ئامارە گرنگەكانی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

دوای یارییەکانی گەڕی بیست و یەکەمی خولی نایابی کوردستان، ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان کە بە ڕووی یاریزانان بەرزدەکرێنەوە لە زیاد بووندایە، ڕۆژنامەی هەولێر هەموو وەرزێک هەفتانە ئامار و زانیارییەکانی خولەکە بڵاو دەکاتەوە.

کۆمەڵێک ئامار لەسەر خولەکە
دوای تێپەڕبوونی ٢١ گەڕ شێروانە زۆرترین یاری بردۆتەوە کە ١٣ یاریە، چوارقوڕنە لە کۆی ١٩ یاری کە ئەنجامی داوە ١٠ یاری یەکسان بووە کە زۆرترینە، شێروانە و زاخۆ زۆرترین گۆڵیان تۆمارکردووە کە ٤٠ گۆڵە، سەیدسادق زۆرترین گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە کە ٤٢ گۆڵە.
تا ئێستا ٤٢ لێدانی سزا بۆ یانەکان هەژمارکراون، لەو ژمارەیە ٣٦ لێدانیان کراون بە گۆڵ، شەش لێدانیان نەکراون بە گۆڵ.
رکەبەری گۆڵکاری خولەکە بەهێزە، تا ئێستا فەرحان شکور بە تۆمارکردنی پازدە گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە، بەڵێن فایەق یاریزانی چوارقوڕنە بە ١١ گۆڵ لە پلەی دووەم دێت و عومەر بیبۆ لە زاخۆ ١٠ گۆڵی هەیە و لە پلەی سێیەم دێت، محەمەد خەلیل لە برایەتی محمەد والح لە شەقڵاوە فرانسیس دادزی لە پێشمەرگەی هەولێر ٩ گۆڵیان هەیەو لە پلەی چوارەم دێن، گێلێرمی سانتۆس و جۆرجی لویس لە یانەی زاخۆ و بیلال سالح لە یانەی شێروانە ٨ گۆڵیان هەیە و لە پلەی پێنجەم دێن، نیعمەت عارف لە یانەی پیشەسازی و گەیلان بورهان لە چوارقوڕنە بە ٧ گۆڵ پلەی شەشەمی ڕیزبەندی گۆڵکارانیان گرتووە.

ژمارەی کارتە زەرد و سوورەکان
تا ئێستا لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە ١٤٥ یاری کە ئەنجامدراوە، ٣٦٥ گۆڵ تۆمار کراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک ٢،٥ گۆڵە، لەو ژمارەیە ١٢٩ گۆڵیان لە نیوەی یەکەم و ٢٣٦ گۆڵیان لە نیوەی دوومدا تۆمار کراون، گەڕی یەکەمی خولەکە زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە کە ٢٤ گۆڵە، ڕێژەی کارتە ڕەنگاو ڕەنگەکان لەبەرزبونەوەدایە و ٦٥٨ کارتی زەرد بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە و لە کۆی ئەو ١٤٥ یاریەدا ٣٧ کارتی سوور بەڕووی یاریزانان بەرزکراوەتەوە، گەڕی شازدەمی خولەکە زۆرترین ژمارەی کارتی تێدا بەرزکراوەتەوە کە ٤٣ کارتی زەرد و ٣ کارتی سوورە.

ڕیزبەندی کلین شیت
دوای تێپەڕبوونی ٢١ گەڕ بەسەر یارییەکاندا ژمارەیەک گۆڵپارێز ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەکانیان پێشکەش دەکەن و توانویانە زۆرترین جار پارێزگاری لە گۆڵی تیپەکانیان بکەن، ڕیزیبەندی زۆرترین کلین شیتیش تا ئێستا بەمشێوەیە:
١- گەیلان سادق– یانەی هەندرێن ٨ کلین شیت
٢- نیما عەزیز – یانەی دەربەندیخان، چوارقوڕنە ٧ کلین شیت
٣- عەباس یابر – یانەی ئاکرێ ٦ کلین شیت
٤- ڕەوەند عجیل – یانەی هەولێر ٦ کلین شیت
٥- هۆگر عەلی – یانەی زاخۆ ٥ کلین شیت