ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2024.11.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، لە یاریگای نێودەوڵەتی شەهید فەڕەنسۆ هەریری لە هەولێری پایتەخت، دوای کۆتایهاتنی یارییەکانی پاڵەوانییەتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق، کە دوای 20 ساڵ لە شاری هەولێر میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەچوو، جام و خەڵات و میدالیایی پاڵەوانیەتیەکەی بەسەر ( یەکەم و دووەم و سێیەم ) و براوەی یارییەکان دابەشکرد.
جێگەی باسە، پاڵەوانێتییەکە رۆژی 7ـی ئەم مانگە دەستپێکرد و یارییەکانی ماوەی سێ رۆژیان خایاند، کێبرکێکان بەسەرپەرشتی یەکێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق لە هەردوو یاریگەی شەهید فەڕەنسۆ هەریری و کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین بە بەشداری زیاتر لە 70 یانە و زیاتر لە 1000 یاریزانی کوڕ و کچ لەسەر ئاستی پێشکەوتووان، لاوان، تازەپێگەیشتووانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا و رکابەری لەسەر بردنەوەی جام و میدالیاکان کرا، ئەمڕۆش لە ڕێورەسمێکدا دوای کۆتایی هاتنی پاڵەوانیەتیەکە جام و میدالیای یارییەکان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و بەشێک لەئامادەبووان بە سەر یەکەم و دووەم و سێیەمی پاڵەوانیەتیەک دابەشکرا.