گەڕی 22 یارییەکانی خولی ئەستیرەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت، گەڕێکی بەهێز جاوەڕێی یانە کوردستانییەکان دەکات، لە گرینگترین یاری، یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی مینا دەکات، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی گەرمە دەبێتەوە، یاریی کلاسیکۆی نێوان هەولێر و دهۆکیش بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، رۆژنامەی هەولێر هەموو گەڕێک شەن و کەوی یارییەکان دەکات و دوایین زانیاریی دەخاتەڕوو.
مینا میوانی دۆزەخەكەی زاخۆیە
ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر(8:30)ـی شەو یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی مینا دەکات، زاخۆیەکان چاویان لەوەیە 3 خاڵی یارییەکە بەدەستبێنن.
یانەی زاخۆ بە راهێنەرایەتی تەڵال بەلووشی، ئەم وەرزە بوونەتە مۆتەکەی یانەکانی عێراق، بەجۆرێک هەر یانەیەک سەردانی ئەم یاریگەیەی کردبێت تووشی شکست هاتووە، تەنیا یانەی کاربا نەبێت بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم بە گۆڵێکی بێوەڵام لەم یاریگەیە لە زاخۆی بردەوە.
زاخۆ هەفتەی رابردوو لە قۆناغی هەشتەمی جامی عێراقی، توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام لە نێو یاریگەی خۆی لە یانەی گەرمە بباتەوە، گۆڵەکان لەلایەن ناسر محەممەدۆ و هێنریک گۆستاڤوۆە تۆمارکران، زاخۆ خاوەن پێکهاتەیەکی بەهێزە. تەنانەت یاریزانە یەدەگەکانیشی لە ئاستێکی باشدان و دەتوانن تیپەکە لەهەر دۆخێکی نەخوازراو رزگار بکەن.
زاخۆ بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە، دەیانەوێت پارێزگاری لەم ئاست و پێگەیەی خۆی بکات، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە، چونکە رووبەڕووی یانەی مینا دەبێتەوە، کە تیپکی لاون و چەند یاریزانێکی بە ئەزموونیان لەگەڵە، بە ئاسانی ناتوانی گۆڵیان لێ تۆماربکەی.
یانەی مینا دوای ئەنجامدانی 21 یاریی 21 خاڵیان هەیە و لە خانەی 16 ریزبەندی یانەکان دێن، نایانەوێت تووشی کێشە ببنەوە و لە ناوچەی دابەزین نزیکببنەوە، بۆ ئەوەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بمێنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت هاندەرانی زاخۆ وەک چۆن لەسەرجەم یارییەکانی دیکە ئامادەدەبن، لەم یارییەش نزیکەی 25 هەزار هاندەر ئامادەبێت کە پاڵپشتی یاریزانەکانی تیپەکەیان بکەن.
کلاسیکۆی کوردستان دواخرا
یاریی نێووان هەولێر و دهۆک، کە بە کلاسیکۆی کوردستان ناسراوە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، چونکە دهۆک رۆژی پێنجی ئەم مانگە لە سعوودییە رووبەڕووی ئیتیفاقی سعوودی دەبێتەوە، کە لە یاریی چوونی پێشکۆتایی جامی یانەکانی کەنداو یاریدەکەن، یاریی گەڕانەوەش لە دوازدەی ئەم مانگە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت.
هەولێر لە یاریی چووندا لە نێو یاریگەی دهۆک بە گۆڵێکی بێوەڵام لە دهۆکی بردەوە، کە گۆڵەکە یوسف بن سۆدە تۆماریکرد، دهۆک دوو یاریی دیکەشی لەخولەکە بەرامبەر شورتە دواخراوە.
نەورۆز میوانی گەرمەیە
یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سبەی سێشەممە دەبێتە میوانی گەرمە یارییەکە لە شاری روومادی بەڕێوەچێت، نەورۆز لەگەڵ هاتنی قەحتان جەسیری راهێنەر، ئاستی بەرەو هەڵکشان رۆیشتووە، یارییەکانی نێو یاریگەی خۆی وەک کەرنەڤاڵێکی لێهاتووە، چونکە ژمارەیەکی زۆر هاندەر ئامادەی یارییەکان دەبن.
قەحتانی راهێنەر توانیویەتی هاوسەنگییەک لەنێوان هێرشبەرانی تیپکەی و بەرگریکارانی تیپەکەی رابگرێت، ئازادی زیاتری بە یاریزانانی هێلی پێشەوە داوە بۆ ئەوەی کەمتر بەرگری بکەن، بەڵام دەبێت ناوەڕاستکارەکانی تیپەکە بەرگری زیاتر بکەن و زیاتر رابکەن.
یانەی نەورۆز هەفتەی رابردوو لە قۆناغی شازدەی جامی عێراق توانی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە یانەی حوسێن بباتەوە، خۆی بگەیێنێتە قۆناغی هەشتی خولەکە، لەو قۆناغەشدا رووبەڕووی زاخۆ دەبێتەوە.
یانەی نەورۆز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 30 خاڵ لە خانەی دەیەم دێت، یانەی گەرمەش بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ لە خانەی دوازدەی ریزبەندی دێت.