یارییە نێودەوڵەتییەكان دەست پێ دەكەنەوە و چاوەڕێی كلاسیكۆی جیهان بكەن

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ئەمڕۆ و سبەی یارییە نێودەوڵەتییەكان دەست پێ دەكات، هەر لەم هەفتەیە لە ئەورووپا هەڵبژاردەكان دەچنەوە نێو ململانێی یارییەكانی نەیشن لیگ، لە ئاسیاش جەنگی گەیشت بە مۆندیالی 2026 لەنێوان هەڵبژاردەكان دەست پێ دەكاتەوە. یاریی بەرازیل و ئارجێنتیناش كە بە كلاسیكۆ زەوی ناسراوە نزیك بووەتەوە.

مێسی بۆ دوو یاریی داهاتوو دوورخرایەوە
بەهۆی پێکان لیۆنێل مێسی بانگهێشتی یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەکرا، بەوپێیەی لە یاریی رابردوویان لە خولی ئەمریكا بەرامبەر ئاتڵانتا یونایتد لیۆنیل مێسی هەستی بە ئازار کردووە.
سکالۆنی راهینەری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لەپیناو پارێزگاریکردن لە مێسی بانگهێشتی دوو یاری داهاتووی هەڵبژاردەکەی نەکردووە،
بڕیارە لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال ئەرجەنتین رووبەرووی هەڵبژاردەکانی بەرازیل و ئۆروگوای بێتەوە، بەمەش بۆ هەردوو یاری مێسی ناتوانێت هاوکاری هەڵبژاردەکەی بکات.
جگە لە مێسی، لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری تانگۆ هەریەکە لە پاولۆ دیبالا، گۆنزالۆ منتیێل ، جۆڤانی لۆسیلسۆ، ئالیخاندرۆ گارناچۆ، کلۆدیۆ ئێچیلیڤێری دوورخراوەنەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئارجێنتینای پێشەنگی هەڵبژاردەکان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026ـی گرتووە.

بەرازیل دەستی بە ئامادەكارییەكان كرد
بەئامادەبوونی تەواوی ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل دەستی بە ئامادەکاری بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال کرد، بەمەش جارێكی دیكە بەرازیلییەکان لە ژێر سەپەرشتی دۆریڤال جۆنیۆر دەستیان بە راهێنان بۆ یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکەیان کرد.
لە راهێنانەکانی بەرازیل هەریەکە لە ڤینیسۆس جۆنیۆر و رۆدریگۆ یاریزانانی ریال مەدرید، هەروەها رافینیای یاریزانی بارسیلۆنا بەشداریان کرد،
بەڵام نێیمار داسیڤلا دوورخرایەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە هەڵبژاردەی بەرازیل خانەی پێنجەمی هەڵبژاردەکانی لە یارییەکانی پاڵاوتن گرتووە، بەمەش
بەرازیل پێویستە لە خانەی چوارەم دانەبەزێت ئەگەر بیەوێت راستەوخۆ بلیتی مۆندیالی داهاتوو بەدەست بینێت.
بەرازیل رۆژی پێنجشەممە لەیەکەم یاریدا میوانداریی کۆلۆمبیا دەکات، دواتریش دەچێتە ئارجێنتینا و لە یاری لوتکە رووبەرووی هەڵبژاردەی تانگۆ دەبێتەوە.

ئێمباپێ گەرایەوە راهێنانەكانی كەڵەشێرەكان
کیلیان ئیمباپێ گەڕایەوە فەرەنسا و بەشداریی لە راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئیمباپێ بۆ یارییەکانی نەیشن لیگ لەلایەن دیدێ دیشامپەوە بانگهێشکراوە.
ئێمباپێ لە پاریس بەشداریی لە راهێنانەکانی فەرەنسا بۆ یاری بەرامبەر کرواتیا کرد، ئەمەش لە كاتێكدایە ئیمباپێ لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو بۆ یارییەکانی فەرەنسا بانگهێشت نەکرا، بەڵام دوای پێنج مانگ جارێکی دیکە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کرایەوە، فەرەنسا کە پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە بۆ یاری گەڕانەوە دەچێتە کرواتیا و رووبەرووی هەڵبژاردەی مۆدریچی هاوڕێی دەبێتەوە.

پۆرتوگال بە سەركردایەتی كریستیانۆ هاتەوە مەیدان
پۆرتوگال دەستی بە کەمپی مەشق و راهێنان لە شاری دۆ فۆتبۆلی پۆرتوگال كرد کە شوێنێكە دەكەوێتە دەرەوەی شاری لیسبۆنا، بڕیارە پۆرتوگال یاری داهاتووی لە نەیشن لیگ بێت و لە قۆناخی چارەگی کۆتایی ئەنجام بدات.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ جارێکی دیکە باگهێشتکراوەتەوە و سەركردایەتی هەڵبژاردەکەی دەکات، رۆناڵدۆ ئامانجی بردنەوەی دووەم ناسناوی نەیشن لیگە.
جگە لە دۆن، رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری پۆرتوگال، جیۆڤانی کوێندای 17 ساڵانی بانگهێشت کردووە، کە ئەم یاریزانە لاوە بریارە هاونی داهاتوو پەیوەندی بە چێڵسی بکات، کە گرینەستی بۆ ماوەی حەفت ساڵی لەگەڵ ئەنجامداوە.
بڕیارە پۆرتوگال شەوی پێنجشەممە لە کۆپنهاگن لە یاری جوون رووبەرووی دانمارک بێتەوە و سی رۆژ دواتریش یاری گەڕانەوە ئەنجام بدەن.

ماتادۆرەكان ئامادەكارییەكانیان دەست پێ كرد
هەلبژاردەی ئیسپانیای پاڵەوانی یۆرۆ و نەیشن لیگی رابردوو، راهێنانەكانی دەست پێ كرد و لەم هەفتەیە دوو یاری بەرامبەر هۆڵەندا دەکات،
جارێکی دیکە دی لاڤوێنتی سەرکردایەتی لارۆخا دەکات.
پێدری، لامین یامال، نیکۆ ویلیامز و ئاسینسیۆ چەند یاریزانیکی دیکە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە پاڵەوانییەتیەکانی داهاتوو دەکەن،
بریارە شەوی پێنجشەممە ئیسپانیا بچێتە رۆتردام و دەبیتە میوانی هۆڵەندا، یەکشەمەی دواتر لە شاری ڤالێنسیا یاری گەڕانەوە ئەنجام دەدەن، ئەمەش لە كاتێكدایە ئیسپانیا لە دوایین شەش یاری لە پاڵەوانییەتییەکە پێنج بردنەوە و یەکسانبوونیکی هەیە و پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە.