پاڵه‌وانێتی پایسكلسواری شاخەوانی له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

فیدراسیۆنی پایسکلسواری کوردستان، بڕیاری ئەنجامدانی پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی شاخەوانی دا، ژمارەیەک یاریزانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش داوای بەشداریکردنیان کردووە.

پێشبڕکێی پایسکلسواریی شاخەوانی کوردستان، رۆژی 26ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات، کە یەکەمجارە جۆرە چالاکییەکی لەمشێوەیە لە هەرێمی کوردستان سازدەکرێت. مانگێکە ناونووسین کراوەتەوە و بەشداریکردن کراوەیە. 

کەنعان ئیسماعیل، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکلسواری کوردستان، لە لێدوانێکی رایگەیاند “ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ بەڕێوەچوونی یەکێک لە جوانترین پێشبرکێکانی شاخەوانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، جوانی سروشتی نیشتمانەکەمان و لەباری بۆ ئەم یارییە هاندەرمان بوو کە بیر لەو پاڵەوانێتییە بکەینەوە، دڵنیام یەکێک دەبێت لە پاڵەوانێتییە سەرنجڕاکێشەکان”.

بەپێی دوایین ئاماری فیدراسیۆنی پایسکلسواریی کوردستان زیاتر لە 60 وەرزشوان خۆیان ناونووسکردووە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی شاخەوانی کوردستان، کێبرکێکان لە بەرزایی و نشێوەکانی سەیرانگەی دڵۆپەی هەولێر لەسەر ئاستی کوڕان و کچانە، لەسەر ئاستی پێشکەوتووانی کوڕان ماوەی پێشبڕکێکە 15 کیلۆمەترە، ئاستی کچان و تازەپێگەیشتووانی کچان 10 کیلۆمەترە. 

 ژمارەیەک یاریزانی پایسکلسواری لە ئێران داوای بەشداریکردنیان کردووە، ئەمەش توانا و هێزی زیاتر بە پێشبڕکێکە دەبەخشێت، لە هەرێمی کوردستان رۆژانە گرووپەکانی یاریی پایسکلسواری شاخەوانی زیاد دەکات، ئێمە دەمانەوێت بەشێوەیەکی یاسایی و ئەکادیمی یارییەکە بڵاوبکەینەوە و کاری گرووپەکان رێکتر بێت، ئەم یارییە سیمایەکی جوانتری ژینگەی کوردستان پیشاندەدات و لە رووی گەشتیارییەوە لە داهاتوو سوودی خۆی دەبێت.  

بەردەوام پایسکلسوارانی هەرێمی کوردستان ئاستێکی بەرزییان لە پێشبڕکێکانی عێراق پیشانداوە، ئێستا 3 یاریزانی کوردستان لە ریزی هەڵبژاردەی پایسکلسوارانی عێراقن کە بریتین لە محەممەد عەلی، داهات کاوە لەگەڵ وەهبی سلێمان، بڕیارە بەشداری پاڵەوانێتیی ئاسیا لە کازاخستان بکەن. 

فیدراسیۆنی پایسکلسواریی کوردستان یارییەکانی پاڵەوانێتیی پایسکلسواریی شاخەوانی بە دوو قۆناخ تەواو دەکات، یارییەکانی قۆناخی یەکەم لە هەولێرە و قۆناخی دووەم هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە لە کام شارە، بەڵام پلانی ئەوەش داندراوە چالاکییەک لە شاری کەرکووک ساز بکرێت.

ھەواڵی زیاتر