لە گەڕی 23 خولی ئەستێرەکانی عێراق، كاتژمێر 11:30ی شەوی ئەمڕۆ یەكشەممە، یانەی نەورۆز لە یاریگای خۆی میوانداریی یانەی قوەی جەوییە دەکات، یانەی نەورۆز دەیەوێت بە بردنەوە لەم یارییە بتوانێت نێوانی خۆی لەگەڵ هاندەران دوای شکستەکەی گەڕی رابردوو ئاشت بکاتەوە.
یانەی نەورۆز بە راهێنەرایەتیی قەحتان جەسیر، بە باشی خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە، راهێنەر هەوڵی داوە لە چەند رۆژی رابردوودا تیپەکە لە رووی دەروونی و جەستەییەوە ئامادە بکات، دواتر ئەو پلانە جێبەبێ بکەن کە بتوانن لە یانەی جەوییە ببەنەوە.
قەحتان دەیەوێت سەرەتا مەترسییەکانی قوەی جەوییە رابگرێت، کە خۆی لە یاریزان محەمەد سامی، یاریزانی پێشووی یانەی نەورۆز دەبینێتەوە، لەگەڵ عەلا عەباسی هێرشبەری تیپەکە، ئینجا دواتر بەو چەکانەی لە دەستیدان وەک بوونی ئاسۆ رۆستەم و ڕاستگۆ فەریق و محەمەد دلاوەر و وائیل بن عوسمان و هانی شاکر هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بدات.
پلانی قەحتانی راهێنەری نەورۆز، لە یارییەکانی رابردوو (4-3-3) بووە، هانی شاکرلە پێگەی گۆڵپارێزی بووە، لە دڵی بەرگری وائیل عوسمان و محەمەد هەمزە یارییان کردووە، لە بەرگریی چەپ تەقی فەلاح یاری دەکات و لە بەرگریی راست، محەمەد دلاوەری کاپتنی تیپکە دەبینرێت، لە ناوەڕاستدا کاتوچۆ پانۆمی ئەسیوپی و راستگۆ فەریق و ئەحەمەد محەمەد دەبینرێن، لە هێڵی پێشەوە ئاسۆ رۆستەم و مەروان حوسێن و ئەحمەد مەحمود دەردەکەون.
گرفتی نەورۆز لەم یارییە پێکانی یاریزانی هێرشبەر کلاودیۆ مارادۆنایە، کە رەنگە دوای یارییەکانی هەڵبژاردەکان بتوانێت بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.
یانەی نەورۆز ئازادیی تەواوی بە سێ یاریزانەکەی هێڵی پێشەوە داوە، بۆ ئەوەی تواناکانی ئەوان لە گۆڵکردندا بەکار بێنێت، جگەلەوەش سێ یاریزانەکەی پێشەوە خێراییان کەمە و تەمەنیان گەورەیە، بۆیە ناتوانن هەردوو رۆڵی بەرگری و هێرشبردن ببینن، راهێنەر ئەوانەی ئازاد کردووە کەمتر بەرگری بکەن، رۆڵی بەرگریی زیاتری بە ناوەڕاستکارەکان بەخشیوە، بۆیە ناوەڕستکارەکان زۆربەی کات گرفتیان بۆ دروست دەبێت و کارت وەردەگرن.
یانەی نەورۆز دوای ئەنجامدانی 22 یاریی 30 خاڵی هەیە و لە خانەی یازدەیەمی ریزبەندی دێت، 29 گۆڵی تۆمار کردووە و 26 گۆڵی لێ تۆمار کراوە، بە بردنەوە لەم یارییە رەنگە بچێتە خانەی نۆیەمی ریزبەندییەکە.
یانەی قوەی جەوییە بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح، خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە، جەویە ئەم وەرزە کێشەی زۆری بۆ دروست بووە، تا ئێستا نەیتوانیوە پێگە و هێزی تیپەکە لە خولەکە بسەلمێنێت، لە هەموو یارییەک رووبەڕووی کێشەی زۆر دەبنەوە، کۆمەڵێک ئەنجامی خراپیان لەم وەرزەدا هەبووە، سەعد عەبدولئەمیر کاپتن و ناوەڕاستکاری تیپەکەیە، گەڕی رابردوو لەنێو یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی نەفت بەرامبەر بوو، بۆیە رەخنەی زۆر ئاڕاستەی تیپەکەی لوئەی سەڵاح کرا، هەمووان ئەم یارییە بەدوا دەرفەت دەزانن بۆ لوئەی ئەگەر ئەنجامێکی باش دەستەبەرنەکا رەنگە لە تیپەکە دووربخرێتەوە.
ئێستا لە رووی هونەرییەوە کاریگەرترین یاریزانی تیپەکە، محەممەد سامی ناسراو بە حەمە ئیتۆیە، کە یاریزانێکی لێهاتوو بە جموجۆڵ و خێرایە خاوەنی بڕینی باشە، ئەسیستکارێکی دیاری نێو خولەکەیە، ئەگەر نەورۆز بیەوێت ببیاتەوە، ئەوا دەبێت مەترسییەکانی حەمە ئیتۆ رابگرێت.
جەوییە دوای ئەنجامدانی 22 یاریی 38 خاڵی کۆکردووەتەوە، لە خانەی چوارەمی ریزبەندییەکە دێت، 24 گۆڵی کردووە و 20 گۆڵیان لێ تۆمارکراوە.
لە پێنج یاریی رابردووی نێوان نەورۆز و جەوییە، جەویە خاوەنی چوار بردنەوەیە و نەورۆزیش یەک سەرکەوتنی هەیە، هەمیشە یاریی نێوان ئەم دوو تیپە کراوە و پڕ گۆڵ بووە.
یارییەکانی گەڕی 24 خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژانی چوارشەممە تا هەینی بەڕێوەدەچێت، بەمجۆرەیە
زەورا – هەولێر
دیالە – دهۆک – دواخرا
زاخۆ – نەفت
تەڵەبە – نەورۆز