بارزان ئەکرەم – هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە گەڕی 22ی خولی نایابی کوردستان ئەنجام دەدرێت، یارییەکان کاتژمێر (2:30) بەڕێوە دەچن، لەم گەڕەدا چارەنووسی چەند یانەیەک دەردەکەوێت، بەشێک لە یانەکان جەنگ لەسەر ریزبەندی پێشەوە دەکەن، هەندێکیشیان هەوڵی رزگاربوون لە لە ناوچەی دابەزین دەدەن، برایەتی میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات و ئاکرێش میوانی هەندرێنە، پیشەسازی و رزگاری رووبەڕوودەبنەوە، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتە ڕوو.
یانەی برایەتی ئەرکی قورسە
یانەی برایەتی لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی زاخۆ دەکات، برایەتی بە راهێنەرایەتی یونس سلێمان ئامادەکاریی بۆ ئەم یارییە کردووە، برایەتی کێشەی دارایی هەیە، کە ئەمەش کاریگەری زۆری بەسەر لایەنی دەروونی تیپەکەوە هەیە، بەڵام ئەمڕۆ دەیانەوێت بە بردنەوە لە زاخۆ زەنگی هەڵسانەوە و گەڕانەوەی یانەکە بۆ هەمووان لێدا، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە، چونکە رووبەڕووی تیپێکی بەهێز دەبێتەوە، برایەتی خاوەنی 26 خاڵە و لە خانەی حەوتەمی ریزبەندییەکە دێت.
یانەی زاخۆ لە دۆخێکی باشدایە، چونکە گەڕی رابردوو لە یەکێک لە تیپە بەربژێرەکانی بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی بردووەتەوە، کە یانەی پێشمەرگەی هەولێرە، ئەمە تیپەکەی بردووەتە دۆخێکی دیکە و خەونی بردنەوەی نازناوەکەی بۆ زیندووکردوونەوەتەوە، تەنیا شەش خاڵ لە پێشەنگی خولەکەوە دوورن، بەبردنەوەی لە یانەی برایەتی رێگایەکی باش دەبڕێت بۆ گەیشتن بەسەروو ریزبەندی خولی نایابی کوردستان، بە 38 خاڵ لە خانەی سێیەم دێت.
هەندرێن دەیەوێت لە سەرکەوتنەکانی بەردەوام بێت
یانەی هەندرێن لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی ئاکرێ دەکات، هەندرێن لەسەر دەستی دڵشاد مەعروفی راهێنەر لە پێنج یاریی رابردووی چوار سەرکەوتن و یەکسانبوونکی هەیە، تامی دۆڕانی نەکردووە، ئاستی لە رووی هونەرییەوە پێشکەوتووە.
ئەمڕۆش هەندرێن دەیەوێت لەسەر حسابی ئاکرێ، درێژە بەسەرکەوتنەکانی بدات، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە و رووبەڕووی تیپێکی بەهێز دەبێتەوە، هەندرێن لەسەرەتای دەستپێکی وەرزەکە تووشی چەند شکستێک بوو ئەمەش وایکرد لە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دووربکەوێتەوە، کە لە بنەڕەتدا پلانیان داڕشتبوو ببنە پاڵەوان، بە کۆکردنەوەی 26 خاڵ لە خانەی هەشتەم دێن.
یانەی ئاکرێ گەڕی رابردوو توانی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران، دواکەوتنی بە گۆڵێک بەرامبەر برایەتی بۆ سەرکەوتن بگۆڕێت، هەژار سابیری راهێنەر توانی تیپەکە لە دۆڕان رزگار بکات، بۆیە ئاکرێ بەتەواوی بۆ ئەم یارییە ئامادەیە، سەرجەم یاریزانەکانی یاریدەکەن و هیچ کێشەیەکی گەورەیان نییە، 29 خاڵیان هەیە و لە خانەی چوارەمی ریزبەندییەکە دێن، 8 دۆڕانیان هەیە، کە ژمارەیەکی زۆرە، 19 گۆڵیان کردووە و 19 گۆڵیان لێکراوە.
پیشەسازی – رزگاری
یانەی پیشەسازی لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی رزگاری دەکات، پیشەسازی بە راهێنەرایەتی مەولود رەمەزان، خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە، کێشە پیشەسازی لە هێڵی بەرگری دایە تا ئێستا 29 گۆڵیان لێکراوە، کە لاوازی بەرگری تیپەکە دەردەخات، بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە خانەی یازدەیەمی ریزبەندییەکە دێت.
یانەی رزگاری یەکەم وەرزیەتی لە ریزی نایابی کوردستان یاریدەکات و خاوەن پێکهاتەیەکی بەهێزە، لە بەرگریکردندا زۆر باشن، تا ئێستا تەنیا 18 گۆڵیان لێکراوە، کە دووەم تیپە ئەم ژمارە کەمە گۆڵەی لێبکرێت، ئەمە نیشانەی بەهێزی دیواری بەرگری تیپەکە و خاڵی بەهێزی رزگارییە، تەنیا چوار دۆڕانیان هەیە، کە ئەمە دەردەیخات تیپێکی ئاسان نین و رکابەرێکی سەرسەختی یانەکانن، 19 گۆڵیان تۆمارکردووە، کەمە رێژەیەکی کەمی گۆڵکردنە، لاوازی هێڵی هێرشبەری تیپەکە دەردەخات، بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ لە خانەی پێنجەمی خولەکە دێن.