چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشتری یانەی بەرشلۆنە، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی، لە بارەی چەند پرسێكەوە قسەی كرد.
چاڤی لەبارەی داهاتوویەوە دەڵێ: هیچ شتێكی سنووردارم نییە، من بە رووی هەموو ئەگەرەكاندا كراوەم، بۆچی راهێنەرایەتیی یانەیەكی تری ئیسپانیام نەكرد، من بۆ پڕۆژەیەكی سەرنجڕاكێش دەگەڕێم، تەمای بردنەوەی ناسناوەكانم هەیە، گوێ لەو بۆندە جیاوازانە دەگرم كە بۆم دێن.
لەبارەی ئەو راهێنەرانەی پێی سەرسامە، وەڵامی نەداوەتەوە و وتوویەتی: دەمەوێ یاریی ئەو تیپانە ببینم كە جوان یاری دەكەن، جا بە هەر شێوازێك بێت، گواردیۆلا و ئەرنی سلوت و ڤیسێنت كۆمپانیا و ئەوانی تریش جێی سەرسامیمن، دەمەوێ یاریزانانی یانەكە چێژ وەربگرن و یارییەكی كەمەندكێش بۆ هاندەران بكەن و ناسناوەكان ببەنەوە.
لەبارەی هیوا و تەمایەوە، چاڤی دەڵێ: دەمەوێ وەكوو راهێنەر چامپیۆنس لیگ ببەمەوە، یۆرۆ و جامی جیهانی.
لەبارەی ئەو كەسایەتییانەی كاریگەرییان بەسەریەوە هەبوو لە تۆپی پێدا، وتی: كرۆیف كاریگەرییەكی زۆری بەسەرمەوە هەبووە، لە ڕوانگەی منەوە تۆپی پێ پێش هەر شتێكی ترە. بێگومان ئامانجەكە بردنەوەیە، بەڵام ئەوە كاتێك بە دی دێ كە بە شێوەیەكی باش یاری بكەی و لەنێو یاریگەدا چێژ وەربگری.
دەشڵێ: فەلسەفەی من پشت بە چوار بنەما دەبەستێ: فشاری بەپەلە بۆ گەڕاندنەوەی تۆپ بۆ ژێركۆنتڕۆڵی خۆت، كۆنتڕۆڵكردنی تۆپ و هێشتنەوەی لەلای خۆت، چونكە ئەگەر 90%ی كاتەكە تۆپت لا نەبێ تووشی گرفت دەبی، دواتر جێگیری و دەركپێكردن دێت.
لەبارەی ئەو كاتەی لە بەرشلۆنە بووە، چی شتێكی شۆكی كردووە: دەڵێ رۆییشتنی لویس فیگۆ لە ساڵی 2000ـدا شۆكێكی گەورە بوو، بیهێنە پێش چاوت لیۆنێل مێسی كە باشترین یاریزانت بێ دوای بردنەوەی تۆپی زێڕین جێت بهێڵێ. فیگۆ كاپتنمان بوو و باشترین یاریزانیشمان بوو، بەڵام چووە یانەی ڕكەبەرمانەوە.
دەشڵێ: ئێمە دوو ساڵ وشكەدەستكەوتی ڕووی تێ كردین، چەندان راهێنەر ناویان خرایە روو، لە بەڕازیل و پورتوگال و شوێنی تر، دواتر پرسیار لە كرۆیف كرا لەبارەی كام ڕاهێنەر بۆ بەرشلۆنە گونجاوە؟ وتی: گواردیۆلا.
دەشڵێ: شانازی بەوەوە دەكەم سێ جار لە خانەی سێیەمی تۆپی زێڕین بووم، سەرەڕای نەبوونی خەڵات، پێم خۆش بوو فرانس فوتبۆڵ چەند تۆپێكی برۆنزی پێ بدامایە تا لە ئەرشڤیخانەكەم هەڵمگرتبا.
مامەیارە ئەحمەد – هەولێر