ئەمڕۆ رۆژی رکابەریکردنە لەسەر نازناوی خولی نایابی کوردستان

بارزان ئەکرەم – هەولێر

لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 23ـی خولی نایابی کوردستان، ئەمڕۆ کاتژمێر(2:30) چەند یارییەکی گرنگ و چارەنووسساز لە خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە گرنگترین یاریی ئەمڕۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێروانە و برایەتییە، کە چارەنووسی تیپەکەی کەلار یەکلادەکاتەوە، دەربەندیخان ئەرکی زەحمەتە، میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، هەولێریش بۆ مانەوە لە خولەکە دەبێتە میوانی سیروانی نوێ، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتەڕوو.

برایەتی ئامادەی یارییەکەی شێروانە نابێت
یانەی شێروانە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی برایەتی دەکات، شێروانە گەڕی رابردوو دووچاری دۆڕانێکی سەخت هات، کاتێک بە ئەنجامی (5-4) بە پێشمەرگەی هەولێر دۆڕا، ئەمە تیپەکەی لە سەرکەوتن و نزیکبوونەوە لە بردنەوەی نازناوەکە راگرت، ئێستا عادل عەلی راهێنەر دەیەوێت بە خێرای لەسەر حسابی برایەتی بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و بەردەوامبوون لە جەنگکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە، چونکە بە دۆڕان یا یەکسانبوونی لەم یارییە پێگەی شێروانە بەتەواوی دەکەوێتە مەترسی و ئەگەری هەیە بە یەکجاری لە نازناوەکە دووربکەوێتەوە، خاوەن 43 خاڵن و لە پلەی یەکەم دێن.
یانەی برایەتی لە کێشەیەکی گەورەدایە، ماوەی سێ مانگە یاریزانەکان هیچ بڕە پارەیەکیان لە گرێبەست و موچەکەیان وەرنەگرتووە، چەند رۆژێکە بایکۆتی مەشق و راهێنانیان کردووە، یونس سلێمانی راهێنەر دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئەمڕۆ بۆیە گەشتی کەلاریان نەکردووە و ئامادەنین یارییەکە ئەنجام بدەن، بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە خانەی 19ـەیەم دێن.

پێشمەرگەی هەولێر میوانی دەربەندیخانە
یانەی دەربەندیخان لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، یانەی دەربەندیخان لە دۆخێکی باش دایە، چونکە گەڕی رابردوو توانیان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان لە یانەی هەولێر ببەنەوە، ئەم بردنەویە تیپەکەی بردە قۆناغێکی باش و تیپەکەی لەژێر فشاری شکستەکانی رابردووی یانەکە دەرهێنا، دەربەندیخان خاوەنی 29 خاڵە و لە خانەی چوارەم دێن.
پێشمەرگەی هەولێر نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە نابێت، چونکە تەنیا یەک خاڵ لە شیروانەی پێشەنگ دوورە، بە بردنەوە لەم یارییە درێژە بە رکابەریکردنی نازناوەکە دەدات، بەڵام شکستی لەم یارییە رەنگە ببیتە ئەگەری لەدەستدانی خانەی دووەم بۆ بەرژەوەندی یانەی زاخۆ، پێشمەرگە گەڕی رابردوو هەریەک لە یاریزانان هەردی سیامەند و هەڵگورد قەیس و دانا کامەرانی بانگهێشتی یارییەکە کردبوو ئەڕۆش لەم یارییەدا ئامادەدەبن، خاوەنی 42 خاڵن و لە خانەی دووەم دێن.

هەولێر دەیەوێت هەڵسێتەوە
یانەی سیروانی نوێ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی هەولێر دەکات، سیروانی نوێ گەڕی رابردوو یاریی نەکردووە، چونکە بەرامبەر سەیدسادق بوو، کاتی زیاتری لەبەردەستبوو تا خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەبکات، کۆمەڵێ یاریزانی لاو لە پێکهاتەی سیروانی نوێ هەیە، بە فشاری بەرز و بەرگری بەکۆمەڵ یاریدەکەن، بۆ گۆڵکردن پشت بە هێرشی پێچەوانە دەبەستن، خاوەنی بە 27 خاڵ لە خانەی هەشتەم دێت.
هەولێر دۆخی خراپە لە دوو یاریی رابردووی لەنێو یاریگای خۆی بە یانەکانی شێروانە و دەربەندیخان دۆڕاوە، تیپەکە دەیەوێت هەڵسێتەوە، بۆ ئەوەی لەناوچەی مەترسیدار نزیک نەبنەوە، چونکە بەم دۆڕانە لە ریزبەندی یانەکان دەکەونە کێشە، 24 خاڵیان هەیە و لە خانەی دەیەم دێن.
تا ئێستا بەهۆی کشانەوەی یانەکانی ئارارات و سەیدسادق دوو یانەن، لە خولی نایابی کوردستان دابەزیون، بەڵام بە پێی بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەبێت دوو یانەی دیکەش دابەزن و بۆ وەرزی داهاتوو ژمارەی یانەکانی خولی نایابی کوردستان بۆ 14یانە کەمبێتەوە.