سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید بەڵێنی گەورە دەدات

ئەمڕۆ یاریزانانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، دوای مسۆگەر کردنی ناسناوی خولی ئیسپانیا لە کامپی ڤالدێبێباس جامی خولی ئەمساڵیان بەرزکردەوە و پاشان بەرەو گۆڕەپانی سبیلیس بەرێکەوتن بۆ ئەوەی لەگەڵ هاندەرانی یانەکەیان ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن.

لە مەراسیمی پێشکەش کردنی جام و خەڵاتەکانی ئەم وەرزە خولی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید بەڵێنێکی گەورەی بە هاندەرانی یانەکەدا و هاندەرانی یانەکەشی زیاتر گەشبین کرد.

پێرێز لە مەڕاسیمەکەدا گووتی ” ریاڵ مەدرید بووەتە بەشێکی ژیانی هاندەرەکانی، دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو یاریزانانە بکەم کە ئێستا بەشێکن لە مێژووی یانەکە، ئەوان ناسناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیایان بردەوە، بەڵام هێشتان تێنوی سەرکەوتنن، هەروەها سوپاسی ستافی ڕاهێنەران و کارلۆ ئانچێلۆتی دەکەم کە یەکێکە لە گەورەترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی ئێمە. ئەمە لالیگا 36ـمینە و مێژوو ناچارمان دەکات بەردەوام بین لە بردنەوە. شەوێکی دیکەی ئەفسوناویمان لە بێرنابیۆ لە ڕۆژی چوارشەممەدا ئەزموون کرد. ڕۆحمان دەبەخشین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە ئێرە و ناسناوی ژمارە 15ـی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنین ”.

سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گووتی ” ئەم ناسناوە زۆر تایبەتە بۆ هەموو هاندەرانی ریاڵ مەدرید، هەموو ئەو شتانەی بەدەستمان هێناوە لە سایەی ماندووبوون و خۆنەویستی و یارییەکی دادپەروەرانە بووە. ئێستا 122 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ریاڵ مەدرید تێدەپەڕێت و ئێستا ئەم یانەیە بەناوبانگترین یانەی جیهانە. ئەمساڵ تیپەکەمان بە ئاستەنگی زۆردا تێپەڕی. ژمارەیەک بەرچاو لە یاریزانەکانمان تووشی پێکان بوون، بەڵام تیپەکە بە باشی وەستا و بەرگری هەموو شتێکی کرد. پێکانەکانی کۆرتوا و میلیتاو و ئالابا نموونەی ڕوونن و ئەم تیپە لەم بارودۆخانەدا سەرکەوتوو بوو ”.