ئیڤان راکێتیچ خولی سعوودی بەجێهێشت

ئیڤان راکێتیچی ناوەڕاستکاری کرواتی و یاریزانی پێشووتری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دوای تەنیا شەش مانگ، ریزەکانی یانەی شەبابی سعوودی بەجێهێشت.

ئەکاونتی فەرمی یانەی شەباب لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” هەواڵی رۆیشتنی یاریزانەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: “بە رەزامەندی کارگێڕی یانەی شەباب و یاریزان ئیڤان راکێتیچ، گرێبەستی یاریزانە کڕواتییەکە لەگەڵ یانە سعوودییەکە هەڵوەشایەوە”.

یانەکە ئەوەشی نووسیوە: زۆر سوپاس بۆ ئەو ماوەیەی لەگەڵ یانەکەمان بوویت، بەهیوای سەرکەوتن لە وێستگەی داهاتووت.

یاریزانەکەی پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و سێڤییا لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەیوەندی بە یانەی شەباب کرد و گرێبەستەکەی لە هاوینی 2025 کۆتایی دەهات، بەڵام پێش تەواوبوونی گرێبەستەکەی یانەکەی بەجێهێشت.

یاریزانە کڕواتییەکە ماوەی 6 مانگە روویکردووەتە یانەی شەبابی سعوودی و 8 یاریی بۆ یانەکە کردووە، لەو ماوەیەدا تەنیا گۆڵێك و ئاسیستێکی هەیە.

ئیڤان راکێتیچ تەمەنی 36 ساڵە و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی بارسێلۆنا و سێڤییا کردووە، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 3.5 ملیۆن یۆرۆیە.

ھەواڵی زیاتر