتایی هات.
له‌ خوله‌كی 39، یووسف ناسڕ گۆڵی یه‌كه‌می كوه‌یتی تۆمار كرد، دواتر له‌ خوله‌كی 70 هەمان یاریزان ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ كوه‌یت كرده‌ دوو هێنده‌، کە تەمەنی ئەو یاریزانە 35 ساڵە، بەڵام لەگەڵ هاتنە ناوەوەی ئاكام هاشم بۆ نێو یاریگە ڕەوتی یارییەكە لە بەرژەوەندیی عێراق گۆڕا.
له‌ خوله‌كی 93 ئاكام هاشمی یاریزانی كورد گۆڵێكی مووشەكی بۆ عێراق كرد و جیاوازیی ئه‌نجامه‌كه‌ی كرد به‌ یه‌ك گۆڵ، دواتر له‌ خوله‌كی 103 ئیبراهیم بایش ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ عێراق یه‌كسان كرده‌وه‌ و یارییەكە بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات. بەمەش عێراق به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 12 خاڵ و به‌ جیاوازی گۆڵ دابه‌زییه‌ خانه‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، كوه‌یتیش پێنج خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی پێنجه‌م دێت.

لێدوانی كاساس دوای یارییەكە
خیسۆس كاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە دوای یارییەكە لە پرێس كۆنفرانسێك رایگەیاند زۆر لە ئاستی یاریزانەكان رازییە، دەشڵێت: لە تۆپی پێ، بردنەوە، دۆڕان و یەكسانبوون هەیە، من گەشبینم، لەگەڵ فشارەكان ڕاهاتووم، کاتێک دەدۆڕێت خەڵک پێیان وایە یاریزانەکانی ناو یاریگە باش نین، کاتێکیش سەردەکەوێت هەمووان پشتگیریت دەکەن. بردنەوە و دۆڕان و یەکسانبوون هەموویان لە تۆپی پێدا ئەگەری هەیە.
كاساس گوتیشی: بە دڵنیاییەوە دانی پێدا دەنێم ئەو ئەنجامە نەبوو کە ئێمە هیوامان بۆ دەخواست و ئێمە تیمێكی باشمان هەیە و لەو یارییەدا باشترین ئاستمان پێشكەش كرد، بەڵام كوێت لە ڕووی بەرگرییەوە رێكخراوتر بوون، ئێمەش هیچ كێشەیەكمان لە هێڵی بەرگری نییە

باشترین یاریمان كرد، بەڵام دوو هەڵەمان كرد و دوو خاڵمان لەدەست دا.
كاساس لە بەشێكی دیكەی قسەكاندا، گوتی: لە بەسرە زۆر رازی بووم لە شوێنی مانەوەی یاریزانان و دابینكردنی پێداویستییەكان، هەموو شتەكان هی تیپێكی پیشەگەر بوو، بەڵی تیپەكەم دابڕان بوو لە هەمووان، بۆ ئەوەی بە ئارامی كاتەكانیان بەسەر ببەن، ناكرێت تیمەكەم لە شوێنێك بمێننەوە یان لە هۆتێلێك بن كە پڕ بێت لە هاندەران و رۆژنامەنووسان.
رۆژی سێشەممە، کاتژمێر (9:15) شەو هەڵبژاردەی عێراق لە وڵاتی ئوردن دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی فەڵەستین، کە هەڵبژاردەی فەڵەستین هیچ هیوایەکی بۆ گەیشتن بە مۆندیال نەماوە، بەڵام تیپێکن هیچ فشارێکیان لەسەر نییە و بە کراوەیی یاریدەکەن.
هەڵبژاردەی عێراق دوای ئەم یارییە لە مانگی شەش میوانداریی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەکات، دواتر لە وڵاتی ئوردن دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی ئوردن و چارەنووسی عێراق بۆ گەیشتن بە مۆندیال بە دیاردەکەوێت.