ڕۆدیگەر پلان بۆ یاریكردن لە خولی سعوودیە دادەنێ

ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر، بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدرید، ئامادەكاری بۆ رۆیشتن بۆ خولی سعوودیە دەكا، دوای كۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید.
دوێنێ یەكشەممە 9/3/2025، رۆژنامەی ڕیلیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر، یاریزانی ئەڵمانی ئامادە نییە كاروانی یاریكردنی لە ریاڵ مەدرید بەكۆتا بێنێ.
گرێبەستی ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید تا ساڵی 2026ـە و پێشینەكاری بۆ مانەوەیە لە یانەكەی، تا گرێبەستەكەی تەواو دەبێ و ئەو چوار ساڵە كۆتایی دێ كە ماوەی گرێبەستەكەیەتی.
تۆڕی مێدیایی ڕیلیڤۆ بڵاویشی كردەوە: ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر یانەكەی خۆش دەوێ و وا هەست دەكا هاوڕێكانیشی لە یانەكەی و كارگێڕیی و هاندەرانی یانەكەیشی خۆشیان دەوێ، وێڕای ئەو هەستەش، بۆ دەستخستنی ئەنجام و ناسناوی باشتر و زیاتر، دەیەوێ لە یانەی ریاڵ مەدرید بەردەوام بێت.
هێشتا ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەری بەریگار، بە بوونی ڕكەبەرییەوە چێژ وەردەگرێ، وایشی دەبینێ كە ریاڵ مەدرید بژاردەیەكی باشە بۆ بردنەوەی ناسناوەكان، كە لەگەڵ ریاڵ و چێڵسیدا 13 ناسناوی بردووەتەوە.
رۆژنامەكە ئەو پرسەشی ورووژاندووە، كە چەند یانەیەك بە تایبەتی لە خولی سعوودیەوە، چاودێریی ئەو یاریزانە دەكەن تا لە داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بكەن.
بەوەش كۆتایی پێ هێنا: ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگەر خواستی ئەوەی هەیە خولی سعوودیەش ئەزموون بكا، بەڵام دوای كۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، مەگەر لە بارێكدا بڕیارێكی نوێ بدا، یان ریاڵ مەدرید بڕیار بدا دەستبەرداری بێت.
مامەیارە ئەحمەد – هەولێر