بارزان ئەکرەم – هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/3/2025، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 22ـی خولی نایابی کوردستان، چەند یارییەکی بەهێز بەڕێوە دەچێت، کە لە گرنگترین یاریی پێشمەرگەی هەولێر و شێروانە رووبەڕوو دەبنەوە، هەولێر و دەربەندیخان لە پایتەختی کوردستان بەیەک دەدەگەن، چوارقوڕنە و شەقڵاوەش یاریی مان و نەمان ئەنجام دەدەن، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتەڕوو.
لە پیرمام چارەنووسی پاڵەوانی ئەم وەرزە یەکلا دەبێتەوە
یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگەی خۆی لە پیرمام، میوانداریی یانەی شێروانە دەکات، ئەم دوو یانەیە رکابەری بەهێزی ئەم وەرزەی بردنەوەی نازناوەکە دەکەن، کە جیاوازی نێوانیان تەنیا چوار خاڵە، بەڵام دۆخی پێشمەرگە خراپە، چونکە گەڕی رابردوو بە ئەنجامێکی گەورە لە بەرامبەر زاخۆ دۆڕان، بۆیە تەها قادری راهێنەر دەیەوێت، بە هەر نرخێک بێت لە شێروانە بباتەوە جیاوازییەکە بۆ خاڵێک کەم بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر بیدۆڕێنێت، ئەوا جیاوازییەکە دەبێتە حەوت خاڵ و شێروانە لە بردنەوەی نازناوەکە بەڕێژەیەکی زۆر نزیکدەبێتەوە، پێشمەرگەی هەولێر خاوەنی 39 خاڵە و لە خانەی دووەم دێت.
شێروانە ئەم وەرزە بە ئاستێکی نایاب دەردەکەوێت، هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە بتوانن بۆ یەکەمجار ئەم خەونەی هاندەرانی یانەکە بهێنە دی، عادل عەلی راهێنەر کە وەرزی رابردوو لە دوایین گەڕ نازناوەکەی لە بەرژەوەندیی یانەی ئاکرێ لەدەست دا، دەیەوێت ئەم وەرزە بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە، چوار خاڵ لە لەگەڵ رکابەرەکەی جیاوازی هەیە، ئەگەر ئەمڕۆ بیباتەوە جیاوازییەکە زۆر دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە، 43 خاڵیان هەیە و لە خانەی یەکەم دێن.
یانەی هەولێر و دەربەندیخان لە پایتەخت یاری دەکەن
یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی دەربەندیخان دەکات، هەولێر گەڕی رابردوو لە نێو یاریگەی خۆی بە یانەی شێروان دۆڕا، ئەمەش کاریگەری بەسەر تیپەکەوە هەبووە، تیپەکە لە ماوەی رابردوو بەهۆی پێنەدانی مووچە کەمترین یەکەی مەشق و راهێنانیان کردووە، بۆیە کاریگەری خراپی توانای جەستەیی بەسەر یاریزانەکانەوە هەبووە، کاتێک لە یاریی بەرامبەر شێروانە بە گۆڵێک لە پێشبوون، بەڵام لە دوای خولەکی 70 دوو گۆڵیان لێ تۆمارکرا، ئەمەش بۆ دابەزینی ئاستی جەستەیی یاریزانەکان دەگەڕێتەوە، هەولێر خاوەنی 24 خاڵە و لە خانەی دەیەم دێت.
دەربەندیخان، بە کۆمەڵێ کێشەوە، ئەم یارییە ئەنجام دەدات، هەفتەی رابردوو بەهۆی کێشەیەکەوە سەرۆکی یانەکە فەرحان شوکری گۆڵکاری تیپەکەی لە یانەکە دوورخستەوە، کە بە 16 گۆڵ سەروو ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە، ئەمەش کێشە بۆ هێلی پێشەوەی تیپەکە دروستدەکات، دەربەندیخان بە 26 خاڵ لە خانەی شەشەمی ریزبەندی دێت.
چوارقوڕنە و شەقڵاوە جەنگی مانەوە دەکەن
یانەی چوارقوڕنە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی شەقڵاوە دەکات، چوارقوڕنە دۆخی باش نییە، هەڕەشەی ئەنجام نەدانی یارییەکە دەکەن، چونکە ماوەی دوو مانگە یاریزانەکان موچەیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا مەترسی دابەزینیان لەسەرە، رەفیق سەعیدی راهێنەر بەرێژەیەکی زۆر توانی تیپەکە لە دۆخە خراپەکەی سەرەتای وەرز رزگار بکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە مانەوەی تیپەکە لە خولەکە مسۆگەر بکات، ئەم یارییە بۆ هەردوو تیپ چارەنووسسازە، چونکە رکابەری یەکتردەکەن لەسەر مانەوە لە خولەکە، چوارقوڕنە بە 22 خاڵ لە خانەی سێزدەیەم دێن.
شەقڵاوە لە ناوچەی دابەزینە بۆیە هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە بتوانن ئەم یارییە ببنەوە و هەنگاوێک لە ناوچەی دابەزین دووربکەونەوە، بەڵام بە دۆڕانیان لەم یارییە ئەگەری دابەزینیان لە خولەکە زۆر دەبێت، بۆیە ئەمڕۆ دەیانەوێت بەهەر نرخێکبێت بردنەوە لە بەرامبەر چوارقوڕنە بەدەستبێنن، خاوەنی 17 خاڵن و لە خانەی چواردەیەمی ریزبەندی دێن.