بارزان ئەکرەم – هەولێر
ئەمڕۆ پێبجشەممە، کاتژمێر (9:15) شەو لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی حەوتەمی یارییەکانی پاڵاوتنی کیشوەری ئاسیا لە کۆمەڵەی دووەم، هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی بەسڕە میوانداریی هەڵبژاردەی كوێت دەکات، رۆژنامەی هەولێر دوایین زانیاریی و لایەنە بەهێز و لاوازەکانی هەڵبژاردەکان دەخاتەڕوو، چانس و هەڵوێستی ئەم دوو تیپە باس دەکات بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
عێراق بە راهێنەرایەتی خیسۆس کاساسی ئیسپانی لە رۆژی 16 ئەم مانگەوە کەمپێکی مەشق و راهێنانی لەشاری بەسڕە کردووەتەوە، بە مەبەستی ئامادەکردنی تیپەکەی بۆ دوو یاریی دهاتووی هەڵبژاردەی عێراق، بەرامبەر بە كوێت و فەڵەستین.
کاساس ئەمجارە بەشێویەکی جیاواز بانگهێشتی یاریزانەکانی کردووە، 30 یاریزانی بانگهێشت کردووە، کە ئەمە یەکەمجارە، ئەم ژمارە زۆرەی یاریزانان بانگهێشتی تیپەکە بکات، هۆکاری ئەم بانگهێشتکردنە زۆرەی یاریزانان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوەم کە چەند یارزانێکی کارتی زەردیان هەیە، لە ئەگەری وەرگرتنی کارتی زەردی دیکە بۆ یاریی فەڵەستی ئامادەنابن، تەنانەت لە یاریی کوەیت ئەمجەد عەتوان بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانەوە ناتوانێت یاریی بکات، عەلی حەمادیش بەهۆی پێکان کەمپی هەڵبژاردەکەی جێهێشت.
کاساس ئەمجارە بە بانگهێشتکردنی 7 یاریزانی کورد، مێژووێکی نوێی بۆ یاریزان کوردەکان تۆمارکرد، کە یەکەمجارە ئەو ژمارە زۆرەی یاریزانی کورد بانگێشتی ریزی هەڵبژاردەی عێراق بکرێن، کە هەریەک لە یاریزنان ( مارکۆ فەرەج، یوسف ئەمین، ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، هاڕون ئەحمەد، ئالای فازڵ)، بە تایبەتی هاڕون ئەحمەد کە یەکەمجارە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە بکرێت.
پێشبینی دەکرێت عێراق بە پلانی (4-3-3) ڕووبەڕووی کوەیت ببێتەوە گۆڵپارێز، جەلال حەسەن یاریی پێبکات، لە دڵی بەرگری ئاکام هاشم و مەناف یونس دابنێت، لە بەرگری راست حوسێن عەلی، لە باڵی چەپ مێرخاس دۆسکی، ناوەڕاست ئەمیر عەماری، زێدان ئیقبال، لۆکاس شیلمۆن، لە هێلی پێشەوە، عەلی جاسم و ئیبراهیم بایش و ئەیمەن حوسێن دابنرێن.
خاڵی بەهێزی کاساس لە هێلی پێشەوەیەتی پشت بەتواناکانی ئیبرهیم بایش و عەلی جاسم دەبەستێت، وە ئەیمەن حوسێن وەک وێستگەیەک بەکاردێنێت تا هێرشەکانی تیپەکەی لەسەر بنیات بنێت، بەتایبەت ئەوکاتانەی فشاری لەسەربێت لە رێگای ئەیمەنەوە هەوڵی نەهێشتنی ئەوفشارانە دەدات.
کاساس چەکی جۆراوجۆری لەبەردەستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کوەیت، لە بڕینی یاریزانان لە رێگای ئیبراهیم و عەلیەوە، بۆ تۆپە بەرزەکانیش پشت بە سەری ئەیمەن دەبەستێت، ئەمیر عەماری و زێدان ئیقبال بۆ بنیاتنانی هێرش و لێدانەکانی دەرەوەی ناوچەی سزا بەکاردێنێت.
هەڵبژاردەی عێراق لەم کۆمەڵەیە تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، کە بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای بشوور بووە، ئێستا بە 11 خاڵ لە خانەی دووەم دێت و کۆریا 14 خاڵی هەیە و لە خانەی یەکەم دێت.
لە یاریی چوونی لەگەڵ هەڵبژاردەی كوێت، یارییەکە بە بێ گۆڵ کۆتاییهات، کاتێک لە خولەکی هەشت رێبێن سۆڵاقا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
هەڵبژاردەی كوێت هیچ سەرکەوتنێکی لەم کۆمەڵەیە نییە، بەدوای یەکەم بردنەوەدا دەگەڕێت، بەڵام دەزانێت ئەرکی ئاسان نییە، خاڵی بەهێزی کوەیەتییەکان لە هێرشی پێچەوانە دایە، بە تایبەت یاریزان محەممەد دەحامی ژمارە حەوت کە یاریزانێکی خێرا و لێهاتووە، لە بڕین و لێدانی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزای تیپەکان، کوەیت تەنیا 4 خاڵی هەیە و لە خانەی پێنجەمی کۆمەڵەکەی دێت.
لە یارییەکان دیکەی ئەم کۆمەڵەیە
ئوردن – فەڵەستین
کۆریای باشوور – عومان