یانەی شێروانە پارێزگاریی لە پێشەنگی یانەکان کرد، یانەی پێشمەرگەی هەولێریش دووچاری شکستێکی گەورە بوو
لەم گەڕەدا ١٩ گۆڵ تۆمار کران، دوای تێپەڕبوونی بیستویەک گەڕ ٣٦ لێدانی سزا هەژمار کراون
گەڕی بیست و یەکەمی خولی نایابی کوردستان بەڕێوە چوو، شێروانە لەم گەڕەدا بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی هەولێری بردەوە و پارێزگاریی لە پێشەنگی یانەکان کرد، یانەی پێشمەرگەی هەولێریش لە پلەی دووەمی ریزبەندی مایەوە ئەگەرچی لەم گەڕەدا لەبەرانبەر بە یانەی زاخۆ دووچاری شکست بوو، ڕۆژنامەی هەولێر هەموو وەرزێک هەفتانە ئامار و زانیارییەکانی خولەکە بڵاو دەکاتەوە.
یانەی شێروانە لە پلەی یەکەم مایەوە
لە یارییەکانی گەڕی بیست و یەکەمی خولی نایابی کوردستان شێروانە بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە هەولێری بردەوە و لە پلەی یەکەمی خولەکە مایەوە، پێشمەرگەی هەولێر لەم گەڕە بە چوار گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لەبەرانبەر بە یانەی زاخۆ دۆڕا و لە خانەی دووەم مایەوە، چوارقوڕنە دێربی ڕاپەڕینی لە ڕانیە بردەوە و بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە یارییەکەدا سەرکەوت، ئاکرێ بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە برایەتی بردەوە، شەقڵاوە و سیروانی نوێ بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەکیان لەگەڵ سیروانی نوێ یەکسان بوو، هەندرێن بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە پیشەسازی بردەوە.
گرنگترین ئامارەکانی خولەکە
لە كۆی ٦ یاریی گەڕی بیست و یەکەمی خولی نایابی كوردستان ١٩ گۆڵ تۆمار كرا، ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یاریەک ٣،٥گۆڵ بوو.
مورتەزا كامیل لە یانەی سەیدسادق و ساڵح موتڵەگ لە یانەی چوارقوڕنە لە خولەكی ٤ بوونە خاوەنی خێراترین گۆڵی دەستپێكی ئەم وەرزە، هەریەک لە یاریزانان ئاگرین وسو لە یانەی چوارقوڕنە و ئارێز مستەفا لەیانەی ڕانیە دوو کارتی سووری سەرەتایی خولەکەیان بەڕودا بەرزکرایەوە، فەرحان شکور یەکەم هاتریکی لەم وەرزە بەرانبەر بە یانەی سەیدسادق تۆمارکرد.
دوای تێپەڕبوونی ٢١ گەڕ شێروانە زۆرترین یاری بردۆتەوە کە ١٣ یاریە، چوارقوڕنە لە کۆی ١٩ یاری کە ئەنجامی داوە ١٠ یاری یەکسان بووە کە زۆرترینە، شێروانە و زاخۆ زۆرترین گۆڵیان تۆمارکردووە کە ٤٠ گۆڵە، سەیدسادق زۆرترین گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە کە ٤٢ گۆڵە، سەیدسادق تاکە یانەیە کە هیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەهێناوە.
تا ئێستا ٣٦ لێدانی سزا بۆ یانەکان هەژمارکراون، لەو ژمارەیە ٣١ لێدانیان کراون بە گۆڵ، پێنج لێدانیان نەکراون بە گۆڵ.
دوای تێپەڕبوونی بیست و یەک گەڕ بەسەر خولەکەدا، تا ئێستا فەرحان شکور بە تۆمارکردنی پازدە گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە، بەڵێن فایەق یاریزانی چوارقوڕنە بە ١١ گۆڵ لە پلەی دووەم دێت و عومەر بیبۆ لە زاخۆ ١٠ گۆڵی هەیەو لە پلەی سێیەم دێت و محەمەد والح لە یانەی شەقڵاوە و فراسنسیس دادزی لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر محەمەد خەلیل لە برایەتی ٩ گۆڵیان هەیە و لە پلەی چوارەم دێن، گێلێرمی سانتۆس و جۆرجی لویس لە یانەی زاخۆ و بیلال ساڵح لە شێروانە ٨ گۆڵیان هەیە و لە پلەی پێنجەم دێن.
ڕیزبەندی یانەکانی خولەکە:
١- شێروانە ٤٣ خاڵ
٢-پێشمەرگەی هەولێر ٣٩ خاڵ
٣- زاخۆ ٣٨ خاڵ
٤- ئاکرێ ٢٩ خاڵ
٥- رزگاری ٢٧ خاڵ
٦- برایەتی ٢٦ خاڵ
٧- دەربەندیخان ٢٦ خاڵ
٨- هەندرێن ٢٦ خاڵ
٩- هەولێر ٢٤ خاڵ
١٠- سیروانی نوێ ٢٤ خاڵ
١١- پیشەسازی ٢٣ خاڵ
١٢- رانیە ٢٣ خاڵ
١٣- چوارقوڕنە ٢٢ خاڵ
١٤- شەقڵاوە ١٧ خاڵ
١٥- سەیدسادق ٥ خاڵ
خشتەی یارییەکانی گەڕی بیست و دووەم
چوارشەممە ١٢/٣/٢٠٢٥
برایەتی – زاخۆ – یاریگەی برایەتی
پیشەسازی – رزگاری – یاریگەی پیشەسازی
هەندرێن – ئاکرێ – یاریگەی هەندرێن
پێنچشەممە ١٣/٣/٢٠٢٥
هەولێر – دەربەندیخان – یاریگەی فرانسۆ هەریری
چوارقوڕنە – شەقڵاوە – یاریگەی چوارقوڕنە
پێشمەرگەی هەولێر – شێروانە – یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر
رانیە چاوەڕوانە
سیروانی نوێ ٣- سفر بەهۆی کشانەوەی یانەی سەیدسادق بەبراوە دادەندرێت و لەم گەڕە یاری ناکات.
هێمن ئەسکەندەر – هەولێر