زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

* فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید: ریال مەدرید بووەتە بەشێکی ژیانی هاندەرەکانی، سوپاسی هەموو ئەو یاریزانانە دەكەم کە ئێستا بەشێکن لە مێژووی یانەکە، ئەوان ناسناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیایان بردەوە، بەڵام هێشتان تێنوی سەرکەوتنن، سوپاسی ستافی ڕاهێنەران و کارلۆ ئانچێلۆتی دەکەم کە یەکێکە لە گەورەترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی ئێمە. 

* فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید: ئەمە 36ـمین نازناوی لالیگایە، مێژوو ناچارمان دەکات بەردەوام بین لە بردنەوە. شەوێکی دیکەی ئەفسوناویمان لە بێرنابیۆ لە ڕۆژی چوارشەممەدا ئەزموون کرد. ڕۆحمان دەبەخشین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە ئێرە و ناسناوی ژمارە 15ـی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنین.

* فلۆرێنتینۆ پێرێز: ناسناوی ئەمجارەی چامپیۆنزلیگ بۆ ئێمە و هەموو هاندەرانی ریاڵ مەدرید زۆر تایبەتە، هەموو ئەو شتانەی بەدەستمان هێناوە لە سایەی ماندووبوون و خۆنەویستی و یارییەکی دادپەروەرانە بووە. ئێستا 122 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ریاڵ مەدرید تێدەپەڕێت و ئێستا ئەم یانەیە بەناوبانگترین یانەی جیهانە. هەرچەندە ژمارەیەکی بەرچاو لە یاریزانەکانمان تووشی پێکان بوون، بەڵام تیپەکە بە باشی وەستا و بەرگری هەموو شتێکی کرد. پێکانەکانی کۆرتوا و میلیتاو و ئالابا نموونەی ڕوونن و ئەم تیپە لەم بارودۆخانەدا سەرکەوتوو بوو.

* تۆماس توخێل راهێنەری یانەی بایرن میونشن: بەهۆی یارییەکەی ریاڵ مەدرید، چوار یاریزانمان تووشی پێکان بوون. هاری کەین لە پشتی هەستی بە ئازار کردووە، سێرج گێنابری ئەو یاریزانەش پێکانی هەیە و ئەستەمە بتوانێت بەشداری یۆرۆی داهاتوو بکات. لێرۆی سانێ ئەو یاریزانەش پێکانی هەیە و پێناچێت بتوانێت بەشداری یاریی داهاتووش بکات، جەمال موسیالاش لەوەتەی یارییەکەی بەرامبەر ئارسێناڵ ئازاری هەیە، ئەو یاریزانەش هاوشێوەی هاوڕێیەکانی دیکەی جارێ ناتوانێت بگەڕێتەوە یاریكردن.

* رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا: فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید بەرپرسانی یانەکەی راسپاردووە، بۆ ئەوەی کار لەسەر گواستنەوەی ناوەراستكاری لیڤەركووزن ڤێرتز بکەن، پلانی ریال مەدرید بۆ ئەوەیە ئەم یاریزانە بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 بگوازنەوە، نایانەوێت بۆ وەرزی داهاتوو ئەو بەهرەدارە لە چنگ چابی ئاڵۆنسۆی راهێنەری یانەکەی دەربێنن، ئەمەش لە كاتێكدایە فلۆریانی تەمەن 21 ساڵان ئەم وەرزە لە کۆی 46 یاریی توانیویەتی 18 گۆڵ بۆ یانەکەی تۆمار بکات.

* لويز ئێنریكی راهێنەری پاریس سانجێرمان: ئێمباپێ یانەی داهاتوو خۆی ئاشكرا نەکردووە، بەڵام پێموابێ هەمووان دەزانن ئامانجی ئەو یاریزانە بۆ داهاتوو کام یانەیە، ئێمەش هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و رێز لە بڕیارەکەی دەگرین.  

* لویز ئێنریكی راهێنەری پاریس سانجێرمان: هەموومان ماوەیەکی زۆرە ئاگاداری ئەوە بووین ئێمباپێ دەیەوێت پاریس جێبێڵێت، ئێمە دڵنیان وەرزی داهاتوو بەهێزتر دەبین و ئەو قسەیەی منتان لەبیر بێت، وەرزی داهاتوو پاریس سانجێرمان بەهێزتر دەبێت. ئێمە هیچ گومانێکمان نیە وەرزی داهاتوو دەتوانین لەسەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان رکابەرێکی باشتربین.