ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
* ئەمشەو لە چامپیۆنزلیگ ئەم یارییانە دەكرێن و ناسنامەی هەر 8 یانەكەی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ ئاشكرا دەبێت: لیل فەرەنسا ـ بوروسیا دۆرتمۆند 20:45، ئاستۆن ڤیلا ـ كلەب بروج 23:00، ئارسێناڵ ـ ئایندهۆڤن 23:00، ئاتڵێتیكۆ مەدرید ـ ریال مەدرید 23:00.
* رۆژنامەی ماركای ئیسپانیا: بۆ یارییەكەی ئەمشەوی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ مەدرید، دانی كارڤاخاڵ و ئێدەر میلیتاو یەكلایی بووەتەوە كە بەهۆی پێکان دابڕاون، لەلایەکی دیکەوە دانی سێبایۆس ناوەڕاستکاری مێرنگی، ئەم یاریزانەش ماوەیەکە تووشی پێکان بووە و وادەی گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان نادیارە، هەروەها ئانتۆنیۆ رۆدیگێر بەرگریکاری ئەڵمانی، ئەو یاریزانەش یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر رایۆ ڤایێکانۆ لە لالیگا بەهۆی پێکان بەشداری نەکرد، بەڵام ئەو یاریزانە لە پێکانەکەی رزگاری بووە و بۆ یارییەكەی ئەمشەو بەردەست دەبێت. تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی یانە شاهانەکەیە، بەهۆی پێکان نەیتوانی بەشداریی یاری یانەکەی بەرامبەر ڤایێکانۆ بکات، بەڵام لە پێکانەکەی رزگاری بووە و بۆ دێربی مەدرید هیچ کێشەیەکی نابێت.
* رۆژنامەی ماركا: لە یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدرید گومان لەسەر بەشداریکردنی 3 یاریزانی ئەو یانەیە دەکرێت، کلێمێنت لێنگلێت بەرگریکاری فەڕەنسی لەگەڵ هەردوو یاریزانی هێڵی ناوەراست رۆدریگۆ دی پاول و کوکێ، ئەو سێ یاریزانە بەهۆی پێکان ئەستەمە بۆ دێربی مەدرید ئامادەبن.
* رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا: یاری کەین هێرشبەری ئینگلیزی مانگی هەشتی ساڵی 2023 ریزەکانی یانەی تۆتێنهامی جێهێشت و بەرامبەر 95 ملیۆن یۆرۆ، پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنەوە کرد و تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئەڵمانیەکە هەیە. بەڵام کارگێری یانە باڤارییەکە ئامادەیە هاوینی داهاتوو، دەستبەرداری هێرشبەرەکەی بێت، کارگێری یانەی بایرن میونشن بەرامبەر دەستبەرداربوون لە هاری کەین، داوای نزیکەی 67 ملیۆن یۆرۆ دەکەن و یانەکانی تۆتێنهام و مانچێستەر یونایتد و هەروەها چێڵسی لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی.
* ئەمڕۆ لە یاریی لوتكەی قۆناغی پێشكۆتایی جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی، یانەی دهۆك و ئیتیفاقی سعوودیە لە كاتژمێر 21:00ـی شەو لە یاریگەی دهۆك بەیەك دەگەن.
* رۆدریگۆ هێرشبەری بەرازیلی یانەی ریال مەدرید: زۆر ئۆفەرم پێگەیشتووە، بەڵام خۆشەویستی یانەی ریال مەدرید لە ناخم دایە و بیرم لە جێهێشتنی ئەو یانەیە نەكردووەتەوە، چونكە زۆر دڵخۆشم بە ژیانی ئێرە.