یانەی ئەی سی میلان یاریزانێكی لەدەست دا

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

یانەی ئەی سی میلان، یاریزانی بەرگریكار كایل وكەری لەدەست دا، بە هۆی ئەوەی تووشی پێكانی ماسوولكەكانی بوو.

بەپێی زانیارییەكانی سایتی فوتبۆڵی ئیتاڵیا، وكەر بۆ هەردوو یاریی یانەكەی بەرانبەر تۆرینۆ و بۆلۆنیا، بەهۆی ناڵینی بە پێكانەوە بەشداری ناكا.
ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە ئینگلیزییە، بەشداریی مەشقەكانی دوو رۆژی ڕابردووی یانەكەشی نەكردووە، كە لە یاریی نێوانیان لەگەڵ فیێنۆردی هۆڵەندی لە چامپیۆنس لیگ، تووشی پێكان هات.
ئەوەی جێی سەرسووڕمانە، وكەر تا ئێستە پشكنینی پزیشكیی نەكردووە، لە كاتێكدا میلان پێی وایە پێكانەكەی مەترسیدار نییە و بە دووركەوتنەوە لە دوو یاریی داهاتوو، پشوو وەردەگرێ و دەگەڕێتەوە یاریكردن.
دووركەوتنەوەی وكەر لە كاتێكدایە بەرگریكارێكی دیكەی یانەكە ئیمەرسۆن رۆیاڵیش بە هۆی پێكانەوە لە یاریكردن دوور كەوتووەتەوە و ماوەیەكی زۆریش دادەبڕێ. بۆیە یانەكە لە مانگی یەكی ڕابردووو، پەنای بۆ دەیڤید كالابریا برد و بە شێوەی خواستن لە بۆڵۆنیای وەرگرت، لە كاتێكدا ئەلیساندرۆ فلۆرێنزی لە هیچ یارییەكی ئەم وەرزەدا بەشداریی ناكا.