گۆڕانكاری بەسەر یاسای تۆپی پێ دا هات

لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو زۆر گۆڕانكاری و رووداوی وەرزشی گەورە روویدا، گرینگترینیان ئەو گۆڕانكارییە بوو كە بەسەر یاسای تۆپی پێ دا هات، لە لایەكی دیكەیشەوە، دڵتەنگی و كاردانەوەكانی كارلۆ ئانچیلۆتی، دوای شكستەكەیان بەرامبەر ریال بێتیس زۆرترین قسە و باسی بەدوای خۆیدا هێنا.

گۆڕانكاری بەسەر یاسای تۆپی پێ دا هات

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان له‌ 139ـه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی له‌ ئێرله‌ندا، یاسای تۆپگرتنی گۆڵپارێزی له‌ پێنج چركه‌وه‌ زیاد كرد بۆ هه‌شت چركه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رپێچیكردنی گۆڵپارێزیش ئه‌وا لێدانی كۆڕنه‌ بۆ یانه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت.

پاتریك نێلسۆن به‌ڕێوبه‌ری جێبه‌جێكاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرله‌ندا لەمبارەیەوە رایگەیاند به‌ سه‌یركردنی ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ی له‌ پێشوودا كردوومانه‌ گه‌یشتینه‌ بڕیارێك بۆ ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ گۆڵپارێزه‌كان تۆپ لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه‌ جارێكی دیكە دەستكاری بكەین.

 پاتریك نێلسۆن دەڵێت: روونه‌ كه‌ له‌ پێشوودا هیچ یاسایەك‌ بوونی نه‌بوو، گۆڵپارێز بە كەیفی خۆی كاتی بەفیڕۆ دەدا،دواتر بڕیارێك ده‌ركرا و تا ئێستاش كاری پێده‌كرێت كه‌ بریتی بوو له‌وه‌ی هه‌ر گۆڵپارێزێك پێنج چركه‌ زیاتر تۆپ له‌نێو ده‌ستی بهێڵێته‌وه‌ فاوڵی ناڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت، ئێستاش هاتووین یاساكه‌مان گۆڕیوه‌، له‌ پێنج چركه‌وه‌ كردوومانه‌ به‌ هه‌شت چركه‌ و ناوبژیوانیش له‌ پێنج چركه‌ی كۆتایی به‌ ئاماژه‌ بۆ گۆڵپارێز چركه‌كان ده‌ژمێرێت، ئه‌گه‌ر گۆڵپارێز له‌وكاته‌ زیاتر بۆی دانراوه سه‌رپێچی كرد ئه‌وا لێدانی كۆڕنه‌ بۆ تیپی به‌رامبه‌ر هه‌ژمار ده‌كرێت.

ئەو بەرپرسەی فیفا گوتیشی: ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌مان له‌ خولی پله‌یدووی ئینگڵاند و خولی پله‌یه‌كی ئیتاڵیا و خولی لاوانی ماڵتا كرد له‌ كۆی 400 یاریی پێموایه‌ سێ كۆڕنه‌ له‌ ئینگلاند و یه‌ك كۆڕنه‌ش له‌ ئیتاڵیا هه‌بوو، له‌ خولی لاوانی ماڵتا هیچ لێدانێكی كۆڕنه‌ نه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ پێمانوایه‌ یاساكه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و له‌ وه‌رزی داهاتوو به‌دواوه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌ جیهان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.

ئانچیلۆتی: ئەگەر ئاوها یاریی بكەین هیچ یارییەكی دیكە نابەینەوە

کارلۆ ئانچێلۆتی دوای شکستەکەیان بەرامبەر ریال بێتس رایگەیاند ئەوان شایستەی دۆڕان بووین، دەشڵێت: ئەگەر لە یاریی داهاتوو بەم شێوەیە بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدریدش یاریی بكەین بێگومان سەركەوتوو نابین.

ئەمەش گرینگترین قسەكانی کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریال مەدریدە: بە گشتی یارییەکی خراپمان کرد. سەرەتاییەکی باشمان هەبوو، بەڵام نەمانتوانی لەم ریتمە بەردەوام بین، ئەوان تیپێکی باشبوون لە ئێمە باشتر یارییان کرد و شایانی بردەوە بوون، بەدڵنیاییەوە ئەم دۆرانە زۆر بە ئازاربوو لەکاتیکی خراپدابوو، دەبێت کاردانەوەی بەهێزمان لە یارییەکانی داهاتوو هەبێت، رکابەرەکانمان ئەم دەرفەتە لەدەست نادەن و هەوڵدەدەن جیاوازییەکانیان لەگەڵ ئێمە زیاد بکەن، ئەگەر بەم شێوەیە یاری بکەین بۆ یاری سێشەممە بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید سەرکەوتوو نابین، هیوادارم ئەم یارییە بەئاگا هێنانەوەبێت و بتوانین خۆمان بۆ یارییەکانی داهاتوو کۆبکەینەوە، لەم دواییانە تیپەکەمان بەگشتی هاوسەنگ بوو، تێگەیشتنی باش لەنێوان یاریزانەکان هەبوو، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان وانەبوو.

چارلۆت هۆرنێتس لە شكستەكانی بەردەوامە

لە خولی باسکەی ئەمریکا، چارلۆت هۆرنێتس تووشی شەشەم دۆڕانی لەسەر یەک و 45ـەمین دۆڕانی ئەم وەرزە بوو.

لە بەردەوامی یارییەکانی خولی باسکەی ئەمریکا و لە کۆمەڵەی رۆژهەڵات، هەردوو یانەی چارلۆت و واشنتۆن ویزاردز کە هیچ چانسێکیان بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نییە، رووبەڕووی یەکتری بوونەوە، لە کۆتاییدا خاوەن یاریگا واتە چارلۆت بە ئەنجامی 100 خاڵ بەرامبەر 113 خاڵ، تووشی چل و پێنجەمین دۆڕانی ئەم وەرزە بوو، لە بەرامبەردا واشنتۆن ویزاردز کە لە پلەی کۆتایی ریزبەندی کۆمەڵەی رۆژهەڵات دێت، ئەو یانەیەش یازدەیەمین بردنەوەی ئەم وەرزەی بەدەستهێنا.

مارک ویلیامز پیاوی یارییەکە بوو و بە تەنهایی توانی 24 خاڵ بۆ یانەکەی واتە چارلۆت بەدەست بهێنێت، بەڵام نەیتوانی رێگری لە دۆڕانی تیپەکەی بکات، لە بەرامبەردا هەر یەکە لە کریس میدلتۆن و کولیبالی هەر یەکەیان 17 خاڵیان بۆ واشنتۆن ویزاردز تۆمار کرد.

ستیڤانۆس تیستیباس بووە پاڵەوانی تێنسی دوبەی

لە یاریی کۆتایی پاڵەوانیەتی تێنسی کراوەی دوبەی ستیڤانۆس تیستیباسی یۆنانی رووبەرووی فیلێکس ئۆگێی کەنەدی بووەوە و یارییەکەی لێبردەوە، ستیڤانۆس لە یارییەکە ئەستەمی نەبینی و بە دوو سێتی بیوەڵام سەرکەوت، ئەنجامی سێتەکان شەش سێ، شەش سێ بوو، لەماوەی کاتژمێرێک و سی خولەک توانی یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆی تەواو بکات، ئەمە سێیەمجارە تیستیباس دەگاتە یاری کۆتایی دوبەی بەڵام یەکمجارە ناسناوەکە دەباتەوە.