كوردانی شاری داڵاسی ئەمەریكا تیپێک بە ناوی كوردستان دادەمەزرێنن

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئەمریكادا تیپێكی تۆپانێ بە ناوی كوردستان دادەمەزرێ، بڕیار وایە ئەم تیپە بەشداری چەندین پاڵەوانیەتیی ئەمریكا بكات.

بەختیار عێزەت كە چالاكوانێكی كوردی دانیشتووی ئەمریكایە، لە لێدوانێكیدا بە (هەولێر)ی ڕاگەیاند: تیپی تۆپانێی كوردستان لەدایك بوو. بە دەستپشخەری و سپۆنسەرایەتی و رێنوێنیی سەنتەری كەمیونەتی كوردی ئەمەریكی لە تێكساس، تیپی فوتباڵی كوردستان دامەزرا بە فەرمی وەک یەكێك لە تیپە وەرزشییەکانی لە شاری داڵاس ناسێندرا.
ئەم چالاكوانە كوردە گوتیشی: تیپی فوتباڵی كوردستان بە ئاڵای پیرۆزی كوردستانەوە دەچێتە گۆڕەپانی وەرزش و ھیوادارین سەركەوتنی گەورە بەدەست بھێنێت و ناوی كوردستان پتر بڵاو بكاتەوە كە ئەوانە وەک باڵیۆزی كوردستانن و شانازی بە رابردووی خۆمانەوە دەكەین.
شایانی باسە میترۆشاری داڵاس پتر لە ٨ملیۆن كەسە و چوارەمین شاری ئەمەریكایە لە زۆری دانیشتوان و بە ناوەندێكی گرنگی سیاسی دەژمێردرێت.