هەشت یانە گەیشتنە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی هەرێمی کوردستان

ئەم وەرزە بەبەشداریی ٣٠ یانەی پلە نایابەکان و پلە یەکەکان قۆناغی یەکەمی جامی هەڕێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ١٥ یانەی لە جامەکە ماڵئاواییان کرد و لە ماوەی سێ رۆژدا یارییەکانی قۆناغی ١٦ بەڕێوەچوون، هەریەک لە یانەکانی رانیە، رزگاری، سیروانی نوێ، خاک، دهۆک و سۆران ماڵئاوایان کرد.

لەماوەی سێ ڕۆژ یارییەکان بەڕێوەچوون

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا ئەم وەرزە بەشداریکردن لە جامی کوردستان بۆ یانەکانی پلە نایاب و یەکەکان ئیجباری بێت و هەموو یانەکان بەشداری بکەن، ئەم وەرزە جامەکە جیاواز دەبێت، ٣٠ یانە بەشدار دەبن، لە قۆناغی یەکەم یانەکان بەشێوازی ناوچەی جوگرافی دابەش بوون و بە شێوازی دەرچوون بە یەک دۆڕان یاریان کرد، ١٥ یانە گەیشتنە قۆناغی دووەم و جارێکی تر تیروپشکیان بۆ ئەنجامدرا.

لە یارییەکانی قۆناغێ یەکەم یانەکانی خاک، ئاکرێ و زاخۆ سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و سەرکەوتن بەسەر یانەکانی شۆرجە، و رواندز و سێمێلدا، لەم قۆناغەدا ٣٤ گۆڵ تۆمار کران، هەریەک لە یاریزانانی خاک ئیبراهیم، ئاراس و هەوراز ئیدریس و کەریچ پێکسۆن هێرشبەری یانەی شێروانە لە یەکەم یاریدا دوو گۆڵیان تۆمار کرد و لەسەرووی ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەک دێن.

لە یارییەکانی قۆناغی شازدەشدا، یانەی کفری لەیەکەم یاریدا بە لێدانەکانی سزا لە یانەی بابانی بردەوە، چەمچەماڵ بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لە سۆرانی بردەوە، زانکۆی جیهان بە لێدانی یەکلای کەرەوە لە یانەی دهۆکی بردەوە، پێشمەرگەی هەولێر بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی سیروانی نوێی بردەوە، زاخۆ بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی رزگاری بردەوە، برایەتی بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە خاکی بردەوە، لە دواین یاریشدا ئاکرێ بە لێدانی سزا لە ڕانیەی بردەوە، دوای ئەوەی کە کاتی ئاسایی یارییەکە هەردوو یانەی بە دوو گۆڵ یەکسان بوون.

خشتەی سەرجەم یارییەکانی قۆناغی ٨ بەمشێوەیە دەبێت:

هەینی ٢٨/٢/٢٠٢٥

برایەتی – زاخۆ – یاریگەی برایەتی

چەمچەماڵ – ئاکرێ – یاریگەی تیروپشکی بۆ دەکرێ

کفری – پێشمەرگەی هەولێر – یاریگەی کفری

زانکۆی جیهان – هەندرێن – یاریگەی زانکۆی جیهان

مێژووی جامی کوردستان

ئەگەرچی خولی نایابی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦ تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەڵام هەموو وەرزەکان جامی هەرێمی کوردستان و جامی سوپەری کوردستان بەڕێوەنەچووە، تا ئێستا تەنیا شەش جار جامی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە و چوار جاریش جامی سوپەر ئەنجامدراوە، پاڵەوانەکانی جامی کوردستان بەمشێوەیە بوون، وەرزی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ یانەی ئارارات بووە پاڵەوان، دواتر جارێکی تر لە وەرزی ٢٠١٠-٢٠١١ جامەکە بەڕێوەچوو یانەی زاخۆ لەسەر دەستی سلێمان ڕەمەزان بووە پاڵەوان، وەرزی ٢٠١٢-٢٠١٣ سێیەم وەشانی جامەکە ئەنجامدرا و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بووە پاڵەوان، دوای ئەو وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٤ بۆ چوارەم جار جامەکە بەڕێوەچوو تیایدا یانەی زێرەڤانی توانی ببێتە پاڵەوان، دواتر تا وەرزی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢ جامەکە بەڕێوەنەچوو تیایدا یانەی برایەتی توانی ببێتە پاڵەوان، وەرزی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە شەشەمین وەشانی جامەکە قەڵغانی جامەکەی بەرزکردەوە، وەرزی ڕابردوویش یانەی هەندرێن دوای بردنەوەی لە یانەی ئاکرێ بووە پاڵەوانی جامەکە، پاڵەوانانی جامی سوپەریش تا ئێستا هەریەک لە یانەکانی، ساڵی ٢٠٢١ یانەی برایەتی بووە پاڵەوان، وەرزی ٢٠٢٢ یانەی شێروانە بووە پاڵەوان ساڵێک دوای ئەو یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوان، وەرزەی ڕابردویش یانەی ئاکرێ توانی ببێتە پاڵەوان، یانەی سیروانی نوێ تاکە یانەیە دوو جار لە یاری سوپەری کوردستان لە ساڵەکانی ٢٠٢١، ٢٠٢٢ تووشی شکت بووە، بەرانبەر بە یانەکانی برایەتی و شێروانە.