مارسێلۆ: ناسناوی لیبه‌رتادۆس گرنگترین ده‌ستكه‌وت بوو له‌ ژیانمدا

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

مارسێلۆی یاریزانی به‌ڕازیلیی یانه‌ی فلۆمێنزی، بردنه‌وه‌ی ناسناوی جامی لیبه‌رتادۆسی به‌ گرنگترین ده‌ستكه‌وتی ژیانی ناو برد له‌گه‌ڵ ئه‌و یانانه‌ی یاریی له‌گه‌ڵ كردوون.
یانه‌ی فلۆمێنێزی بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی خۆیدا توانی ناسناوی جامی لیبه‌رتادۆس (یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌مریكای باشوور) بباته‌وه‌، دوای بردنه‌وه‌ی له‌ یانه‌ی بۆكاجۆنیۆرزی ئه‌رژه‌نتینی، كه‌ له‌ كاتی یاسایی یارییه‌كه‌دا 1-1 یه‌كسان بوون و له‌ دوو نیوه‌كاتی زیادكراودا گۆڵی بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد.
مارسێلۆی ته‌مه‌ن 35 ساڵان بۆ تۆڕی ئێسپن رایگه‌یاند: له‌ ریاڵ مه‌درید تێت ده‌گه‌یشتن، ئه‌مه‌ گرنگرتین ناسناوه‌ له‌ كاروانی یاریكردنم له‌سه‌ر ئاستی یانه‌كان، چونكه‌ یانه‌كه‌ منی بنیات نا و چاودێریی كردم.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، مارسێلۆ ڕایگه‌یاند: ناسناوێكی گرنگم له‌گه‌ڵ تیپی هه‌ردڵپه‌سه‌ندم برده‌وه‌، كه‌ هه‌موو شتێكی بۆ بنیاتنانی به‌ من به‌خشی، هیچ شتێك له‌و ناسناوه‌ گرنگتر نییه‌ و به‌ دراو و پاره‌ به‌راورد ناكرێ و هه‌ڵناسه‌نگێندرێ.
هاوكات له‌ لێداونێكدا بۆ كه‌ناڵی گڵۆبۆی به‌ڕازیلی، ڕایگه‌یاند كه‌ خۆشحاڵه‌ له‌و یانه‌یه‌ی لێوه‌ی پێگه‌یشت و دوای كاروانێكی سه‌ركه‌وتووی ئه‌ورووپی، بۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. وتیشی: سه‌ره‌ڕای ڕه‌خنه‌كان زۆر ده‌كۆشم، ئێسته‌ تیپه‌كه‌ له‌ كاتی خۆشی و ئاهه‌نگگێڕاندایه‌.
بۆ بیرهێنانه‌وه‌، مارسێلۆ 16 وه‌رز یاریی بۆ ریاڵ مه‌درید كرد، له‌و ماوه‌یه‌دا 5 ناسناوی چامپیۆنس لیگ، 6 ناسناوی خولی ئیسپانی، 5 ناسناوی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا و چوار ناسناوی مۆندیالی یانه‌كان و سێ ناسناوی جامی سوپه‌ری ئه‌ورووپا و دوو ناسناوی جامی شای ئیسپانیای برده‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر